كارزان گلی – ههولێر
دوو مانگ لەمەوبەر، كۆمیسۆنی (پاڵپشتیی میللی و برایەتی و دیموكراتی) لەناو پەرلەمانی توركیا، راپۆرتی تایبەتیان لەبارەی پرسی چارەسەری كورد و چۆنیەتیی چەكدانانی پەكەكە بەكۆتا هێنا و رادەستی پەرلەمان و سەرۆكایەتی كۆمار كرا، بەڵام لەلایەن حكوومەتەوە هیچ هەنگاوێكی یاسایی نەنراوە و پەكەكەش بە كردار چەكی دانەناوە، ئەمەش پرسیاری جیدی دروست كردووە، ئایا پرسی چارەسەری كورد راوەستاوە، یان بەهێواشی بەڕێوە دەچێت؟
رێکەوتی ١٨ی شوبات كۆمیسیۆنی ناوبراو راپۆرتی خۆیان لەبارەی پرسی چارەسەری كورد تەواو كرد و رادەستی سەرۆكایەتی كۆمار كرا، كە توركیا ناویان لەو پڕۆسەیە ناوە (توركیای بێتیرۆر)، نوعمان كورتولمووش، سەرۆكی پەرلەمانی توركیاش رایگەیاندبوو، دوای جەژنی رەمەزان یاسای تایبەت بۆ ئەو پرسە دەردەكرێت، بەڵام هیچ هەنگاوێك نەنراوە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی ئاژانسی (DW)ی توركی، پرۆسەی چارەسەری رانەوەستاوە، بەڵام بێمتمانەییەک لەلایەن هەردوو لاوە دروست بووە، چونكە پەكەكە بە كردار چەكی دانەناوە و كەمپەكانیشی چۆڵ نەكردووە، ئەمەش وای كردووە حكوومەت یاسا بۆ چەكدارانی پەكەكە دەرنەكات، بەگوێرەی راپۆرتی كۆمیسیۆنی ناوبراو بێت، دەبێت یاسا دەربچێت و لێبوردنی گشتی بۆ چەكدارانی پەكەكە دەربچێت، تەنیا ئەو چەكدارانە نەبێت توندبوونە و سەربازی توركیایان كوشتووە.
ئاكەپە دەڵێت، چەكدانانی پەكەكە و دەرچوونی یاسا لە یەك كاتدا ناكرێت، دەبێت پەكەكە بەگوێی رێبەرەكەیان بكەن و چەك دابنێن، ئەوكات یاسایان بۆ دەردەچێت.
عومەر چەلیك، وتەبێژی ئاكەپە دەڵێت: ”بۆ ئەوەی (توركیای بێتیرۆر) بگاتە ئەنجام، دەبێت پەكەكە بەتەواوی چەك دابنێت و تەسفیە بن، تاوەكوو ئێستا چەكدانان بەكۆتا نەهاتووە و تەنیا بەشێوەیەكی سومبولی چەكیان فڕێ داوە، بەڵام دەبێت چەكدانان بەردەوام بێت و بیبینین چۆن چەكەكانیان دادەنێن و كۆتایی بە چەك دەهێنن.“
دەم پارتی، پێیان وایە ئەوەی لەسەر پەكەكە و رێبەرەكەی بووە كردوویانە، ساڵێك بەسەر ئەوە پڕۆسەیە تێپەڕی بەڵام لەلایەن حكوومەتەوە هیچ هەنگاوێكی یاسایی نەنراوە. بۆ ئەوەی پرۆسەكە بەرەوپێشچوون بەخۆیەوە ببینێت، كۆمەڵگەیەكی دیموكرات بنیاد بنێین، پێویستمان بە زەمینەیەكی یاساییە.
دەم پارت بە ڕوونی داوا دەكەن، سیاسەتی قەیوم كۆتایی پێ بێت و هەموو ئەو دەم پارتیانەی شارەوانییەكەیان قەیوم كراوە بگەڕێنەوە بۆ شارەوانی و بڕیارەكانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا جێبەجێ بكەن و هەروەها زیندانییە سیاسییەكان ئازاد بکرێن، ئەوكات پەكەكە بە كردەوە و بە پەلە چەك فڕێ بدات.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە لە وتارێكدا لەناو پەرلەمانی توركیا بۆ گروپی پارتەكەی، داوای كرد پەلە بكەن لە دەركردنی یاسا، چونكە ناكرێت ئەو پڕۆسەیە دوا بكەوێت. باسی لەوەش كرد، لە نزیكەوە چاودێری ئەو پرۆسەیە دەكات و لە نزیكەوە كارەكان بەسەر دەكاتەوە، تا مادەكانی ئەو یاسا و بڕیارە دەربچێت و هیچ بۆشاییەکی تێ نەكەوێت.
لە ٤ی شوباتی ئەمساڵیشدا، باخچەلی لە وتارێكدا ئاماژەی دا، ئارامی بۆ ئەنادۆڵ و ئۆجەلان مافی ئومێد بیگرێتەوە و دەمیرتاشیش بگەڕێتەوە ناو ماڵوحاڵی خۆی.
دەم پارت دەڵێت، هیچ یەكێك لەو گوتانەی باخچەلی جێبەجێ نەكراوە، ئەمەش دەیسەلمێنێت پرۆسەكە حكوومەت رایگرتووە و كاری لەسەر ناكرێت.

