رۆژنامەی ھەولێر

هۆکارێک ئیرلینگ هالاند لە ریاڵ مەدرید نزیک دەکاتەوە

مامەیارە ئەحمەد – هە‌ولێر

گرێبەستی سەدە … هۆکارێک ئیرلینگ هالاند لە ریاڵ مەدرید نزیک دەکاتەوە
ئاماژەکانی ئەگەر گواستنەوەی ئیرلینگ هالاند بۆ یانەی ڕیال مەدرید بۆ وەرزی داهاتوو دەرکەوتن و ڕەنگە ئەو کارە، دووبارە هێڵی هێرشبەری ئەو یانەیە دابڕێژێتەوە.
ئاماژە نوێیەکان ئەوە دەردەخەن کە ئیرلینگ هالاند هێرشبەری نەرویجیی یانەی مانچستەر سیتی، زۆر نزیک دەبێت لەوەی بچێتە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، ئەو کارە لە ڕووی داراییەوە ڕەنگە زۆر ئەستەم نەکەوێ لەسەر یانەی شایانە، بەڵام یانەکە دەخاتە بەردەم دووڕێیانێک و دەبێ قوربانی بە یەکێک لە ئەستێرە گەورەکانی یانەکە بدات.
ڕۆژنامەی دیفێنسا سێنتڕاڵی ئیسپانی بڵاوی کردەوە، ڕۆژنامەنووس ڕوبێن کانیزارێس، پەیامنێری تۆڕی “ABC”، لە کاتی دەرکەوتنی لە کەناڵی یوتیوبی ڕوبێن مارتین، پێشهاتە سەرنجڕاکێشەکانی سەبارەت بە هالاند ئاشکرا کردووە. کانیزارێس ڕایگەیاندووە، ئەوانەی بە کەسانی نزیک لە هێرشبەرە نەرویجییەکە دادەنرێن، دیارترینیان باوکی، ئارەزووی گواستنەوەیان بۆ یانەی ڕیال مەدرید دەکەن و چالاکانە کاردەکەن بۆ ئاسانکاریکردن.
ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕگەی مەرجسزای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی و ڕێگەپێدانی بە رۆیشتنی یاریزانەکە لە گرێبەستی یاریزانەکە لەگەڵ مانچستەر سیتی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمترە لەوەی پێشتر خەمڵێندراوە و ڕەنگە لە نێوان ١٠٠ بۆ ١٥٠ ملیۆن یۆرۆدا بێت.
بە لەبەرچاوگرتنی گرێبەستە گەورەکەی هالاند بۆ ماوەی نۆ ساڵ، کە لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٥ لەگەڵ مانچستەر سیتی واژۆی کرد- ڕێککەوتنێک کە مێدیاکان وەکوو گەرەنتییەکی تۆکمەی مانەوەی هێرشبەرە نەرویجییەکە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە یاریگەی مان سیتی باسیان لێوە کرد، بەڵام دوای ڕۆیشتنی پیپ گواردیۆلا و هاتنی ئێنزۆ مارێسکا بۆ ئەرکی ڕاهێنەرایەتیی یانە ئینگلیزییەکە، بابەت و باسەکە گۆڕاوە. یانە ئینگلیزییەکە ئاستی زۆر دابەزیوە و نەیتوانیوە هیچ کام لە چوار یاریی ڕابردووی پرێمەرلیگ بباتەوە، ئەو پێشهات و دۆخەش، وا دەکات دیسان قسە لەسەر داهاتووی یاریزانە ئەستێرەکەی بکرێ و ئەگەری ئەوەی لێ چاوەڕێ بکرێ وێستگەیەکی نوێ لە دەرەوەی ئینگلتەرا تاقی بکاتەوە.
