رۆژنامەی ھەولێر

ڕێسای زمان

دلاوەر شێخ محەمەد هەرکی
ئەم وتارە بەکورتی و بە شێوازێکی زانستیی ورد، دەوڵەمەند کراوە بە خستنەڕووی بنەماکانی ڕێسای زمانی کوردی و بونیادی ڕستەسازی و ئەرکی ڕێزمانیی کەرتەکانی ڕستەی زمانی کوردی باس دەکەین.

سەبارەت بە پەیوەستبوونی بەشەکانی ڕستە لەسەر شێواز و کرۆکی کردار (کار) لە کۆتاییدا، چۆن بنووسین؟
(SOV – Subject-Object-Verb)

یەکەم:
لە زمانی کوردیدا (بە تایبەت لە داڕشتنی ڕستەسازیی دروست و ئەکادیمیدا)، کردار شوێنی سروشتیی خۆی لە کۆتاییی ڕستە، یان دواکەرتەکاندا دەگرێت.

جیاکردنەوەی جێناوە بەستراوەکان و تەواوکەرەکان لە کردارەکە و بردنیان بۆ پاش کردار (وەک: بڕۆ بۆ بازاڕ، وەرە لەگەڵمان.) زیاتر کاریگەریی ڕستەسازیی زمانانی دیکەیە، یان تەنیا لە ئاخاوتنی ئاساییدا ڕوو دەدات، بەڵام لە نووسینی بێگەرددا هێنانەپێشەوەی تەواوکەرەکان (لەگەڵمان وەرە، بۆ بازاڕ بڕۆ.) بونیادی ڕەسەنی ڕستەسازیی کوردی دەپارێزێت.

ڕوونکردنەوەی زانستی و ڕێزمانی:
١. پێگەی بونیادیی کردار لە کەرتی ڕستەسازیدا:
لە تیۆریی ڕستەسازیی نوێدا، زمانی کوردی سەر بە زمانە “سەر – کۆتایییەکانە.”
ئەمە پێمان دەڵێت لە ئاستی داڕشتنی گرێی کرداریدا (VP – Verb Phrase)، کردارەکە خۆی وەک “سەر” (Head) لە کۆتاییی کۆمەڵە کرداریدا جێگیر دەبێت و سەرجەم تەواوکەرەکان (Complements) و ئاوەڵکردارەکان (Adjuncts) پێشخۆیان دەکەون.

٢. ئەرکی ڕستەسازیی تەواوکەرەکان:
تەواوکەرەکانی وەک (تەواوکەری بەیاریدە، کە بە ئامرازی پەیوەندی دیاری دەکرێت، لە ئاستی قووڵی ڕستەدا، دەبێت بەستراو بن بە خودی کردارەکەوە پێش ئەوەی کردار سەرئەنجامی ڕستەکە بەستنەوە بدات.
کاتێک تەواوکەر، یان جێناوی بەستراو دەبرێتە پاش کردار، دیاردەی پێشوپاشکردنی کەرستەکان) ڕوو دەدات، ئەمە جۆرێکە لە پێشێلکردنی زنجیرەی لۆژیکیی تێکەڵبوونی کەرتەکانی ڕستە، بەمەش ڕستەکە لە نەخشەی فۆنۆلۆجی و ئۆرتۆگرافی ئەکادیمی لا دەدات.

ــ دەر چووم له تاقیکردنەوەکە.
ــ لە تاقیکردنەوەکە دەر چووم.
٣. جیاکردنەوەی ئاخاوتنی شێوەزارەکی لە ڕێنووسی ستاندارد:
لە ئاخاوتندا بەهۆی خێرایی پەیام و پەستانی دەربڕینەوە، ئاخێوەر تەواوکەر یان جێناوە بەستراوەکە دەخاتە دوای کردار (وەک هێنانەپێشەوەی کردار بۆ مەبەستی قسەکەر، یان گرنگیدان بە ڕووداو و جێبەجێکردی داواکاری دەبێت.
وەک: وەرە لەگەڵمان). بەڵام لە نووسینی بێگەرد و فەرمیدا، پێویستە ڕستەکە بگەڕێنرێتەوە سەر بونیادی بنەڕەتی و سروشتیی خۆی، کە بریتییە لە پێشخستنی تەواوکەرەکان لەسەر کردار (لەگەڵمان وەرە).

