ڕائیب جادر – هەولێر
حکوومەتی عێراق بۆ ئەمساڵ بۆ ھەر تۆنێک گەنم ٥٠٠ بۆ ٧٠٠ ھەزار دینار دەدات و ٤٠٠ ھەزار تۆنیش لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەردەگرێت، کە ٢٩٢ ھەزار تۆنی بە پارەی نێو پلان و ١٠٨ ھەزار تۆنەکەی دیکەش بە پارەی دەرەوەی پلان. بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت، چاوەڕوان دەکرێت داھاتی گەنم لە ھەرێمی کوردستان ملیۆنێک و پێنج سەد ھەزار تۆن بێت، لەبەر ئەوە وەرگرتنی ئەو بڕە گەنمە زۆر کەمە، بۆیە ھەموو ھەوڵێکی خۆمان دەخەینە گەڕ تا ئەو بڕە زیاتر بکەین.
حکوومەتی عێراق ساڵانە بە پاساوی گەیشتن بە ئاستی خۆبژێویی ناوخۆیی، پشکی ھەرێمی کوردستان لە وەرگرتنی گەنم کەم دەکاتەوە ئەمەش زیانێکی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.
ڕۆژی سێشەممە، ٥ی ئایاری ٢٠٢٦، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرپەرشتیی ١٨یەمین کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی کرد. بەگوێرەی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێک لە کەرتەکانی کشتوکاڵ، نەوت، بەرگری و نیشتەجێبوون دران.
بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەنجوومەنی وەزیران نرخ و پلانی وەرگرتنی گەنمی بەم شێوەیە پەسەند کرد، ڕەزامەندیی نیشاندا لەسەر ھەموارکردنەوەی نرخی گەنم و پلانی وەرگرتنی بنەتۆوی پلە یەک بۆ وەرزی کشتوکاڵی ٢٠٢٥-٢٠٢٦ بەم شێوەیەی خوارەوە، یەکەم، ٧٠٠ ھەزار دینار بۆ ھەر تۆنێک، بۆ ئەوانەی پلانی کشتوکاڵی دەیانگرێتەوە، دووەم، ٥٠٠ ھەزار دینار بۆ ھەر تۆنێک، بۆ ئەو بڕانەی لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵین، سێیەم، ھەژمارکردنی بەرھەم بە ٩٠٠ کیلۆگرام بۆ ھەر دۆنمێک بۆ ئەو زەوییانەی لە چوارچێوەی سیستمی ئاودێریی نوێدان، ٧٥٠ کیلۆگرام بۆ ھەر دۆنمێک بۆ زەوییە بەراوەکان، ھەروەھا ٣٠٠ کیلۆگرام بۆ ھەر دۆنمێک بۆ زەوییە دێمییەکان، چوارەم، وەرگرتنی بڕی ١٠٠ ھەزار تۆن لە بنەتۆوی پلەی باڵا، بە نرخی ٧٠٠ ھەزار دینار بۆ ھەر تۆنێک، پێنجەم، پشکی ھەرێمی کوردستان لە پلانی وەرگرتنی گەنم بۆ وەرزی کشتوکاڵی (٢٠٢٥-٢٠٢٦)، ٤٠٠ ھەزار تۆن دەبێت، ٢٩٢ ھەزار تۆنی لەنێو پلاندایە و ١٠٨ ھەزار تۆنیشی لە دەرەوەی پلاندایە.
ساڵی ڕابردوو تۆنی گەنم بە ٨٠٠ بۆ ٨٥٠ ھەزار دینار لە جووتیاران وەرگیرا و تاوەکو ئێستاش نزیکەی ١٩٠ ملیار دیناری پارەی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان لای بەغدایە و خەرج نەکراوە.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تەواوی ھەوڵی خۆی خستووەتەگەڕ، بۆ ئەوەی تەواوی بەرھەمی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران بە باشترین شێوە ساغ بکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش سایلۆیەکانی ھەرێمی کوردستان ئامادەکاری دەکەن بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران.
