رۆژنامەی ھەولێر

نەخشی بیرەوەرییەکانم، کەژاڵ ئیبراهیم خدر

یاسین قادر بەرزنجی

هەرچەندە ژنان جوانییان لە تریفەی مانگ و پاکییان لە خوڕەی ئاو و بەرزییان لە ئەستێرەکانی ئاسمان وەرگرتووە، هەرچەندە مایە و سەرمایەی ژیانن و دایک و خاوەنی بوونن، دیسانەوە هەرچەندە گوڵەکانی شیعر بۆ پیرۆزی و جوانیی ژنانی ئاشناوڕۆشنا چرۆیان کردووە، بەڵام بەراورد بە ڕەگەزی نێر ژمارەی شاعیرانیان کەمە و لە پانتایی ئەفراندندا کەم بەهرەی درەوشاوە دەبینرێت؛ هاوکات ژمارەیەکیان بوونەتە دەستەخوشکی داهێنان و لە کاروانی شیعری کوردیدا بوونەتە چرا و ناوی درەوشەدار؛ یەک لەوانەیش خاتوو (کەژاڵ ئیبراهیم خدر)، کە گەر چنگی ڕەشی مەرگ لێی گەڕابا، زۆر شیعری نازداری دیکە لە مێشک و دەروونە پاک و بێکینەکەیدا مابوون، بۆ تەمەنی شیعریی ئەو خانمە پاکیزە بەسۆزە.
ئەو لە قەڵادزەی مەڵبەندی جوانی و بەرخودان چاوی هەڵهێنابوو، تا دواساتی بوونیشی سوێی قوربانیانی ئەو شارە لە دڵە گەرمەکەیدا بوو، هێشتا نەبووبووە بیست بەهار کە فریشتەی شیعری لێ بووە میوان و بوو بە هاوەڵی و تا مانگێک بەر لە ماڵاوایی لە وشە و خەمەکانی، لەگەڵیدا ژیا و لێی دوور نەکەوتەوە.
ئەو هاوڕێیەی من کە لەلام تامی خوشکێکی ڕاستەقینەی دەدا، هەمیشە هێمن و سەلار بوو؛ دۆستی گیانی‌بەگیانیی کتێب بوو، ئەمەکدار بوو بۆ کورد و کوردستانەکەی؛ خاوەنی ٣٠ چاپکراوی سەنگین بوو کە بەشێکیان کۆمەڵە شیعرەکانی بوون و بۆ هەمیشە بە نیشانەیەکی بەنرخی کتێبخانەی کوردی دەمێننەوە.
شیعری کەژاڵی رەوانشاد کراونەتە لاتینی وعەرەبی و ئینگلیزی و فارسی و ئەڵمانی و فەڕەنسی و ڕووسی و ئیسپانی، دنیای منداڵانیشی لەیاد نەکردووە و شیعری داوە لە بەرۆکی منداڵانی کورد، چەندین بابەت بە کوردی و عەرەبی لەمەڕ شیعرەکانی نووسراون و ٤٠ خەڵاتی لە کوردستان و چەند وڵاتێکی عەرەبی و ئەوروپاوە پێ بەخشراوە.
یادت بەخێر خوشکە هاوڕێکەم، خانمە بەڕێز و سەنگینەکە، ڕووبارە خاوێن و بێگەردەکە، شیعرە جوانەکەی قەڵادزە، هەمیشە یادت بەخێر کەژاڵ خان گیان.