ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان له ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاندووه، له‌مه‌ودوا بەکارهێنانی پێشناوە ئایینییەکانی وەک (شێخ، مەلا و سەید) لەسه‌ر تابلۆ و شوێنە بازرگانییەکان بەتەواوی قەدەغەیه و سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی سزای دارایی دەبنەوە.
لە روونكردنەوەكەدا ئەوەش هاتووه: بەپێی پەیڕەوی ژمارە 15ی ساڵی 2022، تۆمارکردنی هەر ناوێکی ئایینی بۆ شوێن، کۆمپانیا و تابلۆ بازرگانییەکان بەبێ جیاوازی بۆ هه‌موولایه‌ك قەدەغەیە، بڕیاره‌كه‌ش له رۆژانی داهاتوودا ده‌چێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
له ڕوونكردنه‌وه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، بڕیارەکە سەرجەم شوێنە بازرگانییەکان دەگرێتەوە و ڕێگری لە بەکارهێنانی پێشناوە ئایینییەکان لەسەر تابلۆی دوکان و بازاڕەکان دەکرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان هۆشداریی داوه و ده‌ڵێت، هەر کەسێک بەبێ مۆڵەت و تۆمارکردنی فەرمی ئەو ناوانە بۆ کاری بازرگانی بەکاربهێنێت، دەستبەجێ سزای دارایی دەدرێت کە بڕەکەی لە 100 هەزار دینارەوە دەست پێ دەکات تاوەکو یەک ملیۆن دینار.
ڕاشیگه‌یاندووه: پێویستە له‌مه‌ودوا ناوی تابلۆكان و شوێنه بازرگانییه‌كان بەتەواوی لەگەڵ جۆری کار و شوێنە بازرگانییەکەدا بگونجێت.

