رۆژنامەی ھەولێر

دیدێكی زمانەوانی بۆ كتێبی ڕێسایەكانی زمانی كوردی

سەدیق سەعید ڕواندزی

 

بێگومان لە نەبوونی زمانێكی پەیڕەوكراوی ستانداری كوردیدا، كە وەك زمانی فەرمیی نەتەوە بناسرێت و پەیڕەو بكرێت و ببێتە زمانی كارپێكراوی دەوڵەت، ئەوا شێوە جیاوازەكانی چۆنیەتیی نووسین و دیاریكردنی ڕێسایەك بۆ زمان دەردەكەون و ئەم ڕێسایانەش گەلێك جار زادەی تێڕوانینی كەسین و لە بنەڕەتدا دیاریكردنی زمانی ستاندار و یەكگرتووش، ئەركی نووسەرێك نییە گەر زمانزان و شارەزایەكی زۆریشی لە بارەی زمانەوە هەبێت، بەڵكو ئەمە ئەركی دامەزراوە ئەكادیمی و پلانی فەرهەنگی وەزارەتی ڕۆشنبیرییە، كە بە ڕاوێژ یەك شێوەی زمان دیاری بكەن، چونكە ئەستەمە لە نەبوونی دەوڵەتی نەتەوەییدا، سەربەخۆییی زمان پارێزراو بێت، بەو پێیەی زمانی نەتەوە، بنەما و سەروەریەكی دیكەی نەتەوەییە.
لەو سۆنگەیەوە گەر سەرنج بدەین، دەبینین زۆربەی هەرە زۆری ئەو كتێبانەی لە بارەی زمانەوە دەنووسرێن هەڵەیان تێدایە، چونكە پەیوەندی بەو دیدگا كەسییەوە هەیە، نەك دامەزراوەیی زمانی و زانستی، ئەمە وێڕای ئەوەی ئەم جۆرە لێكدانەوە كەسیانە، زمان دەشێوێنن و شێواز و چۆنیەتیی ڕێنووس كە دیاری دەكەن، بەهەڵەدا ئەیبن.
كتێبی (ڕێسایەكانی ڕێنووسی كوردی بە پێی چەند پێوەرێك) كتێبێكە دەربارەی دەستنیشانكردنی چەند ڕێسایەك، بۆ ئەوەی لە میانەی نووسیندا، پەیڕەو بكرێت و زمان بەرەو ئاراستەیەكی ستاندار و یەكگرتوو ببات، هەڵبەتە ناونیشانی كتێبەكە ڕوونە، بەڵام لە ناوەڕۆكدا، نووسەر تەنها باس لە دەنگ و بڕگەی زمان دەكات و هیچ شێوەیەكی نووسینی دیاری نەكردووە و ئەوشی دیاری كردووە هەڵەیە. نكۆڵی لەوە ناكرێت دەنگ و بڕگە، كە بچووكترین یەكەی پێكهێنەری زمانن گرنگن، بەڵام لە نووسین و دەربڕیندا، هیچ بایەخێكیان نییە، چونكە زمان لەو دوو حاڵەتەدا، جەخت لە ناوەڕۆك و مانا دەكاتەوە، نەك ئەوەی وشەكان چەند بڕگەیین و چۆن دەنگەكان دەقرتێنرێن! لەبەر ئەوەی لە نووسین و دەربڕیندا، گوتارەكە گرنگە كە مەبەست چییە و زمان چ پەیامێك دەگەیەنێت. بە نموونە گەر ئێمە لە شیعرێكدا وشەكانی (پێشمەرگە، شاخ، هەڵۆ) ببینین، ئەوا ئێمە لە سەر بڕگەكان ناوەستین، بەڵكو دیوی مانایی وشەكانمان لە ڕووی فەرهەنگی و هێماییەوە بۆ گرنگە، لێرەوەش بینبینی زمان تەنها لە ڕوانگەی بڕگەییەوە، وایكردوە نووسەر بە هەڵە