رۆژنامەی ھەولێر

دوو رێگەی یاسایی بۆ خۆبەربژێرکردنەوەی ئەردۆغان

كارزان گلی – هه‌ولێر

یەكێك لەو پرسیارانەی بەردەوام لە میدیاكانی توركیا و جیهاندا دەكرێت لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی توركیا، ئایە رەجەب تەیب ئەردۆغان، چۆن دەتوانێت بۆ جاری سێیەم خۆی بەربژێر بكاتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، چونكە بە گوێرەی دەستووری توركیا بێت، هەر كەسێك بووبێتە سەرۆک، تەنیا دوو جار بۆی هەیە خۆی بەربژێر بكاتەوە.

ئەردۆغان، دەبێت بەشێوەیەكی یاسایی، نەك خۆسەپێن بۆ جاری سێیەم خۆی بەربژێر بكاتەوە، بۆ ئەمەشیان دوو رێگەی یاسایی لە بەردەمیدایە و دەبێت یەكێکیان هەڵبژێرێت.
بەر لەوەی باس لەو دوو رێگەیە بكەین، ئایە ئەردۆغان بۆ خۆی دەیەوێت بۆ جاری سێیەم خۆی بەربژێر بكاتەوە؟ وەڵامەكە بەڵێیە و دەیان جار وتەبێژی ئاكەپە و هەروەها دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە گوتوویەتی، توركیا پێویستی بە ئەردۆغانە و دەبێت ببێتەوە بە سەركۆماری توركیا، ئەمەش دەریدەخات ئەردۆغان مەیلی هەیە خۆی بەربژێر بكاتەوە.
یاساناسانی توركیا، باس لە دوو رێگە دەكەن بۆ ئەوەی ئەردۆغان بتوانێت بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بەبەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی، هەردوو رێگەكەش یاساییە.

رێگەی یەكەم: هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان
بەگوێرەی دەستووری توركیا، ئەگەر كەسێك دوو جار سەركۆماری توركیا بوو، بۆی نییە بۆ جاری سێیەم خۆی بەربژێر بكاتەوە بۆ ئەو پۆستە، بەڵام ئەگەر بێت و لە خولی دووەمی سەرۆكایەتییەكەیدا بەر لەوادەی كۆتایی هاتنی ئەو خولە، پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە و توركیا بباتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەوكات خولی دووەمی بۆ حیساب ناكرێت و دەتوانێت بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بە بەربژێر.
بۆ هەڵوەشانەوەی پەرلەمان، دەبێت ٣٦٧ پەرلەمانتار بەبەڵێ دەنگ بدەن، كە ئێستا پەرلەمانتارەكانی ئاكەپە و مەهەپە و چەند پەرلەمانتارێكی تری پارتە سیاسییەكان ٣٤٠ پەرلەمانتارە، بۆیە دەبێت روو لە دەم پارتی یان پارتی خاس بكات، تا پەرلەمان هەڵوەشێننەوە و بچنە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە.
ئەم رێگەیە بۆ ئەردۆغان و ئاكەپە خراپە و نایگرنە بەر، چونكە ئەگەر توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە بەو حاڵە خراپە ئابوورییەی ئێستاوە، ئەردۆغان ناتوانێت هەڵبژاردن بباتەوە، بەپێچەوانەوە بردنەوەی ئۆپۆزسیۆن ئەگەرێكی بەهێزە، بۆیە ئەگەر لە سەرەتای ٢٠٢٨ رەوشی ئابووریی توركیا بەرەو باشی بچێت، ئەوكات رەنگە پەنا بۆ ئەو رێگەیە ببەن، چونكە بەگوێرەی ئاسایی خۆی هەڵبژاردن لە مانگی ١١ی ٢٠٢٨ ئەنجام دەدرێت، ئەگەر رەوشی ئابووریی باش بكەن، ئەگەر هەیە لە سەرەتای ٢٠٢٨، پەرلەمان هەڵوەشێننەوە، بەو مەرجەی بتوانن دەنگی دەم پارتی یان پارتی خاس بەدەست بهێنن لەناو پەرلەمان بۆ گەیشتن بە ٣٦٧ كورسی.

رێگەی دووەم: هەمواركردنەوەی دەستوور
بۆ هەمواركردنەوەی دەستوور، دوو ئەگەر هەیە، یەكەمیان ئەوەیە بتوانن بەدەنگی ٣٦٧ پەرلەمانتار دەستوور بخەنە ریفڕاندۆمەوە و گەل بڕیار بدات ئایە دەستوور هەموار بكرێتەوە یان نا، بۆ ئەوەی ئەردۆغان بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بەبەربژێر، ئەمەش بۆ ئەردۆغان و ئاكەپە باش نییە، چونكە بەئەگەرێكی زۆرەوە خەڵك بەنەخێر دەنگ دەدات.
ئەگەری دووەم ئەوەیە، بەبێ گەڕانەوەی بۆ گەل، بە دەنگی ٤٠٠ پەرلەمانتار لە كۆی ٦٠٠ پەرلەمانتار، بەبەڵی دەنگ بە هەمواری دەستوور بدەن. ئەگەر ٤٠٠ پەرلەمانتار بە بەڵێ دەنگ بدەن و دەستوور هەموار بكرێتەوە، ئەوكات ئەردۆغان بۆی هەیە بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بە بەربژێر.
بۆ ئەمەیان دەبێت تەواوی دەم پارتییەكان كە ٥٧ پەرلەمانتارن، بەبەڵێ دەنگ بدەن، هەروەها ئاكەپە و مەهەپە و چەند پەرلەمانتارێكی تری سەر بە پارتەكانی تریش ٣٤٣ پەرلەمانتار بن، بەو شێوەیە بەبێ گەڕانەوەی بۆ گەل دەستوور هەموار دەكرێتەوە.