ڕائیب جادر – هەولێر
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێکارەکانی ھاوتاکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ دەستپێکردووە و بڕیارە ئەم ھەفتەیە شاندێکی باڵای حکوومەت بۆ واژۆکردنی کۆنووسی کۆتایی سەردانی بەغدا بکەن، بەجێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە، مووچەی زیندانیانی سیاسی لە ٥٠٠ ھەزار دینارەوە بۆ ملیۆنێک و ٢٠٠ ھەزار دینار بەرزدەبێتەوە و سەرجەم ئیمتیازاتەکانی دیکەی زیندانیانی سیاسیی عێراقیش دەیانگرێتەوە.
ئەحمەد مام ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کاروباری زیندانیانی سیاسی لە وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان، ئاشکرای کرد: بۆ ھاوتاکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ، ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ھەیە و دەست بە ڕێکارەکان کراوە.
بە گوتەی ئەحمەد مام ڕەسوڵ، شاندە باڵاکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێکھاتووە لە د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، د. ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەھیدان، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا و د. عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون.
بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کاروباری زیندانیانی سیاسی گوتی: ئەم ھەفتەیە شاندەکە دەچێتە بەغدا بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق و دەزگای زیندانییە سیاسییەکان، لەوێ کۆنووسێکی ھاوبەش واژۆ دەکەن بۆ دیاریکردنی بودجەی پێویست و ھاوتاکردنی مافەکانیان.
ئێستا مووچەی زیندانیانی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان ٥٠٠ ھەزار دینارە، بەڵام بەپێی ڕێککەوتنە نوێیەکە، ئەگەر بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، مووچەکانیان دەبێتە ملیۆنێک و ٢٠٠ ھەزار دینار و سەرجەم ئەو ماف و ئیمتیازاتانە دەیانگرێتەوە کە زیندانیانی سیاسیی عێراق ھەیانە.
پرۆسەی ھاوتاکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسی دوای ئەوە دێت کە لە ٢٧ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری زیندانیانی سیاسیی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ دەزگای زیندانییە سیاسییەکانی عێراق گەیشتنە ڕێککەوتن، دواتر لە ڕۆژی ١٨ـی ئاداری ٢٠٢٦، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە نووسراوی فەرمی ڕەزامەندیی لەسەر ڕێککەوتنەکە نیشاندا.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو ئێستا ٢٥٦١٨ زیندانیی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان پشتڕاستکراونەتەوە، لەو ژمارەیەش ٥٢١٦ کەسیان ئێستا مووچە وەردەگرن ١٧ ھەزار دۆسیەی دیکە ئامادەکراون، بەڵام ھێشتا وردبینییان تێدا نەکراوە.
ئەم ھەنگاوە دوای ئەوە دێت کە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە نووسراوی فەرمی ڕەزامەندی لەسەر ڕێککەوتنی نێوان زیندانیانی سیاسی ھەرێم و دەزگای زیندانییە سیاسییەکانی عێراق نیشاندا، بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیە.

