لە توركیا قەیوم تەنیا لەسەر سەرۆكی شارەوانیی و پارتی سیاسی دانانرێت، بەڵكوو حكوومەت بڕیاری دا قەیوم لەسەر ١٣ كۆمپانیای بەرهەمهێنانی مریشك دابنێت و ئیدی بەڕێوەبەری ئەو كۆمپانیایانەی پێشوو نەمان و كەسانی سەر بە حكوومەت وەكوو قەیوم دانراون.
ماوەیەكی زۆرە نرخی مریشك لە توركیا گران بووە، ئەمەش ناڕەزاییەکی زۆری لێ كەوتەوە، بۆیە حكوومەت بڕیاری دا قەیوم لەسەر ١٣ كۆمپانیای بەرهەمهێنانی مریشك دابنێت، بەڵام هاووڵاتیان ترسیان هەیە ئەو قەیومە ببێتە هۆی گرانبوونی زیاتری نرخی مریشك، كە بەگۆشتی سپی ناوی دەهێنرێت.
بەگوێرەی ئاژانسەكانی هەواڵی توركیا، هۆكاری ئەوەی ئەو ١٣ كۆمپانیایەی بەرهەمهێنانی مریشكەی قەیوم كراوە، رێگەگرتنە لە بازاڕی ئازاد بۆ فرۆشتنی گۆشتی سپی، كە لە رێگەی ئازادی لە دانانی نرخدا نرخەكەی زۆر گران ببوو.
ماڵپەڕی (T24)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، رەنگە نرخی مریشك بۆ هاووڵاتیان گران بێت و مافی خۆیانە رەخنە بگرن، بەڵام بەرامبەر بە نرخی گۆشتی سوور، نرخی مریشك لە توركیا زۆر هەرزان و گونجاوە.
باس لەوەش دەكات، توركیا بەراورد بە وڵاتانی ئەورووپا، نرخی گۆشتی سپی و سوور زۆر گونجاوە، بۆیە قەیومكردنی ١٣ كۆمپانیای بەرهەمهێنانی مریشك كارێكی خراپە.
ساڵی ٢٠١٨، بەهەمان شێوە ئۆپەراسیۆنێكی گەورە دژی ئەو كۆمپانیایانە ئەنجام درا كە پیاز و پەتاتەیان بەرهەم دەهێنا، هۆكارەكەی ئەوە بوو نرخی پەتاتە و پیاز گران ببوو، بەڵام دوای چەندین ساڵ هەر نرخی ئەو دوو بەرهەمەیان پێ بەرزەفت نەکرا و ئێستاش هەر گرانە.
هاووڵاتیان ترسیان هەیە، قەیومكردنی ١٣ كۆمپانیای بەرهەمهێنانی مریشك ببێتە هۆی ئەوەی لەمەودوا مریشك وەكوو پێویست بەرهەم نەهێنرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی نرخ زۆر لە ئێستا گرانتر بێت.
هاكان ئاكسای، رۆژنامەنووسی دیاری توركیا رەخنە لە قەیومگرتنی بەرهەمهێنانی مریشك دەگرێت و دەڵێت دەبێت بەپەلە ئەو بڕیارە هەڵوەشێتەوە، چونكە دەبێتە هۆی گرانی نرخی مریشك.
لە توركیا رەوشی ئابووریی هاووڵاتی زۆر خراپە، هەڵاوسانی ٤٠٪ــە و نرخی خۆراكیش لەوپەڕی گرانییە، هەروەها نرخی گۆشتنی سوور و گۆشتی سپیش زۆر گرانە، بەتایبەت گۆشتی سپی، كە كڕینی بۆ بەشێكی زۆری هاووڵاتیانی توركیا و باكووری كوردستان بووە بە مێژوو.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی توركیا بەڵێنی داوە، هەڵاوسانی ئابووریی بگەیەنێتە ٢٠٪، بەڵام دوو ساڵە ئەو بەڵێنەی داوە و نەیتوانیوە جێبەجێ بكات، ئەمەش هاووڵاتیانی بێئومێد كردووە، بۆیە ترسیان هەیە نرخی مریشك بەو بڕیارەی داویانە بۆ قەیومكردنی بەشێكی زۆری كۆمپانیای بەرهەمهێنانی مریشك پێچەوانە ببێتەوە و نرخ گرانتر بێت.

