رۆژنامەی ھەولێر

زیاتر لە ٦٠٠ هەزار ئاوارە لە توركیاوە گەڕاونەتەوە بۆ سووریا

كارزان گلی – هه‌ولێر

رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، بووە هۆی ئەوەی زیاتر یەك ملیۆن و نیو ئاوارەی سووری، لە توركیا و لوبنان و ئوردنەوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

نەتەوە یەكگرتووەكان بڵاوی كردەوە، لە دوای رووخانی بەشار ئەسەد، لە مانگی ١٢ی ٢٠٢٤ەوە یەك ملیۆن و ٦٣٠ هەزار ئاوارەی سووری لە توركیا و ئوردن و لوبنانەوە چوونەتەوە زێدی خۆیان ئیدی لە سووریا ژیان دەگوزەرێنن.
بەگوێرەی زانیارییەكان، ٦٤٠ هەزار ئاوارەی سووریا لە توركیاوە بۆ وڵاتی خۆیان گەڕاونەتەوە، هەروەها ٦٣٠ هەزار ئاوارەی تریش لە لوبنان و ٢٨٥ هەزاریش لە ئوردنەوە.
موستەفا چیفتچی، وەزیری ناوەخۆی توركیا، بۆ پشتڕاستكردنەوەی زانیارییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژەی دا، لە ناوەڕاستی مانگی شوباتەوە، یەك ملیۆن و ٣٦٦ هەزار و ٢١٥ ئاوارەی سووریا گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتی خۆیان.
وەكوو ئەوەی وەزیری ناوەخۆ باسی دەكات، ئاوارەكان بەزۆر ناگەڕێندرێنەوە، گەڕانەوە بۆ سووریا بابەتێكە خۆیان بڕیاری لەبارەوە دەدەن.
لە وڵاتی ئەڵمانیاشەوە ئاوارەی سووری گەڕاونەتەوە، وەكوو ئەوەی نەتەوە یەكگرتوەكان باسی دەكات، تاوەكوو ئێستا شەش هەزار و ١٠٠ ئاوارە گەڕاونەتەوە، بەڵام بەزۆر كەس نەنێردراوەتەوە و ئەوانەی گەڕاونەتەوە بە ئارەزووی خۆیان بووە.
لە ئەڵمانیا ٩٠٠ هەزار ئاوارەی سووری دەژیت، بەڵام دوای ئەوەی رژێمی ئەسەد لە ٢٠٢٤ رووخا، وەكوو بەڕێوەبەرایەتی كۆچ و كۆچبەرانی ئەڵمانیا باسی دەكات، ژمارەی ئاوارەی سووری دوای رووخانی ئەسەد كەمی كردووە.
دەنگۆیەك هەیە، گوایە ئەڵمانیا لەگەڵ حكوومەتی سووریا رێككەوتووە هەموو ئاوارەكان بگەڕێنێتەوە، بەڵام ئاژانسی (DW) ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە و دەڵێن تەنیا ئەو كەسانە دەگەڕێندرێنەوە كە مافی نیشتەجێبوونیان نییە، بۆ ئەوانیش بڕیاری كۆتای نەدراوە و تەنیا كەوتوونەتە گفتوگۆ لەگەڵ حكوومەتی سووریادا.
سێ پارتی سیاسی ئەڵمانیا، وەكوو پارتی سەوز و چەپ و سویال دیموكرات، داوایان كردووە حكوومەت رێگەیان بدات بەسەردانێك بچنە سووریا و لەوێ بەچاوی خۆیان رەوشەكە ببینین و پاشان بڕیاری كۆتایی بدەن لەبارەی گەڕانەوەی ئاوارەكان.
بابەتێكی تریش هەیە لەئەڵمانیا باس دەكرێت، ئەویش زیادكردنی ئەو پارەیەیە كە بۆ ئاوارە گەڕێندراوەكان دیاری كراوە.
ئەڵمانیا بڕی هەزار یۆڕۆی بۆ ئەو كەسانە داناوە كە دەگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان، بەڵام ئاوارەكان ئەو پارە بەكەم دەزانن و داوا دەكەن زیاد بكرێت.
راستە رەوشی ئاساییشی ناوەخۆی سووریا بەرەو باشی دەچێت، بەڵام رەوشی دارایی زۆر خراپە و گەڕانەوەی ئاوارەكان دەبێتە بارگرانییەكی گەورە بۆ حكوومەتی سووریا، بۆیە سووریا گەرم و گووڕ نییە لە گەڕانەوەی ئاوارەكان و فۆكەسی جیدیان لەسەر ئەوەیە چۆن بتوانن رەوشی ئابووریی وڵاتەكەیان باش بكەن و وەبەرهێنی بیانی بهێننە وڵاتەكەیان.