عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
شاعیرە لاوەکــــــــــــــــــــــــــــــــــــان
شاعیر و هونەرمەندی لاوی عێراقی «سەفا سالم ئەسکەندەر» هەمیشە لە بۆشایی نێوان شیعر و وێنەکێشاندا، خەیاڵ نەخشەی هەنگاوەکانی دەکێشێت. خەیاڵ حەقیقەتی داهێنانە، حەقیقەتێكـ کە هێشتا نەمانبینیوە، بەڵام لە داهێناندا دانی پێدادەنێین. ئەو مەودا نەدیتراوە، پەناگە و حەشارگەیەکی کراوەیە بۆ وەرگر، تاکو پاشماوەی ئەو سپێتییە درەوشاوەیەی دنیای وێنە و ئەو بۆشاییە پڕنەكراوەیەی دنیای شیعر پڕ بكاتەوە؛ ئەو بۆشایی و سپێتییە مەرج نییە لای هەمووان هەبێت، لای داهێنەران دەبینرێت. سەفا سالم ئەسکەندەر حەتمییەتی بوونی بۆشایی، درز و کەلێن بە ئازادی داهێنان و بەشداریی وەرگر لە داهێناندا دەبەستێتەوە؛ خەیاڵی تابلۆی هونەری و جوانی شیعریی بە سپێتی و بۆشایی دەسپێرێت.
كەواتە وەک چۆن كە خەیاڵی تابلۆی هونەری هەڵدەنێت- شاعیرە! بەهەمان شێوە كە جوانی شیعری دەنەخشێنێت- هونەرمەندە!. ئەو، مەعریفەی شیعری لە گەمارۆی گوتارە ئاڕاستەكراوەكان دەرباز دەکات و مەعریفەی هونەری بە ئازادی سپێتی دەناسێنێت؟!. بەو مانایەش (مەعریفەی شیعری) هەنگاونانە بەرەو (مەعریفەی هونەری) و گۆشەنیگای جیاوازی داهێنان. لێرەوە سپێتی و بۆشایی دەبێتە شیعرییەتێكـ کە لە لایەکەوە پردێک لە نێوان پرۆسەی نووسینی شیعری و پێكهاتەی هونەری هەڵدەنێت، لە لایەکی ترەوە پێكهاتە هونەرییەکە لە خۆی جیا دەکاتەوە و بە ئازادی و جیاوازییەكانی شیعرییەتی وەرگری دەبەستێتەوە. ئەو هەوڵە هاوکات لە دووبارە خەیاڵکردن و پەیوەندییە ناوەکییەکانی شیعرییەتی داهێنانەوە نزیكە، یان گۆڕینی زانراوە بۆ نەزانراو، بێدەنگییە بۆ سپێتی، بۆشاییە بۆ شیعرییەت و بە پێچەوانەشەوە. دەكرێ بڵێین هەموو ئەوانەی لە كرانەوەی پێکهاتەی تابلۆکانیدایە، لە جیاوازی ئەزموونی شیعرییشدا دەردەكەوێت، واتە هەمیشە خەیاڵ دەیبات، بە دوای جوانیدا بە پێچەوانەشەوە.
«سەفا سالم ئەسکەندەر»ی شاعیر، یەكێكە لە هەشت شاعیرەكەی «گرووپی سفر»ی شیعری عێراقی، کە نە بڕوایان بە خاڵی دەستپێکە و نە کۆتایی؛ هاوکات لەسەر دوو ڕەتکردنەوە كار دەكەن: یەكەم، ڕەتکردنەوەی ئەو شیعرەی کە تەنها واقیع وەسف دەکات، بێ ئەوەی بیهەژێنێت. دووەم، ڕەتکردنەوەی زێدەڕۆیی زمان. چونكە پێیانوایە بێدەنگی لە ئاست توندوتیژی- دڕندەیی و سادەكردنەوەی چەمکەکان، خۆی لە خۆیدا خیانەتە. دەیانەوێ بڵێن، شیعر پێویستییەکی بوونخوازی و هۆشیارییەکی یاخییە، نەک چێژێکی زمانەوانی. لەڕووی جوانکارییشەوە، جەخت لە «دەستپێوەگرتنی شیعری» و «چڕکردنەوەی ئەگەری نوێ» و «پێشنیازکردنی شاراوەکان» دەكەن.