دووەم:
بونیادی SOV (بکەر + تەواوکەر + کردار، کار)؛ تایبەتمەندیی کردار ئەوەیە؛ کە دەکەوێتە کۆتاییی ڕستەکەوە و تەواوکەر، یان بەرکار، جێناوی بەستراو، یان هاوەڵکردار (هاوەڵکار) و هاوەڵناو پێش کردارەکە دەکەون.

کاریگەری: ئەمە پاراستنی میلۆدی و ڕیتمی سروشتیی زمانی کوردی و ڕوونیی پەیوەندیی نێوان ئامراز و ناوبەستەکانە.

سەیری جیاوازیی لەنێوان دارشتنی بێگەرد و دروست (SOV) و ئاخاوتنی تێکەڵ (SVO) بکەن:
شێوازی هەڵە، ئاخاوتنی تێکەڵ، زمانی بازاڕ (SVO):
ــ تۆ بڕۆ بۆ هەندەران.

شێوازی ڕەسەن و ئەکادیمی (SOV):
ــ تۆ بۆ هەندەران بڕۆ.

ئەمە پێچەوانەی ڕێسای زمانەکەمانە:
زمانی ڕۆژانە.
وەک/
پەرتووکەکە بێنە لەگەڵ خۆت.

ئەمە پابەندە بە ڕێسای زمانەکەمان:
زمانی فەرمی و ئەکادیی:
پەرتووکەکە لەگەڵ خۆت بێنە.

نووسینی (بکەر)، سەرەگرێی ڕستە و هێنانەپێشەوەی تەواوکەرەکان لەپێش کاری ڕستە، جێبەجێکردنی ڕێسای زمانەکەمانە.

ڕوونکردنەوەی زانستی و ڕێزمانی:
١. ترۆپکی ڕستەسازی و پلەبەندبوونی گرێکان:
لە سیستەمی بونیادی SOVدا، بە زنجیرەبەندبوونی گرێکان بەم شێوازەی خوارەوەیە:

لەم هاوکێشە ڕستەسازییەدا، بکەر (Subject) وەک سەرەگرێی سەرەکی لە سەرەتادا دەست پێ دەکات، پاشان تەواوکەر یان بەرکار (Object ،Complement) ناوەڕۆکی بەستنەوە ڕوون دەکاتەوە، لە کۆتاییدا کردار (Verb) کار وەک تێکهەڵکێشکەر و هەڵگری کەس و ژمارە و کات، ڕستەکە کۆتایی پێ دەهێنێت.
٢. پەیوەندیی ئامرازەکان لە شێوازی SVOدا:
لە ڕستەی (تۆ بڕۆ بۆ هەندەران)، یان (پەرتووکەکە بێنە لەگەڵ خۆت)، ئامرازی پەیوەندی (بۆ، لەگەڵ) پاش کردار کەوتوون.

لەبەر ئەوەی لە زمانی کوردیدا ئامرازی پەیوەندی وەک “پێشپێگە”، ( ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر ناوی دوای خۆی، بە بڕینی زنجیرەکە و خستنی کردار لەنێوان بەرکار و ئامرازەکەدا، پەیوەندیی کارپێکردن لاواز دەبێت.

٣. پاراستنی ڕیتم و مۆسیقای زمان:
لە کوردیی فەرمیدا، فشار (Stress) لەسەر دوا بڕگەی کردار، یان سەرەتای ڕستەکەدا چڕ دەبێتەوە.
هێنانی تەواوکەر لەپێش کردار و کاری ڕستە، یارمەتی دروستبوونی شێوازێکی داڕێژراو و ڕوون لە ئینتۆناسیۆن دەدات، کە ئارامیی بیستن و ڕوونیی تێگەیشتن لە مەبەستی داڕێژەر دەپارێزرێت.

سێیەم:
سێ ڕێسای سەرەکی:
١. جێگیربوونی کردار و کار لە کۆتاییی ڕستە، هەر کاتێک تەواوکەر، یان ئاوەڵکردار (هاوەڵکار و هاوەڵناو)، یان بەرکار خرایە دوای کردار، بونیادی ڕستەکە لە بێگەردی و ڕەسەنیی خۆی دەر دەچێت و لە زمانە هیندۆئەورووپییەکانی تر نزیک دەبێتەوە.
٢. کۆکردنەوەی ئامراز و تەواوکەرەکان: ئامرازەکانی پەیوەندیی (بە، لە، بۆ، لەگەڵ و…هتد) دەبێت ڕاستەوخۆ لەگەڵ ناوی تەواوکەرەکەیاندا پێش کردارەکە جێگیر ببن.
٣. لە ڕستەی لێکدراو، ئاوێتەدا: دەستەواژە و ڕستە هۆکارەیییەکاندا، بڕگەی دووەمیش بە هەمان شێواز کردارەکە لە کۆتاییدا دێت.
(وەک: یان لەگەڵمان وەرە، یان بۆ بازاڕ بڕۆ).
تێبینی: ئەمە لە ئەدەبدا، بە تایبەت شیعر ئاسایییە پابەند نەبێت.
وەک:
چێژتم ئەمڕۆ ژەهری مار و
ڕۆحــی شـیریـنـم نـەهـات

