ئارام كۆشكی – سلێمانی
زۆرجار تێنەگەیشتن؛ وەکو ئەوە وێنا دەکرێت تەنها کێشەیەکی هۆشەکی بێت، ئەگەرچی بەشێک لە “تێنەگەیشتن” بۆ کێشەی هۆشەکی بگەڕێتەوە، بەڵام من لێرەدا و لە ناوکۆیی ئەم وتارەدا تێنەگەیشتن وەکو کێشەیەکی هۆشەکی نابینم، بەڵکو وەکو “هونەری خۆگێلکردن”، یان “هونەری گەمژەیی” دەیخەمەڕوو، چونکە بەشێکی زۆر لە تاکەکان لە هەموو ئاستە جیاوازەکاندا کێشەی تێنەگەیشتنیان هەیە، بەوەی زانیاریی و مەعریفەیان لەسەر ئەو بابەتە نییە و تاڕادەیەک ئەمە ئاساییە، بەڵام بەشێکی دیکە تاڕادەیەک ئاگاداری ئەو بابەتەن، بەڵام هەوڵی تێنەگەیشتن دەدەن لێی، چونکە سوود لە هونەری خۆگەمژەکردن دەبینن، وەکو جۆرێک لە بەلاڕێدابردنی پرسێک، یان بابەتێک بۆ کەمکردنەوەی ئەو بەهایەی کە هەیەتی، کە ئەمەش زیاتر وەکو نەخۆشییەکی سەردەم دەبینرێت.
ئەگەر لای ئالان دۆنۆ-ی فەیلەسووفی فەرەنسی ئەم سەردەمە، سەردەمی پڕوپووچی بێت، ئەوا من ناوێکی تریشی بۆ زیاد دەکەم و ناوی دەنێم سەردەمی تێنەگەیشتن، یان خۆگەمژەکردن و خۆگێلکردن. ئەمە لەپێناو بەلاڕێدابردنی ڕاستییەکان و نادیدەگرتنی توانا و بەرهەمی ئەوانی تر و شکاندنی بەری ڕەنجی مرۆڤگەلێک کە ساڵانێک بۆ ئەو بەرهەم و کارە سووتاون تا بێتە بەرهەم. لێرەوەیە دەتوانین بڵێین ڕەنگە هیچ سەردەمێک هێندەی ئێستا قەیرانی تێنەگەیشتن و بەلاڕێدابردن و خۆگێلکردن نەبین. سەردەمێک ئەم سێ چەمکە بە قووڵی ئیشی تێدا دەکەن و باڵادەستیان بەسەر زۆرێک لە بوارەکاندا هەیە. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە، کە تەنها فەزای گشتی گیرۆدەی ئەم تێنەگەیشتنە نییە، بەڵکو فەزای نوخبە و ڕۆشنبیریش بەهەمان شێوەیە و وەکو پەتایەکی کوشندە بە هەموولایەکدا تەشەنەی سەندووە، بۆیە پڕکێشی ئەوە دەکەم بڵێم لەم سەردەمەدا هونەری تێنەگەیشتن و خۆگەمژەکردن لە برەودایە.
هەفتەی پێشوو وتاری نووسەرێکم خوێندەوە سەبارەت بە شیعری شاعیرێک، (کە ساڵانێکە وازی لە شیعر هێناوە و ئێستا میدیاکارە و شاعیربوونی بۆ گرنگ نییە)، بەڵام نووسەرەکە بەزۆر مەدالیای شاعیریی بە سنگدا هەڵواسیوەتەوە و ئەمەش لەپێناو ئەوەدا نییە کە ڕەخنەی شیعریی ئەم شاعیرە بکات، بەڵکو لەپێناو ئەوەی لەڕێی ئەم شاعیرەوە هێرش بکاتە سەر کۆمەڵێک نووسەر و بەرهەمی دیکە کە بەشی زۆریان شیعر نەبوون، بەڵام وەکو ئەوەی سەنگەری دیکەی دەست نەکەوێت ڕەخنە بگرێت هەر لە هەمان وتاردا کەوتووەتە ڕەخنەکردنی ڕۆمانی نووسەرێکی بواری گێڕانەوە. ئەمە لە کاتێکدا کە (بەحساب) ئەو ڕەخنە لەبارەی شیعرەوە دەنووسێت.