«سەفا سالم ئەسکەندەر»ی شاعیر، لەدایکبووی بەغدا ساڵی ١٩٩٠. هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە زانستی کیمیا- زانکۆی موستەنسریە. شیعر و ڕەسم و هونەرەكانی بینین پێکەوە کۆدەكاتەوە. لە بەرهەمە چاپکراوەکانی: کۆمەڵە شیعری (گەردوون گۆڕستانێکە بۆ تەنیایی من)- دەزگای ئەدەب و هونەر بۆ ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوە، بەغداد- 2017. (ئاوازی ژیانی گوڵێک)- دەزگای سوتور، بەغداد- 2020. (منداڵیی چان)- دەزگای ومچە- جەزائیر. کۆمەڵە شیعری (گۆرانییەکان بۆ ڕۆژی دواتر)- دەزگای نەهچەی عەرەبی- بەیروت. (ژووری خوێنەر)- دەزگای ساعی- بەغدا. (دژ بە خۆشەویستی- کۆتایی شتەکان)- لە بڵاوکراوەکانی یەکێتیی گشتیی ئەدیبان و نووسەران لە عێراق- 2025. هەندێک لە دەقەکانی بۆ زمانەکانی ئیسپانی، ئیتالی و فارسی و كوردی وەرگێڕدراون. پێشانگایەکی هونەری لە وڵاتی هۆڵەندا بە ناونیشانی (نەک جەنگ، بەڵکە هونەر) بە هاوبەشی لەگەڵ شێوەکاری ئێرانی «نیما خدایار» كردۆتەوە.
هەڵبەتە دوو بنەمای سەرەکیی شیعر و وێنەکێشان جوانسازییە! لە کاتێکدا جوانی لە هیچ پێناسەیەکی جێگیردا قەتیس نابێت، بەڵام هەندێک تێڕوانین هەردووکیان لە یەک خاڵدا کۆدەکەنەوە (شیعر وێنەیە بە زمان و وێنە شیعرێکی بێ زمانە)، ئەوە لە جیهانی ئیستاتیکادا یەکێکە لە مەزنترین نزیكبوونەوەكان؛ لێكنزیک كردنەوەی وشە و ڕەنگ و تێکەڵكردنی لەگەڵ بۆشایی و سپێتی وەک ڕەهەندی سێیەم، دەبێتە ئەزموونێكی شیعری و هونەری و تێڕوانینێکی جیاواز بۆ جوانی. ئەوە وەكـ جوانی: بینینی بێدەنگی و دەنگە- لەیەك کاتدا. بینینی دەق یان وێنەیە، بێ ڕەنگ و بێ ڕیتمی دەروونی.
سەفا سالم ئەسکەندەر لە چاوپێكەوتنێكدا كە (أشرف الحسانی) لە (الجزیرە نت) لەگەڵی كردووە، دەڵێت: تێکەڵكردنی بۆشایی لەگەڵ كاری هونەری وەكـ ئەوە وایە مرۆڤێكی بێ خەم و بێ شادی ببینیت! ئایا شتێکی چاوەڕوانکراوە؟ من پێموایە بۆشایی و سپێتی ئەوەی بەدی هێناوە، ئەوەش جوانی هونەرە. بەڵام ڕەنگە پرسیار ئەوە بێ: ئایا من کەسێکی بێ ڕوخسارم خۆش دەوێت؟! ڕەنگە ئەوە پرسیارێکی سادە بێت و هیچ گرنگییەکی نەبێت، بەڵام من خەریکی کارکردنم لەسەر نزیککردنەوەی ئەو شتە مەحاڵانە. ڕەنگە ئەوە جۆرە گفتوگۆیەکی تر لەنێوان وەرگر و کاری هونەرییدا دروست بكات. پڕۆژەیەکی گرنگ و تەواو هۆشیارانەیە کە ئامرازەکانی جوانی و شیعرییەت پێکەوە دەبەستێتەوە. ئەو ئاوێتەبوونە هاوکات بەستنەوەی نێوان بینراو و نەبینراویشە کە ئامانجەکەی ڕۆحێکی كراوەی هاوبەشە. خوێندنەوەیەکی تر و نزیکردنەوەی دیكەی (بینین)ە لە نێوان کارە هونەرییەکان و دەقە شیعرییەکاندا. ڕەنگە ماناکان شێوەیەكی ئەبستراكـ وەرگرن، بەڵام دەتوانم بڵێم: پێش خوێندنەوەی مانا، هونەریی بینین تێکەڵ بە خەیاڵی وەرگر دەبێت و گیانێکی دیكەی زیندو بە تەماشاكردن و خوێندنەوە دەبەخشێت.
