ئهمڕۆ لە ڕۆژی جیهانیی ژینگەدا، سڵاو و پێزانین ئاراستەی سەرجەم ژینگەپارێزان، ڕێکخراوەکان و لايهنه پەیوەندیدارەکانی ههرێمى کوردستان دەکەم کە دڵسۆزانە بۆ پاراستنی سروشت و ژینگەى جوانی وڵاتەکەمان کار دەکەن.
پاراستنی ژینگە و ڕووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانی ئاووهەوا، تهنيا ئهركێكى حكوومى نييه، بهڵكوو بەرپرسیاريهتییەکی گەورەی نیشتمانی و مرۆیيی هاوبەشە. ئەرکی هەموومانە لە ناوەندەکانی پەروەردە، خێزان، میدیا و دامەزراوەكان، پێکەوە کار بۆ بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیریی ژینگەپارێزی و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی سەر سروشتی وڵاتەکەمان بکەین.
دووپاتی دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە پابەندى هاوکاری و کارکردنی هاوبەشه لەگەڵ حکوومەتی عێراقى فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتيدا، بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست لەپێناو پاراستنی سەرچاوە سروشتییەکان و مسۆگەرکردنی ژینگەیەکی تەندروست و داهاتوویەکی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتوومان.
ڕۆژی جیهانیی ژینگە لە هەمووان پیرۆز بێت.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2026/6/5

