رۆژنامەی ھەولێر

کوردستان و عێراق چاوەڕێی کلاسیکۆی دهۆک و هەولێر دەکەن

ئەسعەد ئیسماعیل – هە‌ولێر

 

سبەی کۆتایی بە چاوەڕوانییەکان دێت و یەکێک لە گرنگترین و گەرمترین یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەڕێوەدەچێت کە تێیدا دوو یانەی گەورەی کوردستان و عێراق، دهۆک و هەولێر، لە کلاسیکۆی کوردستان بە یەک دەگەن.

لە گەڕی چواردەیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق سبەی هەینی لە کاتژمێر 7:15 خولەکی ئێوارە دهۆک میوانداریی هەولێری رکابەری لە مێژینەی دەکات.

ئامارەکانیان لەم وەرزە
ئامارەکانی هەردوو یانە لە یەکتر نزیکە، هەولێر بە راهێنەرایەتی لوئەی سەڵاح بە کۆکردنەوەی 20 خاڵ پلەی حەوتەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقی گرتووە.
لە بەرامبەردا دهۆک بە راهێنەرایەتی سلێمان رەمەزان لە پلەی هەشتەمی ریزبەندی دێت، ئەم یارییە دەبێتە چوارەمین یاری هەڵۆیەکان لەژێر سەرپەرشتی راهێنەرە کوردەکەیان سلێمان رەمەزان.

ئامارەکانیان لەمێژوودا
هەمیشە یاریی ئەم دوویانەیە واتایەکی زیاتری لە تۆپی پێ هەبووە، چێژ و تامەزرۆی هاندەرانی هەردوولا لە لوتکەدا بووە.
هەولێر لە دوو کلاسیکۆی پێشوو لە خولی ئەستێرەکانی عێراق سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.
بەگشتی لە دوایین پێنج یاریی نێوانیان، هەولێر چوار یاری بردووەتەوە و تەنیا یەک یاری دۆڕاندووە.

گۆڵکارانی کلاسیکۆ
ئەم وەرزە هەردوو یانە خاوەنی چەندان چەکی کاریگەر و بەهێزن، لە هێڵی پێشەوە هەولێر خاوەنی هێرشبەری بەرازیلی میولین کارڤاڵیۆیە لە 11 یاری ئەم وەرزە چوار گۆڵی کردووە، لە دوایین یاریش لە چامپیۆنزلیگی کەنداو میولین سووپەرهاتریکی لە دژی یانەی کازمەی کوێتی کرد.
جگە لەوەش هەولێر لە رێگەی هێرشبەری نێجیری ئیزێ و ئیبراهیم باییش زۆرترین مەترسی لەسەر تیپی بەرامبەر دروست دەکەن.
لە لایەکی دیکەوە یونس حەموود لە هێڵی پێشەوە چەکی بەهێزی دهۆکە، لەم وەرزە لە کۆی 13 یاری، 7 گۆڵ و 2 ئەسیستی کردووە.
مەحموود مەواس، هێرشبەری پیشەگەری سووری بە خاڵی مەترسی هەڵۆیەکانی بادینان دادەنرێت، بەوپێیەی خێرایەکی زۆری هەیە و ئەزموونێکی زۆریشی لە خولەکە هەیە، بڕینەکانی نایابە و لێدانەکانی بەهێزە.

خاڵی بەهێز و لاوازی هەردوو یانە
دهۆک لەم وەرزە لە دوای یانەی گەرمە خاوەنی دووەم بەهێزترین هێڵی هێرشبەرە، بەو پێیەی لە کۆی 13 یاری رابردووە، 20 گۆڵیان کردووە.
لە بەرامبەردا هەولێر لە کۆی 13 یاری رابردوو 16 گۆڵیان کردووە.
هەولێر لە ریزبەندی شەشەم دێت لەسەر ئاستی ئەو یانانەی زۆرترین گۆڵیان کردووە، بەڵام دهۆک لە پلەی دووەم دێت.
بەڵام خاڵی بەهێزی هەولێر لە بەرگرییەوە، بەوپێیەی لە کۆی 13 یاری رابردوو تەنیا 9 گۆڵی لێکراوە.
لە بەرامبەردا خاڵی لاوازی دهۆک لە بەرگرییە، بەوپێیەی لە کۆی 13 یاری 16 گۆڵی لێکراوە.
ئەم ئامارانە نیشان دەدەن کە هەولێر لە ڕووی پاراستنی دەروازەی گۆڵەکەی ئاستێکی باشتر نیشان داوە و بەهێزترە، بەڵام دهۆک لە ڕووی تۆمارکردنی گۆڵەوە لە هەولێر باشترە.