رۆژنامەی ھەولێر

قوتابخانەكانی دیاسپۆرا هەزاران كتێبی خوێندنیان بەسەردا دابەش کرا

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

كۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی بە هەماهەنگییەكی درێژخایەن لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پرۆژەیەكی ستراتیژیی پەروەردەیی فێركردنی زمانی كوردی بۆ منداڵانی دیاسپۆرا جێبەجێ دەكات، لەم چوارچێوەیەدا، دەیان قوتابخانەی كوردی لە ئەوروپا، ئەمەریكا و كەنەدا كراونەتەوە و تا ئێستا زیاتر لە 15000 كتێبی خوێندنی فەرمی بە هەرسێ شێوەزاری سۆرانی، بادینی و كرمانجی چاپ و بەسەر ناوەندەكانی خوێندندا دابەش كراون، بە ئامانجی پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و ڕێگریكردن لە تواندنەوەی زمانی كوردی لای نەوەی نوێی تاراوگە.

سەرچاوەیەك لە ئۆفیسی كۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی، بە هەولێری گوت، لە قۆناغی ئێستادا 6000 كتێبی پرۆگرامی خوێندن بە شێوەزاری كرمانجی چاپ كراون دەگەیەندرێنە قوتابخانەكانیان، ئەمەش دەچێتە پاڵ ئەو 9000 كتێبەی كە ساڵی رابردوو بە شێوەزارەكانی سۆرانی و بادینی بۆ قوتابخانەكانی دەرەوەی وڵات دابین كرابوون.