لە بارەی شیعری عیراقی دەڵێت: هەمیشە شتێک هەیە کە شیعرییەتی عێراقی لە قۆناغە جیاوازەکاندا جیا دەکاتەوە، بەڵام ئەمڕۆ شاعیرانی عێراقی، سەرقاڵی “دەقی ڕۆژانە”ن؛ وەک ئەوەی لە شیعردا هیچ نەنووسرێت جگە لە (یاداشتی ڕۆژانە) نەبێت. بێگومان من پێموایە ئەوە خزمەت بە شاعیر ناکات، بەتایبەت کاتێک ڕستەی شیعری بە جۆرێک دێتە پێش چاو کە وەک دەقێکی وەرگێڕدراو دەیخوێنیتەوە. هەرچەندە ئەو دۆخە هەموو نەوەکەم ناگرێتەوە، چونكە شاعیرانێک هەن کە خاوەن دەقی بەرزن، لە دەقەکانیاندا دەبینیت کە شاعیر دەزانێت چی دەوێت و خەمی شیعریی لە دەقەکەیدا ڕوون و ئاشکرایە، بێگومان ئەوەش پێویستی بە مەعریفەی شیعریی هەیە. بە بڕوای من جێگەی شەرمەزارییە كە بانگەشەی نووسینی شیعر بکەین و خوێنەرێکی ڕاستەقینە نەبین و هیچ پشتێنەیەکی مەعریفییمان نەبێت. شیعر ژانرێكی گەورە و فراوان و بەرزە. شیعر ئەوەیە کە خەیاڵی جوانی بخولقێنێت.
چۆن باوەڕ بە شاعیرێک بکەم کە (هۆشیارانە) گوێ لە مۆسیقا ناگرێت، یان سەیری کارە هونەرییە مەزنەکان ناکات؟! ئەرکی شاعیر ئەوە نییە کە تەنها لە قاوەخانەکاندا دانیشێت. چونکە جیهانی تر هەن کە دەبێت شاعیر تێیاندا قووڵ بێتەوە. نەوەی ئێمە و ئەو نەوانەی دوای ئێمە دێن، ئازادن؛ مەبەستم مانای ڕەهای وشەکە نییە، بەڵکە مەبەستم ئەوەیە کە نەوەی ئێمە تا ڕادەیەک لە ئایدیۆلۆژیای حزبی ڕایکردووە، بەڵام نەیتوانیووە لە تیرۆر، توندڕەویی ئایینی و شەڕی تایفی دەرباز بێت، بەگشتی لە مەرگ دەرباز بێت. بێگومان ئەو شتانە نەخشەی خۆیان لە ناو دەقە شیعرییەکاندا کێشاوە، بۆیە سەرسام مەبە ئەگەر ببینیت کەسانێک هەن وشەی (مردن) لە دەقە شیعرییەكانی خۆیاندا دووبارە دەکەنەوە.
نەوەی ٢٠٠٣ باوکسالاریی شیعری یان کلتوورییان ڕەتکردەوە ئەگەر بتوانین وا بڵێین، دەیانویست لە بونیادنانی خۆیاندا پشت بە خۆیان ببەستن و بە هیچ شێوازێک سەر بەو نەوانە نەبن کە پێش خۆیان کەوتوون؛ هەرچەندە ئەو قسەیە کاریگەریی تێکەڵاوبوونی شاعیرانی پاش ٢٠٠٣ بە شاعیرانی نەوەکانی پێشوو بەتایبەت نەوەی شێستەکان لانابات، چونکە ئەو ماوەیە لەڕووی کلتوورییەوە پڕ بەخشش و جوولە بوو، قۆناغێکی زۆر گرنگ بوو لە مێژووی شیعری و کلتووریی عێراقدا.
