رۆژنامەی ھەولێر

٨٥%ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای پرۆژەی ڕووناکییەوە کارەبای ٢٤ کاتژمێرییان هەیە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پڕۆژەی ڕووناکی کە لەلایەن سەرۆکی حکوومەتەوە بۆ دابینکردنی کارەبای بەردەوام ڕاگەیاندراوە، قۆناغی زۆر گەورەی بڕیوە، بەپێی ئامارەکان تا ئێستا ٨٥%ـی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان لە کارەبای ٢٤ کاتژمێری سوودمەند بوونە، ھەروەھا بەھۆی پڕۆژەکەوە ٥٩١٧ مووەلیدە کوژێنراونەتەوە.

کوردستان خاوەن ژێرخانێکی باشی کارەبایە و ئێستا خاوەن ھەشت ھەزار و ٢٠٠ مێگاواتە، ئەم بڕەش ئەگەر بەباشی بەکار بێت، دەتوانرێت کارەبایەکی خاوێنی ٢٤ کاتژمێری بۆ تەواوی کوردستان دابین بکرێت.
مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند بە مەبەستی گەیاندنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦. لە ئایاری ٢٠٢٦ـدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بەکۆی دەنگ بڕیاری پەسەندکردنی پڕۆژەکەی دا، کە وەک وەرچەرخانێکی ستراتیژی لە کەرتی وزە و خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا دەبینرێت.
وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، نزیکەی ٥.٥ ملیۆن ھاووڵاتی، لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی سوودمەندبوونە، لەچوارچێوەی ئەم ھەنگاوەش تەواوی ئیدارەکانی زاخۆ، سۆران و ڕاپەڕین، ھەروەھا قەزاکانی پیرمام، ئاکرێ، سیمێل و کۆیە کارەبای ٢٤ کاتژمێرییان بۆ دابین کراوە لەڕێگەی پڕۆژەی ڕووناکییەوە.
ھەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا ھاتووە، ھەموو ھاوبەشانی ماڵان کە دەبنە بەشێک لە پڕۆژەی ڕووناکی لەو ناوچانە لە داشکاندن بەڕێژەی ٥٠٪، ٢٥٪ و ١٥٪ لەسەر پسوولەی کارەبا بۆ سێ مانگی یەکەم وەک بەشێک لە قۆناغی ڕاگوزەری بۆ نرخە نوێیەکانی کارەبا سوودمەند دەبن، ھەروەھا زیاتر لە ٥٩٠٠ مووەلیدەی گازوایل لە گەڕەکەکان کوژێنراونەتەوە کە دەکاتە نزیکەی ٨٥٪ی کۆی گشتی مووەلیدەکانی کوردستان و تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦یش، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پلانیدایە زیاتر لە ٧٠٠٠ مووەلیدە بکوژێنێتەوە، ئەم ھەنگاوە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر پاراستنی ژینگە ھەبووە و ساڵانە ڕێگری لە دەردانی یەک ملیۆن و ١٢٧ ھەزار و ٤٣٠ تۆن دوانەئۆکسیدی کاربۆن دەگرێت.
سوودەکانی پڕۆژەی ڕووناکی ھاووڵاتییان پارە کەمتر دەدەن بە کارەبا لە کاتێکدا ٢٤ کاتژمێر کارەبایان ھەیە، ھاووڵاتی خۆی بەرپرسە لە بەکارھێنانی کارەبای خۆی، چەند کەمتر بەکاربھێنێت، کەمتر پارە دەدات، لەگەڵ پاککردنەوەی ژینگەی کوردستان لە ڕێگەی کوژاندنەوەی مووەلیدە ئەھلییەکان، حکوومەت بڕیارە پاڵپشتی زیاتری ئەو ماڵ و یەکە بازرگانییە بچووکەکان بکات، بەتایبەت بۆ ئەوانەی کەوا کارەبایەکی کەمتر بەکاردەھێنن.
