كارزان گلی – ههولێر
ئامەد سپۆر، توانیی بچێتە خولی سوپەر لیگی توركیا، دوای ئەوەی لەگەڵ یانەی ئیغدر یەكسان بوون، ئەمەش كاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و دەیان هەزار هاووڵاتی باكووری كوردستان بۆ دڵخۆشیکردن رژانە سەر شەقام. ئەوەی مایەی نیگەرانی بوو، یاریزانی سەنیگالی كە یاری بۆ ئامەد سپۆر دەكات، وەكوو دڵخۆشیکردن ئاڵای وڵاتەكەی بەرز كردەوە، بەڵام پۆلیس و توركە نەژادپەرستەكان، وایانزانی ئاڵای كوردستانی بەرز كردووەتەوە، بۆیە هەڵیانكوتایە سەری و ویستیان دەستگیری بكەن.
چەند پۆلیسێك و دەزگای ئاساییشی ئیغدر، لەناو یاریگەدا ئیبایە یاریزانی ئەمەد سپۆریان دەور دا و ویستیان بیبەنە بنكەی پۆلیس، ئەگەرچی پێیان گوترا ئەم ئاڵایە ئاڵای كوردستان نییە و ئاڵای سەنیگالە، بەڵام گوێیان پێی نەدا.
ناهید ئیرین، قسەی بۆ ئاژانسی (BBC) توركی كردووە و دەڵێت: ”ئەمە جاری یەكەم نییە وا لەو یاریزانە سەنیگالییەمان دەكەن، چەند رۆژێك بەر لە ئێستا، پۆلیس هەڵیكوتایە سەر ماڵەكەی؛ لە بالكۆنی ماڵەكەیدا ئاڵای سەنیگالی هەڵكردبوو، وایانزانیبوو ئاڵای كوردستانە، دوای لێكۆڵینەوە ماڵەكەیان بەجێ هێشتبوو و رۆیشتبوون.“
بەشێكی زۆر لە لایەنگرانی ئامەد سپۆر، نیگەرانن بەو هەڵوێستە و پێیان وایە بۆ ساڵی داهاتوو ئەگەر بەو شێوەیە و نەژادپەرستانە مامەڵە لەگەڵ ئامەد سپۆردا بكرێت لە یاری سوپەر لیگ، ئەمە ئەنجامەكەی باش نابێت.
مەتین، لایەنگری ئامەد سپۆرە، دەڵێت كاتێك بینیم پۆلیس دەوری یاریزانە سەنگیالییەكەی داوە، من و سەدانی وەكوو من وایانزانی ژیریی دەستكردە، بەڵام كە زانیمان راستییە، زۆر نیگەران بووین.
مەتین دەڵێت: ”ساڵی داهاتوو بەم شێوەیە پێشوازیمان لێ دەكەن؟ ئەوان فۆبیای كوردیان هەیە، گەرنا چۆن ئاڵای سەنیگالیان لێ دەبێتە ئاڵای كوردستان.“
عەلی ئێكار، كاسبكارێكی ئامەدە، ئەم رووداوەی پێ نەژادپەرستی و جەهالەتە و پێی وایە بۆ ساڵی داهاتوو ئەركی ئامەد سپۆر لەگەڵ ئەو نەژادپەرستانە زۆر زۆر قورس دەبێت.
لە سۆسیال میدیا، كوردەكان زۆر رەخنەیان لەو هەڵوێستەی پۆلیس و ئاساییشی ئیغدر گرتووە و دەڵێن، كەمی مابوو بە تۆمەتی ئەوەی یاریزانە سەنیگالییەكە پەكەكەیە دەستگیری بكەن، ئەمە روویبدایە شەرمێكی گەورە دەبوو بۆ توركیا.
ناهید ئێرین، سەرۆكی یانەی ئامەد سپۆر، داوا دەكات سەركەوتنی ئامەد سپۆر ببێتە هەوێنی برایەتی و چارەسەری پرسی كورد، نەك بەو شێوەیە سووكایەتییان پێ بكەن.
وەهاب جۆشكوون، مامۆستای زانكۆی دیجلە دەڵێت: ”ترسی دەوڵەت و فۆبیای كورد و مامەڵەكردنیان بەو شێوەیە چاوەڕوان كراو بووە. ئەگەر پێویست بكات با ئاڵای سەنیگال بگۆڕن، یان هاووڵاتیبوونی ئێمبایە بگۆڕن، با ببێت بە هاووڵاتی وڵاتێك، ئاڵاكەی رەنگی سەوز و زەرد و سووری نەبێت.“
جۆشكوون باس لەوەش دەكات، تەنانەت لە رەنگی ترافیكیش دەترسن، لە ئامەد تا ماوەیەكی زۆر، لە بری رەنگی سەوز، رەنگی شین لە ترافیكەكاندا دانرابوو، ئەمە فۆبیای كوردی پێ دەڵێن.“
نموونە بە یاریزانێكی ئەرژەنتینی دەهێنێتەوە، بەوەی ئەگەر وەكوو خۆشیدەربڕین رەنگی شین و سپی بەرز بكاتەوە ئاساییە، بەڵام هەر ئەو یاریزانە رەنگی سەوز و زەرد و سوور بەرز بكاتەوە، ئیدی دەڵێن ئەمە كوردە و هەڵدەكوتنە سەری.
بەشێك لە كوردەكان دەڵێن، دەبێت دەوڵەتی توركیا بزانێت، ئامەد سپۆر بۆ كورد، وەكوو بەرشڵۆنە و ئەتلەنتیكۆ بلباو وایە.