(چەند كۆپلەیەكـ لە شیعرەكانی سەفا سالم ئەسکەندەر)
«دژ بە خۆشەویستی- کۆتایی شتەکان»
وەک هەموو شتێک،
غەریبم؛
من ئەو كەسەم
کە دەبینم:
چاوی جیهان
کونی دەرزییە
و هەموو داوێکیش،
قەدەرە.
*
گۆڕستان، دوا جلوبەرگە کە جەستەم لەبەری بکات.
*
گوڵەکە وەک سەیاب دەمرێت
ئەو، نە مبالغەیەکی گەورە بوو و نە قوڕێکی زیاتر
که لە ژووانی عاشقاندا حەشر بکرێ
یان کەموکوڕی پێ داخەین، وەک ئەوەی خەیاڵمان دەکرد
ئای لە چاوەکانی سەیاب،
دوو خەڵوەتگەی دارخورما بوون
بەڵام كوا كاتی جادووە؟
ئەو ژاوە ژاوەی ژیانیش هەر شتێ لە بێدەنگییە.
*
ڕووبارلە قسان بەڕۆژوو بوو،
تینوومان بوو.
*
ئەگەر سەرباز
جادوگەر بێ،
فیشەکان لە خوودە دەنێ و
ئاشتی دێنێ.
*
«گەردوون گۆڕستانێکە بۆ تەنیایی من»
دەریاکان
و ئەو هەموو ئاوەی دەیبینی؛
فرمێسکی خودان
لە تەنهاییدا.
*
لە تودا دەبم بە زمان،
تا جیهان گوێی
بۆم شل بكات.
*
هەوڵمدا شەوێكـ دروستكەم،
هەموو سێبەرەکانی خۆم
لە ژوورێکدا کۆ کردەوە.
*
لە کتێبخانە گەورەکەی خودا،
لە خەونێکدا
یەکمان بینی،
من و بۆرخیس
ئەو، پێی گوتم: گشت کتێبخانەکان باخچەن
لەسەر زەوی،
تەنهایی دینی خودایە
و هەموو کتێبەكان وەحیین،
خوێنەرانیش پەیامبەرن.
*
بەنێو بەهەشتدا دەگەڕاین،
وەک حاجییان
بە دەوری ڕەفەی کتێبان سوڕاینەوە،
تێروپڕ لە خودامان ڕوانی
و وەک قوتابی
سەیرمان دەکرد،
کە کتێبەکانی پێ بەخشین
بۆ دڵنیایی هەنگاومان نا.
*
دەمرم،
دایکم پارەی نییە
کراسێکی ڕەش بکڕێت؛
هەر تەنها سێبەری خۆی
و
کەمێکیش لە شهوی پۆشی.
*
ئەم گەردوونە
وەكـ گۆڕێکە بۆ تەنهایی
و ئەو شەوە دوور و درێژە
عەبای ڕەشە بۆ شیوەنی بێ كۆتایی
ئادەمیزاد.
*
مردن
هەموو کۆڵانەکانی شار بە خوێن دەڕازێنێتەوە،
وەک فەرشی سوور؛
تاكو پادشا- پاشای مەزن
بەسەریدا هەنگاو بنێ.
***
سەرچاوەكان:
– الأديب والفنان العراقي صفاء سالم إسكندر- الشاعر… الجزيرة نت.
https://www.aljazeera.net › culture
– بلاغة الفراغ والامتلاء في لوحات الفنّان العراقي صفاء سالم اسكندر.
https://tohumagazine.com › article
– ضد الحب نهاية الأشياء، شعر: صفاء سالم إسكندر- ط الأولى 2025، 1، بغداد: منشورات الاتحاد العام للأدباء والكتاب في العراق.
– “جماعة صفر” الشعرية.. مغامرة أدبية عراقية- الشرق للأخبار.
https://asharq.com › culture ›
– الكون قبر لوحدتي، شعر: صفاء سالم اسكندر، دار أدب فن للثقافة والنشر- ط1، 2017.
