رۆژنامەی ھەولێر

بانکی جیهانی نۆسەد ملیۆن دۆلاری بۆ بووژاندنەوەی ڕێگا تڕانزێتییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان تەرخان کرد

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

هەرچەندە هەرێمی کوردستان لە ڕێگاوبانەکانی دەرەوەی شار بە تایبەتی لە دەیەی ڕابردوودا گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە بەڵام دۆخەکە لە عێراق زۆر جیاوازە و ژێرخانی ڕێگاوبانی عێراق وێرانە و حکوومەتی فیدراڵی لە دەیەکانی ڕابردوودا گرنگییەکی ئەوتۆی بە پەرەپێدانی ڕێگا سەرەکییە بازرگانییەکان نەداوە، لە کاتێکدا زۆربەی کەرتی بازرگانی و گواستنەوەی عێراق پشت بە ڕێگا سەرەکییە بازرگانییەکان دەبەستێت و سەرووی لەسەدا نەوەدی بازرگانیی ناوخۆیی لە عێراق پشت بە ڕێگای وشکانی دەبەستێت.

بانکی جیهانی تەرخانکردنی ئەو بڕە پارەیەی بە فەرمی پەسند کردووە و ئامانجیەتی پاڵپشتی لە پەرەسەندنی ڕێگا تڕانزیتییەکانی عێراق بکات چونکە ئەو کەرتە بە بڕبڕەی پشتی گواستنەوەی ناوخۆیی عێراق دادەنرێت و ئەگەر عێراق ئامانجی بێت لە درێژخایەندا ئابوورییەکەی گەشە بستێنێت ئەوا هیچ چارەیەکی نییە جگە لەوەی کە پەرە بە ڕێگا بازرگانییەکانی بدات.
ئەو ڕێگا سەرەکییانەش کە لە ڕابردوودا هەبوون هەمووی تێکچوون و حکوومەت نەیتوانیوە نۆژەنیان بکاتەوە و گواستنەوەی بازرگانی بە پشتبەستن بەو ڕێگایانە سەلامەت نەبووە و زۆربوونی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لەم ڕێگا سەرەکییانە ئەم راستییە دەسەلمێنێت.
بەگویرەی بەیاننامەیەک کە میدیای فەرمیی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق بڵاوی کردەوە پڕۆژەی ڕێگا سەرەکییە بازرگانییەکانی عێراق بەسەر دوو زۆندا دابەش بوون بەشی یەکەمیان کە بە ئۆتۆبانی E2 ناسراوە باشوور بە بەغدا پاشان بە تورکیا گرێ دەدات زۆنی دووەم بە E1 ناسراوە و ڕۆژهەڵاتی عێراق بە ڕۆژئاوا، بەغدا بە سووریا و ئوردن دەبەستێتەوە.
بە جێبەجێکردنی ئەم ڕێگایانە پێشبینی ئەوە دەکرێ وەبەرهێنان لە هەر دوو دیوی ڕێگا سەرەکییەکان پەرە بستێنێت و کەرتی تایبەت بەشدارییەکی چالاکانەی هەبێت، نزیکەی هەشت ملیۆن کەس لە هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان کە لە نزیک ڕێگاکە هەڵکەوتوون، سوودمەند ببن. بەگشتی ئامانجە سەرەکییەکە ئەوەیە ئۆتۆبانەکان، بەغدا و هەرێمی کوردستان و تورکیا و ئوردن و سووریا بە یەکتر ببەستنەوە و پڕۆسەی بازرگانی لە نێوانیاندا زۆر ئاسان و خێراتر ببێت.
لە قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکەدا بودجەی پێویست بۆ بنیاتنان و نۆژەنکردنەوەی بەشێک لە ڕێگای E1 تەرخان دەکرێ و هاوکات ژمارەیەک شەقامی سەرەکیی هەرێمی کوردستانیش پەرەیان پێ دەدرێت و جگە لەمە بودجە بۆ قۆناغی یەکەمی ڕێگای E2 تەرخان دەکرێت.
ژان کریستۆف کارە بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی نیوەڕاست لە بانکی جیهانی پێداگری کردووە ئەم پڕۆژەیە یارمەتیدەرێکی زۆر باش دەبێت بۆ عێراق و بەهۆیەوە دەتوانێت بەشێکی سەرەکی لە کێشەکانی پەیوەندیدار بە ڕێگاوبانەکان چارەسەر بکات و شارەکان بە بازاڕەکانی جیهانی گرێ بدات.
جێبەجێکردنی پڕۆژەکە لەسەر شانی فەرمانگەی ڕێگا و پردەکانی سەر بە وەزارەتی نیشتەجێکردن و ئاوەدانکردنەوەی عێراقە و دەستەیەک کە لە نوێنەرانی دامەزراوە نیشتمانییەکان و نوێنەرانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی پێکدێن چاودێریی ئەو پڕۆژە ستراتیژییە دەکەن.
هێشتا بە وردی دیار نییە لە هەرێمی کوردستان چ بەشێک لە ڕێگا تڕانزیتییەکان پەرەیان پێ دەدریت بەڵام ئەمە هەرێمی کوردستان دەخاتە قۆناغێکی نوێی گەشەسەندن و لە پاڵ ئەو پڕۆژە نوێیانەی لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ کراون یان لە جێبەجێکردندان، ژێرخانی گواستنەوەی بازرگانی لە کوردستان بە تەواوی دەبووژێننەوە.
یەکێک لە گرنگترین ئەو پڕۆژە ستراتیژییانەی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا خستوویەتە بواری جێبەجێکردن، ڕێگای هاملتۆنە کە هەولێر بە حاجی ئۆمەران گرێ دەدات و لە بەشێکی گرنگی ڕێگاکە تەواوی کراوە و گواستنەوە زۆر خێرا و ئاسان بووە بەڵام هێشتا چەند بەشێک ماوە کە پێویستییان بە بودجە هەیە بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێن.