ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
ئینریکی ڕیکێلمی، بارزگانە گەنجەكەی ئیسپانیا و ركابەری نوێی فلۆرێنتینۆ پێرێز بۆ پۆستی سەرۆکایەتی یانەی ڕیال مەدرید، لە نوێترین چاوپێكەوتنی دا باسی ململانێی توندی ئەم دواییەی ریال مەدرید دەكات، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات دژی گەڕانەوەی جۆزێ مۆرینیۆیە بۆ راهێنەرایەتی ریال مەدرید لە بەرامبەردا دوو بژاردەی دیكەی هەیە بۆ شوێنگرەوەی ئالڤارۆ ئاربێلوا.
گەنجێك ركابەری فلۆرێنتینۆ پێرێز دەكات
ئینریكێ ریكێلمی سەرمایەدارێكی ئیسپانییە و دەیەوێت لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ریال مەدرید ركابەری فلۆرێنتینۆ پێرێز بكات، ئیكەر كاسیاس پاڵپشتی ئەو ئەو سەرمایەدارە دەكات.
ئینریكێ ریكێلمی هاندەرێكی سەرسەختی ریال مەدریدە و ئەندامی فەرمی مەدریدێستایە و ئامادەی زۆرینەی یارییە گرینگەكانی یانەكە دەبێت و سپۆنسەری تیمی رافای پێشبڕكێكانی یەختی كارەباییە.
ریكێلمی جگە لەوەی زۆر حەزی لە وەرزشی فۆرمولا وەن و گۆڵفە، بەڕێوبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای كۆكسە كە لە بواری وزەی خاوێن لە ئەمریكای لاتین كار دەكات و یەكێكە لە 100 كاریگەرترین كەسەكانی ئەو كیشوەرە.
پێشتریش بڕیاربوو ئینریكێ ریكێلمی لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2021 ركابەری فلۆرێنتینۆ پێرێز بكات، بەڵام دواتر كشایەوە و هەوڵیدا پۆستێكی ئیداری لە نێو ریال مەدرید وەربگرێت بەهۆی ئەوەی زیاتر لە 20 ساڵە ئەندامی فەرمی یانەكەیە و باوكیشی لەنێو ئیدارەی ریال مەدرید پۆستی هەبووە و سەرجەم ئەو مەرجانەی كە پێرێز لە دوایین جار هەمواری كردەوە لە ئینریكێ ریكێلمی بوونی هەیە.
فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆكی ریال مەدرید لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رایگەیاند دەست لەكار ناكێشێتەوە بەڵكو داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی كرد و داوایكرد كێ ركابەری دەكات با بێتە نێو ركابەریكردنی.
بە گوێرەی پێگەی كۆپێ ئیسپانیا، ئێنریكی ریكیلمی تەمەنی 37 ساڵ، لە لایەن سێرخیۆ رامۆس، میگێل تۆرێس و فێرناندۆ سانز و رافاییل نادالیش پاڵپشتی دەكرێت بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆكی داهاتووی یانەی ریال مەدرید.
“ریال مەدرید شكۆی جارانی نەماوە”
ئێنریكی ڕیکێلمی بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ریال مەدرید، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئاسی ئیسپانی ڕایگەیاند هەرچەندە ریال مەدرید تا ئەم كاتەش بەناوبانگترین یانەی جیهانە و لە پێشەنگی یانەكانی جیهانیش دێت، بەڵام نكۆڵی لەوەش ناكرێت یانەكە لەم چەند ساڵەی رابردوو تووشی هەڵبەز و دابەز و لەرزین بووە.
ریكێلمی گوتیشی: ئەوەی پێشتر بەدەستهاتووە تەواوكەری ئەو میراتە مێژووییەیە كە پێشتر بنیات نراوە و ناكرێت هەمووی تەنیا لە یەك كەس كورتبكرێتەوە، بەڵام ئەگەر بمانەوێت وەک بەهێزترین براندی وەرزشی لە جیهاندا بمێنینەوە، پێویستمان بە گۆڕانکاری هەیە، نابێت چیتر ریال مەدرید ببێتە قوربانی ململانێی تاكەكەسی، چونكە بەڕوونی هەستپێكراوە ململانێی کەسی و بەرژەوەندی تایبەت، كەوتووەتە پێش بەرژەوەندییەکانی ریال مەدرید.
