کاوە شێخ سەلام
وەک هەمووان دەزانن کوردستان ئەو نیشتمانە پیرۆزەیە کە ئەتوانم بڵێم تەقانە نیشتمانە وەرزەکانی ساڵی بەکاتی خۆی پێدا تێدەپەڕێت و بەو هۆیەشەوە دەتواندرێت باشترین سوودی لێ ببیندرێت و لە ڕیی جووتیارە نموونەییە پێشکەوتووەکانمانەوە زانیمان دەتواندرێت هەموو بەرهەمێکی کشتووکاڵی تێدا بەرهەم بهێندرێت و دانەوێڵە یان ڕووەکێک نیە کە لەسەرخاکی ئێمە سەوز نەبێت یان بێ بەرهەمبێت، لە بەرامبەریشدا هێزی کاری پیویست و زیاتریشمان هەیە و ساڵانە سەدان قوتابی دەبنە خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە کشتووکاڵدا و بەداخەوە بێکار دەبن و بەدوای کارێکدا دەگەڕێن تا بتوانن تواناکانیان بخەنە کار و بە شاییستەیی بژین، لێرەدا پێشنیازێک بۆ سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەگشتی و وەزارەتی کشتووکاڵ بە تایبەتی دەکەم، یاسایەک لە ڕیی پەرلەمانی کوردستانەوە یان ڕێنماییەکی درووستی هەڵسەنگێندراو دەربکات، لەکاتێکدا حکوومەت توانای بەسەر بەکارهێنانی سەرجەم زەویە کشتووکاڵی بەراو و پشتئاو و بەردەڵانەکاندا هەیە، خاوەنی ئەو زەویانە لە سەرجەم گوند و شارەدێ و شارۆچکەکان ئاگادار بکاتەوە هەموو ئەوانەی زەویەک یان زیاتریان هەیە چاندنی تێدا بکەن و دەبێت بەرهەمی ساڵانە یان وەرزییان هەبێت، ئەگەر بەهەر هۆکارێک توانای چاندنیان نییە دەبێت رەزامەندی بدەن بە پیی ڕێنماییەک دەرچووانی کشتووکاڵ زەویەکانیان چ بە دانەوێلە دابچێنن یان درەختی بەریی پڕبکەنەوە و دەبێت بە ڕێژەی سوودی ( دوو لە پێنج ) یان ڕیژەیەکیتر کە بەرژەوەندیی هەردوولا بە پێی بەرهەم لەبەرچاو بگیرێت، دوای هەڵسەنگاندنی لەلایەن کەسانی پسپۆڕ رازی ببن، واتە مافی خاوەندارێتی زەویەکە لەدەست نادەن بەڵام ڕێدەدەن کەسێک وەبەرهێنانی تێدا بکات و سوود بەخاوەن زەویەکە و بەرهەمهێن و ئەو کرێکارانەش بگەیەنێت کە کاری تێدا دەکەن، ئەوەش لە کۆمەڵگەی ئێمەدا کارێکی نامۆ نییە و ئێستاش خەوەنی زەویەکان لە زۆر جێگەدا ئەو کارە دەکەن و زەوی دەدەن بە کەسانێک بە ڕێژەیەک بەرهەمی لێ بەربهێنن، دەمێنێتەوە حکوومەت کە وەک پڕۆژە هەڵسوکەوتیان لەگەلدا بکات بە یاسایی بکات و لە داهاتی خۆی هاوکاری و پشتیوانییان بکات تا دەبنە خاوەنی بەرهەم و دوواتر لێیان وەربگرێتەوە یان بە ڕیکارێک بەرەوڕووی بانکی کشتووکاڵییان بکاتەوە تا پیشیینەیا پێبدات.
بەو هەنگاوەش حکوومەت چەند ئامانجێک دەپیکێت ؛
١- سەرجەم زەویە جێهێڵدراوەکان دەخاتەوە بەرهەمهێنان کە هەم ئاسایشی خۆراک دابینتر دەکات و هەم دەتوانێت بازاڕی بۆ بدۆزێتەوە هەناردەی بکات یان کارخانەیان بۆ دابنێت و لەقوتوونان ئەنجام بدات و ڕکابەریی بەرهەمی هاوردەی لە بازاڕەکاندا پێبکات .
٢- کاریگەریی ئەرێنی بە کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری دەبێت و بەتایبەتی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکانی کشتووکاڵیی لە خوێندنەکانیان نائومێد نابن و بەڵکو زیتر پەرە بەو ئەکادیمیایە دەدرێت.
٣- کۆمەڵێک کرێکاری نوێ دەخرێنە سەرکار بەتایبەتی ئافرەتان دەتوانن بە باشی لەکەرتی کشتووکاڵدا بەشدار بن و ئەوەش کاریگەریی ئەرێنی لەسەر داهاتی خێزانەکان درووست دەکات .
٤- دەبێتە هاندانێک بۆ سەرمایەدارانی ناوخۆ بە تایبەتی تا کارگە و کارخانەی تایبەت بەبەرهەەکان دابمەزرێنن و ڕێژەیەکی باش کرێکار دەخرێتە سەرکار و ناڕەزایەتیەکان بە ئاستێکی باش کەمدەبنەوە .