پڕۆژەی ڕووناکی یەکێکە لە پڕۆژە ھەرە سەرکەوتووەکان، ھەر ئەوەش وای کردووە بەردەوام ھاووڵاتییان داوای پڕۆژەکە بکەن. سوودەکانی بۆ ھاووڵاتییان نرخەکەی بە گوێرەی نرخی جیھانییە، ڕەچاوکردنی ھاووڵاتییانی کەمدەرامەت کە وایت ئەمپێر خەرج دەکەن، نەھێشتی دووکەڵ و ژاوەژاوی مووەلیدە و پاککردنەوەی ھەوای کوردستانە، کارەبا بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دەگاتە ھاووڵاتییان، تێچووی زیاد بەکارھێنان کەم دەکاتەوە، ھەر بۆیە ئامانجی پڕۆژەکە ئەوەیە کە باشترین خزمەتگوزاری بە کەمترین تێچوو پێشکەش بە ھاووڵاتییان بکات.
شەو و ڕۆژ تیمەکانی پڕۆژەی ڕووناکی کۆچە و کۆڵانەکانی ھەرێمی کوردستان بەسەر دەکەنەوە و بەگوێرەی ئەو پلانەی دایاناوە گەڕەک و شوێنەکان دەست نیشان دەکەن و کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆیان دابین دەکەن. زۆرینە ھاوڕان لەسەر ئەوەی پڕۆژەی ڕووناکی خزمەتێکی گەورە و گرنگە بە ھاووڵاتییان و چەندین سوودی ھەیە، لە داھاتوودا ئەوە بۆ ھاووڵاتییان زیاتر ڕوون دەبێتەوە کە چۆن ئەو پڕۆژەیە خزمەتی بە ھەمووان کردووە و کوردسانیش وەک ھەر وڵاتێک بووەتە خاوەنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری و لە دووجۆر کارەبا ڕزگاریان بووە و کارەبایەکی بەردەوامیان ھەیە، لەڕووی ئابوورییەوە کاریگەری دەبێت و ھەرێمی کوردستانی بردووەتە قۆناغێکی نوێ. ناجی میرزا، شارەزای بواری کارەبا، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: لە ھەرێمی کوردستان شەش مانگ کارەبا زۆر بەکاردەھێنرێت، لە ھاوین و لە زستان، بۆ فێنککردنەوە و گەرمکردنەوە، ئەگەر ھاووڵاتی لە ھاوین و زستان کارەبای بەردەوامی ھەبێت، لەگەڵ ئەوەی ڕاھات بەپێی پێویست بەکاری بێنێت و دەست پێوە بگرێت، لەو شەش مانگە لە گەرما بێزارنەبوو، لە سەرماش گرفتی نەبوو، دەستیشی بە کارەباوە گرت، پارەیەکی وای لەسەر ناکەوێت.
ئەو شارەزایەی بواری کارەبا، دەشڵێ: پڕۆژەی ڕووناکی یەکێکە لە پڕۆژە بەھێز و کاریگەرەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کە بەوھۆیەوە ھەموو ھاووڵاتییان و کۆمپانیا و شوێنە بازرگانییەکان و ھەموو ھاوبەشەکانی کارەبا سوودی لێ وەردەگرن و ژێرخانی ئابووریی ھەرێمی کوردستانیشی بەرز کردووەتەوە.
ئەو شارەزایە، جەخت لەوەش دەکاتەوە، ئێستا سەرەتای جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕووناکییە و لێرە و لەوێ ھەندێ خەڵک گلەیی دەکەن، بەڵام ئێمە دڵنیاین لە دواڕۆژدا پڕۆژەکە سوودی زۆری بۆ ھاووڵاتییان دەبێت، لە زۆربەی وڵاتانی جیھانیش کارەبا بەو شێوەیە بەکاردێت و ھیچ وڵاتێک نییە ھاووڵاتی تێیدا کارەبا بە ئارەزووی خۆی بەکاربێنێت، بێگومان کاریگەرییەکانی پڕۆژەی ڕووناکی لە داھاتوودا بۆ ھاووڵاتیان زیاتر دەردەکەوێت.