رۆژنامەی ھەولێر

٥٢ ساڵ بەسەر بۆردومانکردنی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانیدا تێپەڕی

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

٥٢ ساڵ بەسەر تاوانی بۆردومانکردنی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی بە بۆمبی قەدەغەکراوی ناپاڵم تێپەڕدەبێت، لە بۆردومانەکەدا ١٦٣ ھاووڵاتی، قوتابی و مامۆستایانی زانکۆ شەھید بوون و ٣٠٠ کەسی دیکەش برینداربوون، ئەوەی جێگەی نیگەرانییە تا ئێستا کەیسەکە بە جینۆساید نەناسێندراوە و کەسوکاری قوربانیانیش قەرەبوو نەکراونەتەوە.

سەرۆک بارزانی لە پەنجا و دووەمین ساڵیادی بۆردومانکردنی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بۆردومانی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی لە ٢٤ی نیسانی ١٩٧٤ کە شەھید و برینداربوونی سەدان ھاووڵاتیی بێتاوانی لێکەوتەوە، ئاماژەیەکی ڕوونی سیاسەتی شۆڤینی و دڕندەیی ڕژێمی پێشووی عێراق لەدژی ھاووڵاتییانی سڤیلی کوردستان بوو، ئەو کارەساتە دڵتەزێنە تاوانێکی تر بوو، لە زنجیرە تاوانەکانی تری ئەو ڕژێمە لە دژی گەلەکەمان.
ھەر لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا ھاتووە لە ساڵیادی ئەو تاوانە گەورەیەدا سڵاو بۆ شەھیدانی ئەو کارەساتە و ھەموو شەھیدانی کوردستان دەنێرین.
شاھێدحاڵەکان، دەڵێن، بەیانییەکی زوو بوو چوار فڕۆکە ناوچەکەیان پشکنی، ئەوەش ترس و دڵەڕاوکێی لای ھاووڵاتییان دروست کردبوو، دواتر کاتژمێر ٩:٣٠ خوولەکی بەیانی چەند فڕۆکەیەکی دیکە ھاتنەوە و بە چەکی ناپاڵمی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی لە قەڵادزێ و لە زانکۆی سلێمانیان دا کە ئەو کات زانکۆکە لە شارەکە بوو، بەو ھۆیەوە شەھید و بریندارێکی زۆرمان دا.
ئەو کات بارزانیی نەمر کارەساتەکەی بە ڕۆژی ماتەمینی گەلی کورد وەسف کرد، ئەوەش لەبەر ئەوە بوو کارەساتێکی ھێندە گەورە بوو، تا ئەمڕۆش کاریگەری لەسەر دڵ و دەروونی ھەر تاکێکی کورد بە گشتی و خەڵکی قەڵادزێ ھەر ماوە. بەپێی بەڵگەنامە مێژوویەکان ئەمەش بووە تاوانێکی دیکە لە زنجیرە تاوانەکانی دووژمنان و داگیرکەرانی کوردستان.
قەڵادزێ “قەزای پشدەر” لە ساڵی ١٩٤٨ بووە بە قەزا و سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕینە، پێکھاتووە لە سەنتەری قەزا و ناحیەکانی، سەنگەسەر، ژاراوە، ھەڵشۆ، ھێرۆ، ئیسێوە، ئەم قەزایە ١٣٥ کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری سلێمانییەوە دوورە، لە سنووری قەزاکەدا ٢٨٤ گوند ھەن، زۆرینەی دانیشتووانەکەی بە کشتوکاڵ، باخداری و ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵن، بەشێک لەو ناوچانەی قەزاکەش کە ھاوسنوورە لەگەڵ ڕۆژھەڵاتی کوردستان دانیشتووانەکەی لە مەرزە نافەرمی و لاوەکییەکاندا کاری بازرگانی دەکەن.
ھەشت ساڵ دوای ڕووداوەکەی ٢٤/٤/١٩٧٤ کاتێک خەڵکی قەڵادزێ یادی تاوانەکەیان دەکردەوە لەلایەن پیاوانی ڕژێمی بە‌عس درانە بەر دەستڕێژی گولـلە و دوو شەھید و پێنج برینداری لێکەوتەوە و دەیان کەسیش دەستگیرکران، بەعس کوڵی دڵی بەوەش دانەمرکا، ساڵی ١٩٨٩ دوایین قۆناغی ڕاگواستنی شارۆچکەی پشدەری جێبەجێ کرد و قەڵادزێ و سەدان گوندی بۆ ئۆردووگا زۆرەملێکان گواستەوە و شارەکەی تەقاندەوە.
ئەو گۆڕستانەی شەھیدانی بۆردومانەکەی قەڵادزێ لە باوەش گرتووە، قوربانییانی ناوچە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان و تەنانەت باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانیشی تێدایە، ئەوان قوربانی ئەو بۆردومانە سەختەبوون کە ڕژێمی پێشووی عێراق ٥٢ ساڵ لەمەوبەر بە بۆمبی ناپاڵم بۆ سەر قەڵادزێ ئەنجامیدا و زانکۆی سلێمانی کە ئەو کات گواسترابووەوە قەڵادزێ، لەو شارۆچکەیە بە ئامانج گرت، لەو بۆردومانە کە دوای بۆردومانی ھێرۆشیما و ناکازاکی لە جەنگی دووەمی جیھانی، یەکەم جار بوو بۆمبی کۆمەڵکوژ و قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی بەکاربھێنرێت، دەیان کەس شەھید و سەدانی دیکە برینداربوون کە زۆرینەیان مامۆستای زانکۆ و قوتابی و ھاووڵاتی مەدەنی بوون، ھەروەھا لە بۆردومانەکەدا ژمارەیەک شوێنی نیشتەجێبوون، نەخۆشخانە، قوتابخانە، فەرمانگەی خزمەتگوزاری و بازاڕەکان کرانە ئامانج.
لە دوای شەڕی ئازادی عێراق لە ٢٠٠٣، پاش دەستگیرکردنی سەرانی ڕژێمی بەعس و دامەزراندنی دادگە بۆ دادگەکردنی تاوانبارانی سەرەکی ڕژێمی بەعس ھەوڵی زۆردرا ئەو کەیسە و کەیسی ڕاگواستنی پشدەر لە دادگەی تاوانەکانی عێراق بە جینۆساید بناسێنرێن و خەڵکەکە قەرەبوو بکرێنەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانیی خەڵکەکەیە تا وەکو ئێستا ھیچ یەکێک لە کەیسی ئەو تاوانانەی بەرانبەر بە کورد کراون بە جینۆساید نەناسێنراون و کەسوکاری قوربانیانی قەرەبوو نەکراونەتەوە.