لە چەند وشە و چۆنیەتیی نووسینیان بگات. نووسەر دەڵێت: ئاساییە بنووسرێت:_ (داییك _ مایین _ بییست) ئەم شێوازە لە نووسین هەڵەیە، لە زمانی كوردی هەرگیز ناوی دایك بە دوو پیتی (ی) نانووسرێت، چونكە ڕوونە كە ناو ناگۆڕدرێت، وێڕای ئەمەش ئەوەی شێوازی نووسین لە زمانی كوردیدا دیاری دەكات گۆكردنە، چونكە زمانی كوردی تاكە زمانە، نووسین و دەربڕینی هاوشێوەی یەكترییە و وشەیەك چۆن دەردەبڕدرێت، دەبێ بەو شێوەیەش بنووسرێت. بۆیە هیچ كام لە وشەكانی (داییك _ مایین _ بییست) لە كاتی گۆكردنیاندا پیتی (ی) درێژ نابێتەوە، بەڵام لە وشەكانی (ستاییش، زایین، نماییش) گەر سەرنج بدەین، لە كاتی دەربڕینیان پیتی (ی) ناڕاستەوخۆ درێژ دەبێتەوە، بەڵام ئەم بارە لە وشەی (دایك) نییە، كەواتە نابێ بە دوو پیتی (ی) بنووسرێت!
هەر لە درێژەی ڕێساكانی دیاری كردوون، ئەمجارەیان دەڵێت: (دەبێ وشە دووبارەكان هەردەم بەیەكەوە بلكێنرێن وەك: ( زمزم، هەنجهەنجن، كونكون) بێگومان ئەمەشیان زۆر هەڵەیە، چونكە وشە دووبارەكان تەنها ڕێنووس نین، بەڵكو پەیوەندییان بە گۆكردنیشەوە هەیە و گەر سەرنجیان بدەین دەبینین ئەم وشانە جۆرێك لە كردارین. بەو مانایەی كە دەڵێین: (زم زم، ئەنجن ئەنجن، كون كون، سەبر سەبر، كەم كەم ) ئەوا هەر تەنها وشەكە نا، بەڵكو كردارەكەش دووبارەیە و جۆرە پچڕان و قرتانێكی تێدایە، كەواتا نابێ ئەم وشانە بە یەكەوە بلكێنرێن، وەك ئەوەی نووسەری ئەم كتێبە دەیڵێت. لە بارەی ژمارەكانیشەوە نووسەر بڕوای وایە دەبێ بە یەكەوە بلكێنرێن واتا بنووسرێت: (حەفتملیار _ شەستترلیۆن_ هەشتهەزار) ئەم وشانەش هەڵەن، چونكە ئەم وشانە لە بنەڕەتدا، بنچینە زمانیەكەیان لێكدراو نییە، بەڵكو دوو وشەی ژمارەیی جیان لە یەكتری، بۆیە دەبێ بە سەربەخۆیی بنووسرێن. وێڕای ئەمانەش، نووسەر بە درێژایی كتێبەكەی ئەو وشانەی پیتی بزووینی (وو)یان تێدایە، بە یەك (و) نووسیوە و باوەڕی بە پیتی (وو) نییە! كەواتە دەكرێ تۆ ڕێسا بۆ زمان دابنێی، بەڵام پیتێكی سەربەخۆ و جیاواز فڕێ بدەیت و كاری پێ نەكەیت؟ دواجار دەڵێین زمان هەر تەنها بڕگە و پیت نییە، بۆیە نابێت لە یەك ڕوانگەوە زمان ببینین چونكە دەكەوینە هەڵەوە.

پەراوێز:
ناوی كتێب : ڕێسایەكانی ڕێنوسی كوردی بە پێی چەند پێوەرێك، نووسینی : كازم عەباس زەندی، بڵاوكراوەی : دەزگای موكریانی، زنجیرە (1105) ساڵی چاپ _ 2025.