کانیزارێس پێشنیاری کرد کە گواستنەوەی هالاند بۆ ڕیاڵ مەدرید وەک سوپرایزێکی گەورە دەبێت، ئاماژەی بەوەش کرد کە باوکی یاریزانەکە زیاتر لە جارێک سەردانی شوێنی سەکۆ و کەسایەتییە گرنگەکانی لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ کردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئارەزووی ئەو بۆ یانە ئیسپانییەکە پێشهاتێکی نوێ نییە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەوانەی لە یاریزانەکەوە نزیکن، پێیان وایە یانەی ڕیاڵ مەدرید بە ئاڕاستەیەکدا دەڕوات کە ڕوانینی بگونجێت لەگەڵ داهاتووی هێرشبەرە نەرویجییەکە. بەڵام لە هەمان کاتدا گومانی خۆی دەربڕی سەبارەت بەوەی کە چۆن هالاند لە پێکهاتەی ئێستادا جێی دەبێتەوە، بەو هۆیەی چەندان ئەستێرە و بەهرەوەری گەورەی هێرشبەری باڵای هەیە.
دووڕیانێکی گرنگ لە پێش ریاڵ مەدریدە، ئەویش دەستبەرداربوون لە ئەستێرەیەکی، یان گونجاندنی هالاند لەگەڵ کیلیان ئمباپێ، جود بێلینگهام و ڤینیسیۆس جونیۆر. رۆژنامەنووسەکە دەڵێ دەڵێت: پێکەوەگونجان و یاریکردنی هەر چوار ئەم ئەستێرەیە پێکەوە لەگەڵ هێرشبەرە نەرویجییەکە هەم لە ڕووی تەکنیکییەوە و هەم لە ڕووی تاکتیکییەوە، کارێکی کردەنی نییە.
زیاتر ڕوونیکردەوە کە هالاند خۆی پێدەچێت پێشبینی نەکات پەیوەندی بە تیپێکەوە بکات کە پڕە لە ئەستێرەی گەورە، بەبێ گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە پێکهاتەکەدا، ئاماژەی بەوەش کرد کە هەر گرێبەستێک پێویستی بە قوربانیدانی یەکێک لە ئەستێرە هێرشبەرەکانی ئێستای ریاڵ مەدرید هەیە. نەک هەوڵبدات هەموویان بخاتە یەک بازنەوە.
ئەو باسەش سەردەکێشێ بۆ ئەگەری دەستبەرداربوونی ئەستێرەی بەڕازیلیی یانەکە ڤینیسیۆس جونیۆر، بەو پێیەی ئاستی ئەو یاریزانە دابەزیوە و هەڵبەزودابەزی زۆریش بە خۆیەوە دەبینێ، هەرچەندە گرێبەستەکەشی نوێ کراوەتەوە و تا ساڵی ٢٠٣٢، ئەوەیش بڕیاری دەستبەرداربوون لەو یاریزانە ئەستەم و گران دەکات.
بیرۆکەی گواستنەوەی هالاند بۆ ڕیاڵ مەدرید پێشهاتێکی نوێ نییە؛ تەنانەت ئینریکی ڕیکێلمی بازرگانی ئیسپانی ناوی ئەو یاریزانەی وەک بەڵێنێک بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان لە کاتی کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی یانەکە لە هاوینی ڕابردوودا خستەڕوو تا گرێبەستی لەگەڵدا بکات. بەڵام ئەوانەی لە یاریزانەکەوە نزیکن- لەنێویاندا بریکارەکەی، ڕافایلا پیمنتا- ڕەتی دەکەنەوە لە ڕابردوودا هیچ دانوستانێک سەبارەت بە گواستنەوەی یاریزانەکە ئەنجام درابێت.

یانەی لیڤەرپوول دەیەوێ بەهرەوەرە مەغریبییەکەی چێڵسی بباتە ریزەکانیەوە
ڕێگاکە لە مەغریبەوە بۆ ئەنفێڵد کورتتر دەردەکەوێت لەوەی کە کەس خەیاڵی بۆ دەکرد. لیڤەرپوول پێشتر سەرکەوتوو بووە لە ڕاکێشانی ڕیۆ نگومۆها لە چێڵسییەوە بۆ ریزەکانی. ئێستا خۆی بۆ کودەتایەکی گەورەی دیکە ئامادە دەکات- ئەمجارەیان بەهرەمەندێکی مەغریبی بەناوی عەبدوڵڵا وەزانە، ئەستێرەیەکی گەنجی ئەیاکس کە خەون بە پۆشینی درێسە سوورە بەناوبانگەکەیەوە دەبینێت.