کاتێک ڕەخنەکەی ئەم نووسەرەم بینی، یەکەم شت هاتە خەیاڵم ئەوە بوو، کە ئەم نووسەرە بۆ نووسینەکەی پشتی بە میتۆدی “هونەری تێنەگەیشتن”، یان میتۆدی “بەخۆگەمژەکردن و خۆگێلکردن” بەستووە و دەیەوێت لەڕێگەی ئەمەوە هەم خۆی و هەم خوێنەر بەلاڕێدا بەرێت تا ڕاستی کارێکی هونەری و ئەدەبی بەرز ون بکات. هونەری تێنەگەیشتن؛ هونەری ستایشی بەرهەمی خراپ و نزمکردنەوەی ئاستی بەرهەمی داهێنەرانەیە بۆ ئاستی بەرهەمی خراپ. هونەری تێنەگەیشتن؛ هونەری فریودانی خوێنەر و بینەرە تا بەرهەمی ئاستنزمیان بە ناوی شاکار پێ بناسێنرێت و هەوڵی شکاندنی بەرهەمی داهێنەرانیش بدرێت.
ئەگەر خاڵی کۆتایی ڕوونتر بکەینەوە دەتوانین بڵێین؛ یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی مامۆستایانی هونەری تێنەگەیشتن ئەوەیە کە خوێنەر/ گوێگر بەلاڕێدا دەبەن و ئەو وێنە ڕاستەقینەیەی لەبەرچاودا دەشێوێنن و وێنەیەکی ئاوەژووی پیشان دەدەن. ئامانجێکی دیکەی پشت هونەری تێنەگەیشتن کەمکردنەوەی بەهای ئەو دەق و کارە هونەرییانەیە کە لە بازنەکەی ئەواندا جێگەی نابێتەوە، چونکە ئەوان ناوشیارن بەوەی هونەر و ئەدەب لە یەک بازنەدا جێگەی نابێتەوە و ئەوەی حوکمی تێدا دەکات بێسنووریی و ئاسۆفراوانییە، نەک داخستنی ئاسۆکان و قەتیسکردنی بیرکردنەوە.
خاڵێکی گرنگ کە لێرەدا ئاماژەی پێ بکەین ئەوەیە کە کەسی “نەزان” جیاوازە لەو کەسەی لەنێو بازنەی “هونەری تێنەگەیشتن”دایە، چونکە کەسی نەزان هەرچی بڵێت لە نەزانییەوە دەیڵێت، بەڵام کەسانێک کە لەنێو هونەری تێنەگەیشتن و خۆگەمژەکردندا کار دەکەن. شارەزاییەکی سەرەتایی یان مامناوەندیان هەیە، بەڵام بۆ بەلاڕێدابردن و تێنەگەیشتن و خۆگەمژەکردن بەکاری دەهێنن، نەک بۆ دەرخستنی توانای ئەوانی تر و پیشاندانی داهێنان و بەرهەمی نووسەران.
خاڵێک کە جێگەی دڵخۆشییە، ئەوەیە کە بەرهەمی داهێنان هەرگیز بە هونەری بەلاڕێدابردن شکۆی کەمناکرێتەوە، ئەگەر بۆ ساڵانێکیش کەنارگیر بکرێت و بکەوێتە پەراوێزەوە، بەڵام ڕۆژانێک دێت بدرەوشێتەوە پێگەی ڕاستەقینەی خۆی بەدەست بهێنێتەوە، بەڵام ئەوەی هەرگیز توانای گەشەی نییە، بەرهەمی لاواز و تێکشتگەلی ستایشکراوی بۆشە، کە هەرگیز توانای مانەوەیان نییە و بەرگەی زەمەن ناگرن.