ڕوونکردنەوەی زانستی و ڕێزمانی:
١. دابڕانی تایبەتمەندی لە زمانە هیندۆئەورووپییەکانی تر (SVO ،SOV Dif):
هەندێک زمانی وەک ئینگلیزی، یان فەڕەنسی یان عەرەبی (VSO، SVO) کردار لەپێش تەواوکەرەکانەوە دەخەن.
ئەگەر لە کوردیدا ئەم جۆرە تێکەڵکردنە لە نووسیندا پەیڕەو بکرێت، تووشی دیاردەی (کاریگەریی ڕستەی بیانی) دەبینەوە.

پاراستنی ڕێسای یەکەم زامنی پاراستنی کەسایەتیی سەربەخۆی ڕستەسازیی زمانی کوردییە.
٢. گرێی ئامرازی و ڕابەرایەتی لە گرێدا:
ئامرازەکانی (بە، لە، بۆ، لەگەڵ و…هتد) ناوی دوای خۆیان دەکەنە تەواوکەری ئامراز.
ئەم پێکهاتەیە (PP) وەک یەکەیەکی ڕستەسازیی تۆکمە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
تێکشکاندنی ئەم یەکەیە، یان دوورخستنەوەی لە کردار و کاری ڕستە، دەبێتە هۆی شڵەژانی شوێنی کارپێکردن.

ڕێسای دووەم جەخت لەوە دەکاتەوە، کە کلۆستەری (ئامراز + ناو) وەک پێکهاتەیەکی تەواو لەپێش کردارەکە دابنرێت.

٣. هاوسەنگیی ڕستەسازی لە ڕستە ئاوێتەکاندا:
لە ڕستە ئاوێتە، یان لێکدراوەکاندا، سەرجەم بەشە هاوپەیوەندییەکان دەبێت شوێنی سروشتیی کرداری خۆیان لە کۆتاییی هەر یەک لە بەشەکاندا بپارێزن، (مەگەر داڕشتنی ڕەوانبێژی، یان داواکاریی شیعر پێویست بکات).
تێکشکاندنی ڕستەی دووەم دەبێتە هۆی ناهاوسەنگی لە بونیادی ڕستەکەدا.

٤. لادانی ئەدەبی و هۆکاری ڕەوانبێژی لە شیعردا:
لادان لە بونیادی SOV لە شیعردا (وەک لە بەیتەکەی حەریقدا: چێژتم ئەمڕۆ ژەهری مار…) لە ڕووی ڕستەسازییەوە پێی دەگوترێت “لادانی لۆژیکی، یان شیعرانە”.

ئامانج لەم پێشخستن و پاشخستنە، یەکخستنی وەزن، کێش، سەوافی و چڕکردنەوەی جەختکردنی دەروونییە لەسەر کردارەکە (چێژتم)، یان بەرکارەکە، کە لە دەقی ئەدەبیدا ڕەوایەتیی زانستیی هەیە، بەڵام ناکرێت بکرێتە پێوەر بۆ نووسینی پەخشانی فەرمی و ئەکادیمی، یان زمانی نووسین و کارگێڕیی و دامەزراوەیی لە دامودەزگاکان و وێژینەوە زانستییەکان، بۆیە دەبێت توێژەران و نووسەران و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنیش لەم ڕووەوە پابەندی ڕێسای زمانەکە بن.

سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:
ــ بەرەو زمانی پێوەر، لێکۆڵینەوە، ڕێکار ئەحمەد، سوێد، ساڵی ٢٠٢٥
ــ ڕێبەری ڕێنووس و خاڵبەندیی وەزارەتی پەروەردە، دیاکۆ هاشمی، ساڵی ٢٠٢٦
ــ ڕێبەرنامەیا ڕێنڤیسێ، نەوزاد هرۆری، سوێد، ساڵی ٢٠٢٦