چیرۆکەکە لە هاوینی ٢٠٢٤ دەستی پێکرد، کاتێک لیڤەرپوول ئەوەی کێشایەوە کە هەندێک بە “واژۆی سەدە” وەسفیان کردووە بە دەستەبەرکردنی نگومۆها لە چێڵسی. ئەم هەنگاوە دڵسۆزانی ستامفۆرد بریجی تووڕە کرد.
هەرچەندە نگومۆها تەمەنی تەنیا 18 ساڵە، بەڵام ئاستی دەرئاسای، بووەتە جێی سەرنج، ئایا لیڤەرپوول تەواوی پێکهاتەیەکی بەهرەمەندی وەک ئەو دروست دەکات؟ وەڵامەکە لە دانانی جولیان وارددایە وەک بەڕێوەبەری وەرزشی نوێی یانەکە- پیاوێک کە دیدگای هەیە کە جیاوازییەکی بەرچاوی لەگەڵ ڕوانگە و شێوازی پێشووی ڕیچارد هیوز هەیە.
ئەرکی وارد ڕوونە: دۆزینەوەی ئەستێرەکانی داهاتوو لە هەموو کونج و قوژبنێکی جیهانەوە. لە پشت پەردەوە شانبەشانی پێدرۆ مارکێس کاردەکات، ڕۆڵێکی سەرەکیی بینیوە لە دامەزراندنی بەهرەمەندە بەڵێندەرەکانی وەک مۆر-تالا ندیای، ئیڤانی ندکۆیی، ساموێل مارتینێز و لۆکا بروگمانس. هەروەها وارد بە سەرکەوتوویی دانوستانەکانی گرێبەستی لەگەڵ ئێریک فارکاس و جوشوا ئابای کردووە و هەندێک لە بەهرەمەندە گەنجە درەوشاوەکانی لیڤەرپوولی بۆ ماوەیەکی درێژخایەن مسۆگەر کردووە. ئێستا، ئامانجی خۆی لەسەر مەغریب داناوە- بە تایبەتی لەسەر عەبدوڵڵا ئۆوازان، کە هەندێک ناویان ناوە “جێنشینی نجومۆها”، نەک تەنیا بەهۆی لێهاتووییە تەکنیکییەکانی بەڵکوو لەبەر ئەوەی هەمان خەون و خولیای هاوبەشی هەیە.
ماڵپەڕی “ئانفیڵد وۆچ” ئارەزووی جددی لیڤەرپوڵی بۆ گواستنەوەی ئەستێرە مەغریبییە تەمەن ١٧ ساڵەکەی ئاشکرا کردووە. سەرەڕای کەمی تەمەنی، پێشتر بەشداریی یارییە نێودەوڵەتییەکانی بۆ مەغریب کردووە و خۆی وەک یاریزانێکی سەرەکی بۆ ئەیاکس جێگیر کردووە، ئەوەش سەلمێنەری ئاستی باڵایەتی.
ئامارەکانی لە ئەیاکس سەرسوڕهێنەرن و زۆر ئامارەکانی نجۆمۆها دەهێنێتەوە یاد. بەپێی سەکۆی “Wyscout”، یاریزانە هێرشبەرە مەغریبییەکە بەشداریی کردووە لە تۆمارکردنی 0.83 گۆڵ لە هەر 90 خولەکێکدا.
ئەم ژمارانە ناوازەن. ئەستێرە مەغریبیەکە خاوەنی توانایەکی تەکنیکیی وەهایە کە ڕکابەری تواناکانی نجۆمۆها دەکات، هەروەها وەک جێنشینێکی ئەگەری فلۆریان ویرتز سەرنج دەدرێت.
لە هەمووی گرنگتر ئەو یاریزانە هاندەری لیڤەرپوولە. پەیوەندیکردن بەو یانەوە خەونێکی منداڵی بووە- مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی لە مەغریب، کە بەدوای یارییەکانی یانەی ڕێدزدا دەگەڕا و خەونی ئەوە دەبینێت ڕۆژێک لە ئەنفێڵد یاری بکات.