رۆژنامەی ھەولێر

حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماری زیانە گیانی و ماددییەکانی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی بڵاوکردەوە

حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماری زیانە گیانی و ماددییەکانی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی بڵاوکردەوە، لە 50 رۆژدا 809 هێرشکراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، زۆرینەی هێرشەکان بۆ سەر هەولێر پایتەخت بوونە.

بە گوێرە ئامارەکانی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی بڵاویکردووەتەوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرانبەر بە ئێران، کە لە 28ی شوباتی ئەمساڵەوە دەستیپێکرد، چەندین جار بە درۆن و مووشەک، بە بیانووی جیاواز و بێ بنەما هێرشی سەر هەرێمی کوردستان کراوە و لە هێرشەکاندا شوێنی مەدەنی، سەر و ماڵی هاووڵاتییان و کەرتی تایبەت کراونەتە ئامانج.
بە پێی تۆمارەکان، هەرێمی کوردستان لە ریزبەندی یەکەمی ئەو وڵاتانە دێت کە بەشداری جەنگەکە نین و زۆرترین زیانی گیانی و ماڵیان پێگەیشتووە، سەرەڕای بێلایەنی هەرێمی کوردستان لە جەنگەکەدا؛ 20 شەهید و 123 بریندار هەبووە، بە سەدان هاووڵاتیش زیانی ماددی بەر ماڵ و شوێنی کار و ئۆتۆمبێلەکانیان کەوتووە.
لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە، بە بەردەوامی وڵاتانی دونیا هێرشەکانی شەرمەزار کردووە و چەندین جار داوا لە بەغدا کراوە، بکەرانی هێرشە تیرۆریستییەکان سزا بدات و کۆتایی بەو هێرشە ناڕەوایانە بهێنرێت و سەروەری هەرێمی کوردستان و عێراق بپارێزرێت.
هەر بە گوێرەی ئەو ئامارانەی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، زۆرینەی زیانلێکەوتووانی مەدەنی لە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان دەکەوێتە سنووری پارێزگای هەولێر، بەمشێوەیە بووە:
– پارێزگای هەولێر 726 هاووڵاتی زیان بە ماڵ و خانوو، ئۆتۆمبێل و شوێنی کارەکانیان کەوتووە.
– پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، لە 24 هێرشدا بۆ سەر شوێنی سڤیل دەیان هاووڵاتی زەرەرمەند بوون.
– پارێزگای دهۆک، زیاتر لە 13 جار هێرشکراوەتە سەر کۆمپانیای کەرتی تایبەت و زیان بە ماڵی هاووڵاتیان گەیشتووە.
– ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، 35 هاووڵاتی بە هۆی هێرشەکانەوە زیان بە ماڵ و خانوو، ئۆتۆمبێل و شوێنی کارەکانیان کەوتووە.