رۆژنامەی ھەولێر

یەکەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی له بێرمینگهام بەڕێوەدەچێت

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

یەکەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی، بەبەشداری 350 فیلمی کوردی، لە بێرمینگهام لە بەریتانیا بەڕێوەدەچێت.

دارۆ عەزیز، هونەرمەند و رێکخەری ئەو فێستیڤاڵە گوتی: ئەم فێستیڤاڵە کە لەلایەن ژمارەیەک لە هونەرمەندان، فیلمسازان و چالاکوانانی کورد رێکخراوە، ئامانجی سەرەکی بریتییە لە پشتگیری و هاندانی فیلمسازانی کورد، ناساندنی کولتووری کوردی بە جیهان، و دروستکردنی پلاتفۆرمێک بۆ پەیوەندی نێوان هونەرمەندان و بینەران.
دارۆ عەزیز گوتیشی: لە فێستیڤاڵەکەدا چەندین فیلمی کورت و درێژ لە هەر چوار پارچەی کوردستان و دیاسپۆرا لە ماوەی فێستیڤاڵەکەدا نیشان دەدرێن، رووداوەکانیان لەسەر ژیانی کوردەواری، ناسنامە، مێژوو و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانن. هەروەها پلانی رێکخستنی دانیشتن و گفتوگۆی تایبەتی لەگەڵ فیلمسازان و پسپۆڕانی بواری سینەما هەیە، بۆ ئەوەی دەرفەتی ئاڵوگۆڕی بیر و ئەزموون بڕەخسێت.”
ئەو هونەرمەندە باس لە گرنگی فێستیڤاڵەکە دەکات و دەڵێت: هیوادارم ئەو فێستیڤاڵە ببێتە جێی سەرنجی زۆری بینەران و میدیا بۆخۆی رابکێشێت، بەتایبەتی لەبەر ئەوەی کە یەکەم جارە فێستیڤاڵێکی تایبەتی بۆ فیلمی کوردی لە شاری بێرمینگهامغ رێکدەخرێت، هەروەها رێكخەران و خۆبەخشەکانی ئەم فێستیڤاڵە ئەزموونی بەڕێوەبردنی دوو دیداریان لە شاری بێرمینگهام هەیە.
دارۆ عەزیز باس لە بەرەوپێشچوونی ئەو فێستیڤاڵە دەکات و دەڵێت: ئەوەی لە فێستیڤاڵی بێرمینگهام زۆر دڵخۆشم دەکات، ئەو رۆحە خۆبەخشانە و دڵسۆزییەیە کە کۆمەڵێک سینەماکاری بە ئەزموون هەیانە، کاتێک وەک دەروێش شەو و رۆژ دەخەینە سەر یەک تەنیا بۆ ئەوەی فێستیڤاڵەکەمان رووخسارێکی جوانتری هەبێت، و دواتر پێزانینی ڕۆژنامەنووسان و بینەران وەردەگرین، هەست بە ئاسوودەییەکی بێ وێنە دەکەین.”
شایەنی باسە، یەکەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی بێرمینگهام، بەبەشداری 350 فیلم و دابەشکردنی 8 خەڵات، لە 28ی ئایاری 2026 بەڕێوەدەچێت و ماوەی چوار رۆژ دەخایەنێت.