رۆژنامەی ھەولێر

عێراق لەبەردەم قەیرانێکی نوێی سیاسی و بۆشایی یاساییدایە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

عێراق لە بەردەم قەیرانێکی نوێی سیاسی و بۆشایی یاساییدایە و سەرەڕای ئەوەی کە ماوەیەکی زۆر بە سەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا تێدەپەڕێت نەتوانراوە حکوومەت و کابینەیەکی نوێ دابمەزرێنرێت. لەرووی یاساییەوە ئەمڕۆ دواین مۆڵەتە لەبەردەم چوارچێوەی هاوئاهانگی تا بتواێت کاندیدی سەرۆک وەزیران دەستنیشان بکات تا بۆ پۆستی سەرۆکی کابینەی نوێ ڕاسپێردرێت.

دۆخی سیاسی عێراق بە شێوەیەکە لەوە دەرچووە هەمووان بیر لە بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات بکەنەوە، بەڵکوو کوتلە و کوتلەکاری، بەرژەوەندی بەرتەسکی حزبی و کەسی، کڕین و فرۆشتنی پەرلەمانتار، ململانێی ژێر بەژێر و دەستی ئەملاوئەولا لە دەستنیشانکردنی پۆستە گرینگەکان باڵی بەسەر پڕۆسەی سیاسی و ڕێوشوینە یاسایی و دەستوورییەکاندا کێشاوە.
عێراق لە کاتێکدا نەیتوانیوە حکوومەتێکی نوێ دابمەزرێنێت کە ناوچەکە بە دۆخێکی زۆر هەستیار ومەترسیداردا تێدەپەڕێت، لە جیاتی ئەوەی گرووپە میلیشیاکان جڵەو بکرێن ئەوا گرووپە میلیشیاکانن دەسەڵات و دامەزراوە سەربازی و ئەمنی و سیاسییەکانیان جڵەو کردووە و تەنانەت لە سەردەمی ئاگربەستیشدا وازیان نەهێناوە و جگە لە بە ئامانجگرتنی دامەزراوەکانی ناوخۆی عێراق بە تایبەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی هەینی بە درۆن خاکی کوێتیشیان کردە ئامانج.
چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە کە زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراقی لایە و مافی دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیران لای ئەوانە نەیتوانیوە لەسەر کەسێکی دیاریکراو بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران ساغ ببێتەوە ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ دواین ڕۆژە بۆ ئەوەی سەرۆک کۆمار کەسێک بۆ پۆستەکە ڕاسپێرێت.
بە پێی ئەو ڕێکارەی چوارچێوەکە لەسەری ڕێککەوتووە دەبێت لە ناو دوازدە ئەندامەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دوو لەسەر سێی دەنگەکان دەستەبەر بکات.
پێشتر نووری مالیکی و محەمەد شیاع سوودانی پاڵیوراو بوون و کاتێک ئەمریکا هەڕەشەی لە عێراق کرد و گوتی نابێت نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران بگەڕێتەوە قەیرانەکە هێندەی دیکە قووڵ بوویەوە و ئێستا ماڵی شیعە بەسەر چەند ڕەوتێکی جیاوازدا دابەش بووە و تەنانەت هاوپەیمانیی ڕەوتە جیاوازەکانیش نەیتوانیوە کەسێکی دیکە بۆ ئەو پۆستە یەکلایی بکاتەوە سەرەڕای ئەوەی کە نووری مالیکی قبوڵی کردووە نەبێتە سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەگەر دوو لەسەر سێی ئەندامانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەنگ بە کەسێکی دیکە بدەن.
هەفتەی ڕابردوو پڕۆسەی دەنگدان بە دوو کاندیدی نوێی چوارچێوە کە بریتی بوون لە هەر یەک لە باسم بەدری و ئیحسان عەوادی بەهۆی نەگەیشتنیان بە ڕێژەی پێویستی دەنگەکان شکستی هێنا و هەموو هەوڵێکی چوارچێوەکە ئەوە بووە تا ئەمڕۆ یەکشەممە کەسێک یەکلایی بکاتەوە و لانی کەم تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە هیچ دەرەنجامێک لە کۆبوونەوەکان سەوز نەبووە.
بەدەر لەو ململانێ و کێشانە بەشێکی گرنگ لە ئەندامان و لایەنگرانی لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهانەگی لەو گرووپە میلیشیایانەن کە تەنیا ئەجیندایەکی تایبەتییان هەیە و بە هیچ شێوەیەک گرنگی بە بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق و پرسی سەقامگیری سیاسی وڵات نادەن.
هەر لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی یەکێک لە لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهانەگی لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا خەڵاتێکی دارایی بە بڕی دە ملیۆن دۆلار بۆ هەر کەسێک تەرخان کرد کە زانیاری لەسەر شوێنی مانەوەی بدات. ئەو کسە ئەبو ئالا وەلائی، سەرکردەی گرووپی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدایە کە ناوە ڕاستییەکەی هاشم فینان ڕەحیم سەراجییە.
واشنتن کەتیبەکانی سەیدولشوهەدای تۆمەتبار کردووە بەوەی هاووڵاتییانی مەدەنیی عێراقییان کوشتووە و هێرشیان کردوەتە سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە عێراق، هەروەها هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکان و کارمەندانی ئەمریکی لە عێراق و سووریا.
وەک ئاشکرایە بەهۆی داخرانی گەرووی هورمز داهاتی نەوتی عێراق زیاتر لە لەسەدا هەشتا دابەزیوە، دۆلاری کاش لە بازاڕەکانی عێراق کەمی کردووە و ئەمریکا بەشێک لەو پارەیەی نەناردووە کە مانگانە بۆ بانکی ناوەندیی عێراق دابینی دەکرد، نرخی دینار دابەزیوە و نرخی شتومەکیش لە بازاڕەکان ڕوویان لە هەڵکشانە و پرسی چالاکیی گرووپە میلیشیاکانیش لەو لاوە بوەستێت، ئێستا عێراق پێویستی بە کۆدەنگی و کەسێک هەیە باری بەرپرسیارێتی بخاتە سەر شان و لەو زریانەدا کە جیهان و ناوچەکەی گرتووەتەوە عێراق بەرەو کەناری ئارامی بەرێت.