رۆژنامەی ھەولێر

یازدەهەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی ئامەد بەڕێوە چوو

فەیسەڵ شێخانی

رۆژی چوارشەممە ٢٢/٤/٢٠٢٦ لە ئامەدی باكووری كوردستان، بە ئامادەبوونی هاوسەرۆكەکانی شارەوانیی ئامەد، هەروەها (جیسیكا كاوه) سەرۆكی پەیمانگای جیهانی شانۆ، (بەرفین ئەمکدار) سەرۆكی فێستیڤاڵی ئامەد و هەروەها شاندی هونەریی باشووری كوردستان كە پێك هاتبوو لە (سیروان عوسمان) بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر و (هیوا سوعاد) بەڕێوەبەری شانۆی هەولێر و بەرپرسی لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندان، ژمارەیەكی بەرچاو لە شانۆكار و هونەرمەندانی باكووری كوردستان، بە بەشداریی تیپ و گرووپی شانۆیی (٣٠ وڵات) دەست بە كارەكانی فێستیڤاڵەكە كرا لەژێر ناونیشانی (دیالۆگ لەپێناو ئاشتی)دا.

لە كردنەوەی فێستیڤاڵەكە وتاری بەخێرهێنانی میوانان و تیپ و گرووپە شانۆییەكان خوێنرایەوە، پاشان گەڕانێك بە ناو كووچە و شوێنە سەرنجڕاكێشەكانی ئامەددا كرا و بڕیار وایە ئەم فێستیڤاڵە كولتوورییە ماوەی سێ رۆژ بخایەنێت.
لە دەستپێکی نمایشەکانی فێستیڤاڵەکە واتە لە ٢٢ نیساندا لەلایەن گروپی شانۆیی شارەوانی شاری گەورەی دیاربەکر، (DBŞT) بە شێوازی “دیالۆگ” نمایشەکەیان پێشکەش بە بینەران کرد، لە پاشاندا گروپی سەمای یەزیپ یونیتیگی و یاکلاسیلیك بە شێوازی دوو جەمسەری دڵسۆز کە ژمارەیان پێك هاتبوو لە ٥٠ نمایشکار چەندین تابڵۆیان پێشکەشی ئامادەبووان کرد.
رێکەوتی ٢٣ــی نیسان لە دووەم ڕۆژی ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی ئامەددا، شانۆگەریی (مۆراشین) نمایش كرا، كە لە نووسین و دەرهێنانی دکتۆر قوتبەدین سادقی، بەرهەمی گرووپی شارەداری ئامەد، لەسەر شانۆی گەورەی شار بوو.
ئەم نمایشە داستانێکی شانۆیی کوردی بوو و سەلماندنی کە ببێتە سەرچاوەی دەیان کاری جوانی جوان.