رۆژنامەی ھەولێر

دوای لوتكەی ناتۆ پەرلەمانی توركیا یاسای رەوتی ئاشتی دەخاتە دەنگدانەوە

كارزان گلی – هه‌ولێر

بڕیارە لە كۆتایی مانگی تەمووزی ئەمساڵ، لەناو پەرلەمانی توركیا یاسای تایبەت بۆ رەوتی ئاشتی دەربكرێت، كە ئاكەپە و مەهەپە ناویان لێ ناوە (توركیای بێترۆر) و دەم پارتییش دەڵێت (كۆمەڵگەی دیموكراتی و ئاشتی).

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كەوتووەتە دەست ئاژانسی بی‌بی‌سی توركی، ئاكەپە و مەهەپە بەنیازن، دوای كۆتاییهاتنی كۆبوونەوەی لوتكەی ناتۆ لە ئەنكەرا، كە لە ٧_٨ی مانگی تەمووزدا دەکرێت، پڕۆژەیاسایەكی تایبەت بە رەوتی ئاشتی بدەنە پەرلەمانی توركیا و یاسای تایبەت بۆ چەكدارانی پەكەكە دەربچێت.
پڕۆژەیاسایەكە لە ١١ مادە پێك هاتووە و لە یەكێك لە مادەكاندا هاتووە، كە چاودێری تەواو بكرێت بۆ ئەوەی بزانن پەكەكە بە کردەوە چەكی داناوە یان نا؟
لە ٢٠ی ئەم مانگەدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، لە وتارێكدا بۆ ئەندام پەرلەمانەكانی سەر بە ئاكەپە گوتی: ”كاری خێر دەبێت پەلەی لێ بكرێت“ مەبەستی رەوتی ئاشتی بوو و هەروەها باسی لەوەش كرد، لەگەڵ بەرپرسانی دەم پارتی قسەی كردووە و چەندین كۆبوونەوەشیان کردووە و كۆبوونەوەكان باش بوونە.
عومەر چەلیك، وتەبێژی ئاكەپە، لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنیدا لەبارەی ئەوەی كەی یاسای تاییەت بە رەوتی ئاشتی دەردەكەن؟ گوتی: ”ئەمە پەیوەستە بەوەی پەكەكە كەی بەتەواوی چەك دادەنێت، واتە مەرجی دەركردنی یاسا ئەوەیە، پەكەكە چەك دابنێت.“
لە شەڕی نێوان ئەمریكا و ئێراندا، حكوومەتی توركیا چاودێرییەکی وردی پەكەكە كردووە، بەوەی بزانن رەوتی چەكدانانیان باش بەڕێوە دەچێت یان نا، بۆیان دەركەوتووە پەكەكە جموجۆڵی هەبووە و رەوتی چەكدانان بەباشی بەڕێوە نەچووە، ئەمە گوتەی بەرپرسێكی باڵای ئاكەپەیە، كە قسەی بۆ ئاژانسی ناوبراو كردووە و حەزی نەكردووە ناوی بهێنرێت.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی داوە، ئەگەر یاسای تایبەت لە پەرلەمانی توركیا دەربكرێت بۆ رەوتی ئاشتی، ئەوكات چەك دانانی پەكەكە خێراتر دەبێت.
وەكوو ئەوەی بەرپرسانی توركیا باسی دەكەن، پەكەكە لە هێڵی زاپ و مەتینا، بارەگاكانی چۆڵ كردووە، هەروەها لە گارە و خواكوڕك و قەندیلیش، بەشێوەیەكی سنوورداریش بێت كشاونەتەوە، بەڵام لەڕووی لۆجیستی و تاوانی مرۆییەوە هەر بەهێزن لەو شوێنانە.
لەو پرۆژەیاسایەی ئامادە كراوە، كە بڕیارە لە كۆتایی مانگی تەمووز بدرێتە پەرلەمانی توركیا و دەنگی لەسەر بدرێت، باس لەوە كراوە، دەبێت بۆ ماوەی یەك ساڵ پەكەكە چاودێری بكرێت بزانن ئاخۆ بە كردار چەكی داناوە یام نە؟ ئەوكات چەكدارەكان بۆیان هەبێت بگەڕێنەوە بۆ ژیانی ئاسایی.
باس لەوەش كراوە، زیندانیانی سیاسی بەتەواوی دەستنیشان بكرێن و لێبوردنی گشتیان بۆ دەربچێت، بەڵام پڕۆسەكە ئاسان نییە و دەبێت كاتی بدرێتێ.
ئەوەی بووەتە خاڵی ناكۆكی لە نێوان دەم پارتی و ئاكەپە و مەهەپە، دەم پارتی دەڵێت ئەو چەكدارانەی پەكەكە، كاتێك دەگەڕێنەوە بۆ توركیا، پێویستە رێگەیان بدرێت سیاسەت بكەن، بەڵام ئاكەپە و مەهەپە دژی ئەوەن رێگەیان پێ بدرێت سیاسەت بكەن.
ئاكەپە و مەهەپە بۆچوونیان وایە، گەریلاكانی پەكەكە تا ماوەی پێنج ساڵ بۆیان نەبێت بێنە ناو سیاسەت و دەبێت لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە چاودێری بكرێن و دڵنیا بن لەوەی دەستیان لە كاری تێكدەرانەدا نییە، ئەوكات بتوانن بگەڕێنەوە بۆ ناو سیاسەت و بەشێوەیەكی مەدەنی لە پارتێكی سیاسی ببنە ئەندام.