شێرکۆ حەبیب
هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەو هەڵبژاردنەیە کە پێش کۆتایی بەرواری دەستووری یان یاسایی کاتی دیاری کراوی ئەنجام دەدرێ. لە سیستەمی پەرلەمانیدا زۆرجار لە لایەن سەرۆکی حکوومەت یان پارتی دەسەڵاتدارەوە بانگەوازی بۆ دەکرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بەمەبەستی پێکهێنانەوەی حکوومەت بەهۆی قەیرانی سیاسی یان بۆ پتەوکردنی شەرعیەت. ئەم هەڵبژاردنە بە شێوەیەکی ئاسایی ئامانجی وەڵامدانەوەی داواکارییە جەماوەرییە، شکاندنی بنبەستێکی سیاسی، یان گۆڕینی هاوسەنگی هێزی پەرلەمانییە.
بەگشتی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە سیستمی پەرلەمانیدا (کاتێک پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە) بەهەر هۆکارێک، لە هەلومەرجێکدا نە کاتی هەڵبژاردنە بە هۆی کۆتایی وادەی دەستووری یاخود یاسای پێویست بە هەڵبژاردنەوە نییە.
لەو هۆکارانە قەیرانی سیاسی، بێتوانایی و نەگەیشتن بەرێککەوتن لە نێوان لایەنەکان لە پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی حکومی، یا خود داواکاریەکی جەماوەری بۆ گۆڕانکاری، یان هەوڵی پارتی دەسەڵاتدار بۆ ئیستغلالکردنی جەماوەرییەکەی پێش ئەوەی کەمببێتەوە.
دەسەڵاتی بانگهێشتکردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە (هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان) بەزۆری لە ئەستۆی پارتی دەسەڵاتدارە، زۆرجار دەبێتە هۆی زیادبوونی زۆرینەی دەنگ بۆ ئەو حزبەی کە پێشتر لە دەسەڵاتدایە، بە مەرجێک لە کاتێکی گونجاودا ئەنجام بدرێت. بەڵام هەڵبژاردنی پێشوەختە دەتوانێت کاردانەوەی پاشەکشەی هەبێت لەسەر پارتی دەسەڵاتدار و ببێتە هۆی کەمبوونەوەی زۆرینەی پارتەکە یان لە هەندێک حاڵەتدا سەرکەوتن بۆ ئۆپۆزسیۆن.
بەشێوەیەکی گشتی لە کوردستان حکوومەتی یەک حزبی نییە تا سەرۆکی حکوومەت لەژێر ئەم سیستەمانەدا دەسەڵاتی یاسایی هەبێت بۆ ئەوەی بانگەشەی هەڵبژاردن بکات، بەڵکو دەبێت داوای ئەوە لە سەرۆکی هەرێم بکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.
بێگومان پرۆسەی هەڵبژاردن یەکێکە لە بنەماکانی دیموکراسی حوکمرانی دروست، بەڵام گرنگترە ئەوەیە دوای پرۆسەی دەنگدان و جیاکردنەوەی دەنگەکان، جێبەجێکردنی بەڵێنەکان کە بەهاووڵاتیان دراوە، لە وڵاتانی دیموکراسی کاتێک گرفت و ناکۆکییەکان لە نێوان لایەنەکان دەگاتە بابەتێکی بێ چارەسەری چەقبەستوو پەنا دەبەن بۆ هەڵبژاردن بەو هیوایەی لایەنێک دەنگی زۆرینەی رەهای میللەت بەدەست بهێنێت و حکوومەت پێکبهێنێ، ئایا لەم بارودۆخەی ئێمەی ئیستای کوردستان دەبێتە هۆکاری ئەوەی کۆتایی بە گرفتەکان بێنێت یا گرفتەکان قوڵتر دەکات؟ گرنگ ئەوەیە ئەو لایەنەی بەشدار دەبن پەیمان بە میللەت بدەن کەوا پابەندی ئاکامی هەڵبژاردن دەبن و رێز لە بۆچوونی هاووڵاتیان دەگرن، هەر چییەک بێت، نەک وەک ئیستا ئەوانەی دەڵێن یەک کورسی و سەد کورسیمان هەبێت جیاوازی نییە، کە ئەمە بۆ چوونێکی دژی سادەترین بنەماکانی دیموکراسی و رێز نەگرتنە لە رای هاووڵاتیان، نەک بەزۆری خۆ سەپاندن، کە ئەمە دژی سەرجەم بنەماکانی هەڵبژاردن و رێزگرتن لە ئیرادەی هاووڵاتیانە.
ئەگەر هەمان راوبۆچوون پیادە بکرێت هەڵبژاردن بۆ دووبارە بێتەوە؟ ئەگەر نیوە بە نیوە دابەش بکرێت هەمدیس پێویستی بەهەڵبژاردن نییە، چونکە پەنجا بە پەنجا شەرعیەتی یاسایی و دەستوری نییە.
ئایا کاتێکی گونجاوە بۆ هەڵبژاردنی پێش وەختە لەم کات و ساتەی ناوچەکەی پێدا تێدەپەرێت، و باری ئابووری گونجاو نییە، کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن بوونی نییە، شیاوترین چارە ئەوەیە ئەو لایەنانەی باوەریان بە دیموکراسی و هەڵبژاردن و رێزگرتن لە دەنگی هاووڵاتی نییە پێدا چوونەوەیەک بە رای خۆیاندا بکەن، نەک سوورن بن ئەوەی دەیانەوێ وا بێت، ئەمە خەون و خەیاڵە، و مێژوو شایەدی ئەم لێکترازانە دەدات.
باوەر بوون بە پرۆسەی هەڵبژاردن و قەبووڵکردنی ئاکامەکەی گرنگترە لە ئەنجامدانی پرۆسەکە.

