شیڤان شێرزاد – هەولێر
“دیمەن ئیبراهیم” لە دەسپێکی خۆی خزاندنە نێو هونەری گۆرانی و ئاوازی کوردی، کلیپێکی تایبەتی بڵاوکردەوە، کە گوڵ بژێرێکە لە بەرهەمە نەمر و فۆلکۆرییەکانی “عەزیز شاروخ” و عەلی مەردان و چەند هونەرمەندێکی دیکە.
“دیمەن ئیبراهیم” لەو کلیپەیدا هەوڵیداوە بە ستایلێکی نوێ ئەو گۆرانیانە بڵێتەوە، کە تەمەنێکە بەزیندوویی لە نێو عاشقانی گۆرانی کوردی دا ماونەتەوە و ئەو دەیەوێت جارێکیتر وەک بەهرەمەندێک و عاشق بە هونەر بە هەڵپەڕکێ و دەستێک جلی کوردی گۆرانیە کۆنەکان بخاتەوە بەر گوێچکەی خەڵکی هونەردۆستی کوردستان.
سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی گوڵبژێرەکەشی بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: هەڵبژاردنی کۆپڵەکانی ئەو گۆرانیانەی، کە لە ڕابردوودا گوێچکەی هەموومان پڕ کردووە لە میوزیک و یادگاری تاڵ و شیرین، حەزێکی منداڵیم بووە و لە دوای دەرفەت دەگەڕام، کە بوارم پێبدرێت بە ستایلێکی تایبەت جارێکیتر و کەمێک دەستکارییەوە لە ئەلبوومێک یان گوڵبژێرێکی لەم شێوەیەدا بیڵێمەوە، بەتایبەت ئەو بەرهەمە فۆلکلۆرییانەی دەمێکە عاشقم پێیانەوە، کە لە سەردەمێک دا گوتراون هێشتا چێژبەخشن و لە دڵی هەموواندا زیندوون و بە نەمری ماونەتەوە، بۆیە وەک دیاری جەژنانە بە ڤیدیۆ کلیپ بڵاوم کردەوە.
گوتیشی: جگە لە گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان، چەند بەرهەمێکی دیکەم لە پڕۆگرام و ئاهەنگە تایبەتەکاندا گوتووەتەوە، کە ئەوان جیاوازن لەگەڵ ئەو بەرهەمەی ئێستام، بەشێک لە شارەزایانی هونەری گۆرانی و ئاوازی کوردیش پێیان وایە لەگەڵ ستایلی هونەرمەندانی ئێستا نزیکم و دەتوانم ئەدای جوان بۆ گۆرانیەکان بکەم، بۆیە دەمەوێت لە داهاتوودا چەند بەرهەمێک بەشێوەی سوپڕایز پێشکەش بە خەڵکی هونەردۆستی کوردستان بکەم.