زۆری ڕێژەی باران بارین لەمساڵدا وایکردووە ڕێژەی بەرھەمی گەنم زۆر زیاتر بێت بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، وەکو جووتیاران دەڵێن، ھیچ ساڵێک وەکو ئەمساڵ بەرھەمی گەنم باش نەبووە، ئەوەش ئێمەی دڵخۆش کردووە، بەڵام لە ئێستادا خەمی بە بازاڕکردنمان ھەیە، چونکە کەمی ڕێژەی وەرگرتنی گەنم لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە تەواو ئێمەی نیگەران کردووە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت حکوومەتی عێراق بە ئاشکرا و بەڕۆژی ڕووناک غەدر لە ئێمەی جووتیاران دەکات، بۆیە داوا لە حکوومەتی ھەرێم، بەتایبەتی سەرۆکی حکوومەت دەکەین ئەو کێشەیەمان بۆ چارە بکات و ڕێژەی وەرگرتنی گەنم زیاتر بکات. بەرپرسانی کشتوکاڵیش لە ھەرێمی کوردستان، دەڵێن: حکوومەتی ھەرێم ھەموو کات ھەوڵی داوە بە ھەموو شێوازێک پاڵپشتی جووتیاران بکات و پشتگیری لە کەرتی کشتوکاڵ بکات، بۆیە ھەموو کات لەسەر خەتین بۆ ئەوەی بتوانین باشترین شت بۆ جووتیارەکانمان بکەین.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی ھەرێمی کوردستان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: چاوەڕوان دەکرێت داھاتی گەنم لە ھەرێمی کوردستان ملیۆنێک و پێنج سەد ھەزار تۆن بێت، لەبەر ئەوە وەرگرتنی تەنیا ٤٠٠ ھەزار تۆن لە لایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە زۆر کەمە.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەکی باڵا پێکھێنراوە کە نوێنەری وەزارەتەکانی کشتوکاڵ، پلاندانان و بازرگانیی تێدایە و بە “لیژنەی باڵای ٣٩” ناسراوە، حکوومەتی عێراق ھەر بڕێک دیاری بکات، دەبێت ئەو لیژنەیە ڕەزامەند بێت و واژۆی لەسەر بکات، باسی لەوەش کرد ھەر کاتێک ئاگادار بکرێنەوە لە دیاریکردنی ھەر بڕێک، لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیاری لەسەر دەدەن، بەڵام ئەو بڕە ھێشتا کەمە و لە نامەیەکدا سەرۆکوەزیرانی عێراقمان ئاگادار کردووەتەوە کە دەبێت بڕی پێویست لە گەنمی جووتیارانی ھەرێم وەربگیرێت.
بەغدا بۆ ئەمساڵ ٤٠٠ ھەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەردەگرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە بەرھەمی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن گەنم دەبێت، بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی “ھەولێر” ھەرێمی کوردستان داوای کردووە گەنمی جووتیاران بۆ ئەمساڵ لە ملیۆنێک تۆن کەمتر وەرنەگیرێت، لە ماوەی ڕابردوودا، لیژنەی باڵای ٣٩ و شاندی وەزارەتی بازرگانیی عێراق چەند جارێک کۆبوونەوە، بەڵام نەگەیشتنە ڕێککەوتن. د. زێدا محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی پلانادان و بەدواداچوون لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، دەڵێت: ھەموو ھەوڵێکی خۆمان دەخەینە گەڕ لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق تا بڕی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان زیاتر بکەین، چونکە بڕەکە بەروارد بە بەرھەمی ئەمساڵی جووتیارانی کوردستان زۆر کەمە، ساڵی ڕابردوو کە لە ڕووی کشتوکاڵییەوە بە “وشکەساڵی” ھەژمار کرابوو، ٤٠٠ ھەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەرگیرابوو، بەڵام ئەمساڵ بەرھەمەکە زۆر زیاترە، بۆیە داوا دەکەین زیاتر لە ٤٠٠ ھەزار تۆن گەنم وەربگیرێت، لەگەڵ ئەوەی ئەمساڵ بۆ ھەر تۆنێک گەنم ٧٠٠ ھەزار دینار دیاری کراوە، لە کاتێکدا ساڵی ڕابردوو، بۆ ھەر تۆنێک ٨٥٠ ھەزار دینار بوو، ئەمەش زیانێکی دیکەیە بەر جووتیارانی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەکەوێت.

