بە هاوبەشی یەکێتی ئەوروپا و کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی کۆنفرانسێک ساز کرا لە یەکێتی ئەوروپا بە ناو نیشانی “دواڕۆژی کورد و پێکهاتەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” کە پێک هاتبوو لە سێ پانێڵ.
پانێڵەکان لە ژێر ناونیشانی؛ ڕەوشی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕەوشی مەسیحێکان لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕەوشی بەهاییەکان لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشکەشکران.
لە دەستپێکدا وتاری جەنابی سەرۆک خوێندرایەوە لە لایەن خاتوو جۆرجییانا تەیۆدۆرێسکو(ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا).
بە ناوی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، ئاورنگ شاوەیس، سەرۆکی KG Lobby Center بەشدار بوو، لە پەیامێکدا ئەوەی خستەڕوو؛ کورد هەمیشە لەگەڵ پێشهاتەکاندا ژیاوە بە ئارامی و حکوومەتی هەرێم درێژەیداوە بەو پێکەوەژیانە و لە چوارچێوەی یاسایشدا حکوومەتی هەرێم گەرەنتی دەنگی پێکهاتەکانی کردووە بە جۆرێک کە لە پەرلەمانی کوردستان کورسیان بۆ دانراوە. ئەمە بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نمونەی پێکەوە ژیانە.
نوێنەری کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی. ئاورنگ شاوەیس، ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە حکوومەتی هەرێم بە گشت تواناکانییەوە یارمەتی و پاراستنی پێکهاتەکانی خستۆتە ئەستۆی بەڵام ئەوە سنوردارە چونکە کوردستان سەربەخۆ نییە. داوا لە یەکێتی ئەوروپا دەکەین بۆ هاتنە سەر خەت بۆ پاراستنی کورد و کوردستان و گشت پێکهاتەکانی. کوردستانێکی سەربەخۆ دەتوانێت بێ سنور گشت پێکهاتەکان بپارێزێت لە کاتێکدا کوردستان سەربەخۆ بێت و بۆ ئەمە داوا لە یەکێتی ئەوروپا دەکەین پشتگیری کورد بکەن بۆ سەربەخۆیی و پاراستنی کورد و پێکهاتەکانی.
لە کۆنفرانسەکەدا کە ژمارەیەک لە دیپلۆماتکارانی ئەوروپی و کەسایەتییەکانی ڕەوەندی کوردستانی تێیدا بەشدار بوون، گفتوگۆی ورد دەربارەی جیۆپۆلەتیکی نەتەوەیی و پرسی مافەکانی مرۆڤ لە ناوچەکە کرا. بەشێکی سەرەکیی کۆنفرانسەکە تەرخانکرا بۆ خوێندنەوەی وتاری سەرۆک مەسعود بارزانی کە لەلایەن جۆرجینا تیۆدیرۆسۆ، ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپاوە پێشکەش کرا، لە وتارەکەدا جەخت لەسەر پێویستیی پاراستنی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرایەوە وەک نەتەوەیەک کە ڕووبەڕووی ئاستەنگی جۆراوجۆر دەبێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، ئاورینگ شاوەیس، بەرپرسی سەنتەری لۆبی لە کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی مافەکانی کورد چڕتر بکرێنەوە، ناوبراو ڕەخنەی لە سنووردارکردنی ئازادییەکان گرت و ئاماژەی بەوە کرد کە دیموکراسی بەبێ بوونی ئازادییەکی ڕاستەقینە ناتوانێت گوزارشت لە ناوەرۆکی خۆی بکات، هەروەها فەرشید گاردەنی ئاماژەی بە بایەخی ئەم کۆبوونەوانە کرد لە کۆکردنەوەی پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ دۆزی کورد.
وەک دەستکەوتێکی کردەیی، لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا بڕیاری دروستکردنی پلاتفۆرمێکی هاوبەش درا. ئەم پلاتفۆرمە دەبێتە ناوەندێک بۆ کۆبوونەوە و گەڕان بەدوای چارەسەری بۆ کێشەی تەواوی پێکهاتە و نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە جۆرێک کە نوێنەری پێکهاتەکان خۆیان تێیدا بەشدار بن و بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن.
ئەم کۆنفرانسە لە کاتێکدایە کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دۆخێکی ئاڵۆزی سیاسی و ئەمنیدا تێپەڕ دەبێت و پێکهاتە ڕەسەنەکانی ناوچەکە، بەتایبەت کورد و مەسیحییەکان، بەردەوام لەژێر مەترسیی گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییەکاندان، پەرلەمانی ئەوروپا وەک ناوەندێکی بڕیاردانی نێودەوڵەتی، هەوڵ دەدات لە ڕێگەی ئەم جۆرە چالاکییانەوە فشار بخاتە سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دابینکردنی گەرەنتیی زیاتر بۆ پاراستنی مافی کەمینەکان و چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی.