ڕیکێلمی رەخنەشی لە شێوازی مامەڵەكردنی فلۆرێنتینۆ پێرێز گرت كە لە چەند ساڵی رابردوو كەشێكی بەریەككەوتنی توندی لەگەڵ دەورووبەری دروست كردووە، لەمبارەیەوە دەڵێت: ناتوانین لەگەڵ هەمووان ناکۆک بین، ڕاستە دەبێت بە توندی ڕووبەڕووی هەر کەسێک ببینەوە کە هەوڵی زیانگەیاندن بە ڕیال مەدرید دەدات، بەڵام ناكرێت ئەو هەمووە دەرگایە ناكۆكییە بەڕووی خۆماندا بكەینەوە و قەیران دروست بكەین.
ریكیلمی: راگەیاندنی ئەو هەموو جەنگە لەگەڵ دامەزراوە وەرزشییەكان و یوێفا و فیفا و دژایەتی یانەیەكی دیاریكراو، دەبێتە هۆی ئەوەی قەیرانی نێوخۆیی لێبكەوێتەوە، كۆنترۆڵنەكردنی ژووری جلگۆڕینش بەهۆی ئەو قەیرانانەیە كە ریال مەدرید لەگەڵ دەورووبەرەكەی دروستی كردووە.
ئەو گەنجە بازرگانە لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: نابێت لە قەبارەی خۆی زیاتر گرینگی بە كەسی نێگرێرا بدەین، منیش لە كۆبوونەوەی دەستەی گشتی لە ساڵی 2024 پشتگیری ریال مەدریدم كردووە و بە پێویستم زانیوە بەدوادچوون بۆ دۆسیەی نێگرێرا بكرێت، بەڵام دەبێت ئێمە بیر لەوە بكەینەوە ریال مەدرید بەهێز بكەین، پێویستیمان بەوە نییە كارێك بكەین بۆ ئەوەی لێمان بترسێن، ئێمە دەبێت تەنیا خۆمان بەهێز بكەین و خۆشمان بە هیچ كەس و لایەك بەراورد نەكەین، جیاوازییەكی گەورەش لە نێوان ریال مەدرید و بارسێلۆنادا هەیە.
بەڵێنێكی گەورە بە هاندەرانی ریال مەدرید دەدات
ئێنریکێ ریکێلمی بەربژێری پۆستی سەرۆکایەتی یانەی ریاڵ مەدرید، بەڵێنی گەورە بە هاندەرانی یانەکەی دەدات، بیرۆكەی گەڕانەوەی جۆزێ مۆرینیۆ ڕەتدەكاتەوە و هەوڵ بۆ راهێنەرێك دەدات كە دڵی هەموو هەوادارانی یانەكە خۆش دەكات.
بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو و پێش دەستپێکردنی یارییەکانی مۆندیالی 2026، هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی یانەی ریاڵ مەدرید بکرێت، ئێنریکێ ریکێلمێ یەکێک لە دوو بەرژێرەکانی بۆ بەدەستهێنانی کورسی سەرۆکایەتی یانە شاهانەکە، ئەو بازرگانە ئیسپانیە لە ئێستاوە بەڵێنی گەورە بە هاندەرانی یانەکەی دەدات و ئامادەیە لە ئەگەری دەرچوونی وەکو سەرۆکی یانەی ریاڵ مەدرید، یۆرگێن کلۆپ یان رائول گۆنزالێس وەکو راهێنەری یانەکەی دەست نیشان بکات.
ئەم بەڵێنانەی ئێنریکێ ریکێلمێ بەربژێری پۆستی سەرۆکایەتی یانەی ریال مەدرید لە کاتێکدایە، دەنگۆیەکی بەهێز هەیە کە وەرزی داهاتوو جۆزێ مۆرینیۆ ببێتە راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید، پێشتریش لەلایەن فلۆرێنتینۆ پێرێز هەوڵی زۆر دراوە بۆ رازیکردنی یۆرگێن کلۆپ، بەڵام ئەو راهێنەرە ئەڵمانییە بە هیچ شێوەیەک ئامادەنیە ببێتە راهێنەری ئەو یانەیە.
یۆرگێن کلۆپ لەوەتەی ساڵی 2023 پۆستی راهێنەرایەتی یانەی لیڤەرپوولی جێهێشتووە، راهێنەرایەتی هیچ یانەیەکی نەکردووە، لە لایەكی دیكەیشەوە رائول گۆنزالێز ئێستا راهێنەری تیپی دووەمی یانەی ریاڵ مەدریدە.
بڕیارە رۆژی حەوتی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی یانەی ریاڵ مەدرید بکرێت، دوای بەڕێوەچوونی پێنج خولی هەڵبژاردن بەبێ کێبڕکێیکردن، بۆ جاری یەکەم دوای نزیکەی 20 ساڵ دوو کەس کێبڕکێی لەسەر پۆستەکە دەکەن.

