رۆژنامەی ھەولێر

کچە کوردێکی هەولێری لە پاڵەوانە جیهانییەکەی کیکبۆکسینگ لە ئوزبەکستاندا بە پلەی یەکەم دەرچوو –

دیمانە: حەسەن حەمەد ئاندێکی

قوتابی (ڤیانا کاروان جمیل)، پۆلی ١١ی زانستی لە ئامادەییە کچانەکەی هەولێر و، یاریزانی یاری کیکبۆکسینگ لە یانەوەرزشی ئاڵا و یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق. ئەم وەرزشوانە لە پاڵەوانەتی جیهانی کیکبۆکسینگ لە ئوزبەکستان توانیی پلەی یەکەم بەدەست بێنێت و ببێت بە تاکە یاریزانی کچ لە کیکبۆکسینگدا لە ئاستی عێراق و کوردستاندا. لە دیمانەیەکی رۆژنامەی هەولێردا تیشکی خستە سەریاری کیکبۆکسینگ لە هەرێمی کوردستان و عێراق و، بەشداریکردنی لە پاڵەوانەتی جیهانی WAKO)) لە ئوزبەکستاندا و، بەدەستهێنانی پاڵەوانی جیهانی کیکبۆکسینگ، چۆن توانیوتە هاوسەنگی لەنێوان خوێندن و ڕاهێنانی وەرزشیدا دروست بکات، بەبێ ئەوەی یەکێکیان کاریگەری لەسەر ئەوی تر دابنێت، ڕۆڵی ڕاهێنەران، یانەوەرزشی ئاڵا و خێزانت لە گەیشتن بە ئەم ئاستە و بەدەستهێنانی مێدالیای زێڕین.

چۆن هاتیتە ناو جیهانی کیکبۆکسینگ و ئەو هۆکارەی چی بوون ئەم وەرزشە هەڵبژێریت؟
باوکم راهێنەری ئەم وەرزشە بوو، بۆیە هەر لە منداڵیەوە ئەم وەرزشەم هەڵبژاردو، کاتێک گەورەبووم لەگەڵ خوێنم تێکەڵ بوو، بوو بە خوولیا و ئارەزووم.

بەشداری لە پاڵەوانەتی جیهانی WAKO)) لە ئوزبەکستاندا چۆن هەڵدەسەنگێنیت و چ هەستێکت هەبوو کاتێک نوێنەرایەتیی عێراق و کوردستانت دەکرد؟
کۆمەڵەی جیهانی ڕێکخراوەکانی کیکبۆکسێن (WAKO- World Association of Kickboxing Organizations)، گەورەترین دەستەی فەرمییە کە سەرپەرشتی ئەم وەرزشە لە سەرتاسەری جیهاندا دەکات. یاریزانی یاری کیکبۆکسینگم لە یانەوەرزشی ئاڵا و یاریزانی هەڵبژاردەی عێراقم و، بەشداریم لە پاڵەوانەتیی جیهانی کیکبۆکسینگ لە ئوزبەکستان کرد و، دوای بردنەوەم لە یاریی یەکەمدا توانیم بچمە یاریی کۆتایی بۆ بەدەستهێنانی ناونیشانی پاڵەوانی جیهان و لە یاری کۆتایی ڕووبەڕووی یاریزانی بەهێزی (rank 3)ـی جیهانی ئوزبەکستانی ببمەوە و پلەی یەکەم بە دەستبێنم و، ببم بە تاکە یاریزانی کچ لە عێراق و کوردستان کە تا ئێستا ئەم ئەنجامە گەورە بەدەست بهێنێت و بووم بە یەکەمی جیهان. هەروەها هیچ ئافرەتێک لە کوردستان و عێراق بەشداری لە پاڵەوانەتی کیکبۆکسێنی جیهانی نەکردبوو، بۆیە چاوم لە ئەنجامێکی گەورە بوو کە بتوانم جێدەستی خۆم دیاری کەم و ببم بە یەکەم کچ لە کوردستان و عێراقدا ئەنجامێکی بەرچاو بەدەست بهێنم.

لە یاریی کۆتاییدا ڕووبەڕووی یاریزانێک بوویتەوە کە لە پلەبەندیی جیهانیدا پلەی سێیەمی هەبوو؛ چۆن خۆت بۆ ئەم یارییە ئامادە کرد و چ ستراتیژییەکت بەکار هێنا؟
کاتێک چوومە کۆتایی هەستێکی خۆش بوو کە تەنها یاریەکم ماوە ببم بە پاڵەوانی جیهان، لەگەڵ ستافی ڕاهێنەران سەیری یاری ڕکابەرەکەمان کرد و گوێم بۆ ڕاهێنەرەکەم گرت کە چەند تەکنیکێکی پێ وتم کە بەم شێوەیە یاری بکەم توانیم سەرکەوتن بەدەست بهێنم.

لە ڕووی دەروونی و جەستەییەوە، چ ئاستەنگێکت لە ڕێگای گەیشتن بە پاڵەوانیی جیهاندا هەبوو و چۆن توانییەتی زاڵ بیت بەسەریاندا؟
هەر چەندە ئێمە زۆر ماندوو بووین و کێشەی ڤیزەمان هەبوو و ترانزێتمان زۆر بوو بەڵام ئێمە ئامانجمان زۆر لەوە گەورەتر بوو کە هیچ شتێک ناتوانێت بمانوەستێنێت.

ڕۆڵی ڕاهێنەران، یانەوەرزشی ئاڵا و خێزانت لە گەیشتنت بە ئەم ئاستە و بەدەستهێنانی مێدالیای زێڕین چەند گرنگ بوو؟
من خاوەنی دوو ڕاهێنەری بەئەزموونم کە هەموو کات پشتوپەنامن و، خێزانەکەیشمان وەک چیایەک لەپشتمەوە بوون.

وەک قوتابیی پۆلی یازدەی زانستی، چۆن توانیوتە هاوسەنگی لەنێوان خوێندن و ڕاهێنانی وەرزشیدا دروست بکەیت، بەبێ ئەوەی یەکێکیان کاریگەری لەسەر ئەوی تر دابنێت؟
سوپاس بۆ خوا تاوەکو ئێستا لە خوێندندا توانیومە لە یەکەمەکان (ئەوائیلەکان) بم؛ هاوسەنگیم ڕاگرتووە لە نێوان خوێندن و وەرزشدا.

ئەم سەرکەوتنە تا چەند دەتوانێت ببێتە مایەی هاندانی کچانی کورد بۆ بەشداری لە وەرزشە جەنگییەکان و شکاندنی بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان؟
داواکارم لە وەزارەتی پەروەردە و حکومەتی هەرێم گرنگی زیاتر بە وەرزش بدەن بەتایبەتی لە منداڵان بۆ دروستکردنی ژێرخانێکی وەرزشی بەهێز بۆ دواڕۆژی وڵاتەکەمان.

بەدەستهێنانی پلەی یەکەمی جیهان چ گۆڕانکارییەکی لە ژیانی وەرزشی و کەسیی تۆدا دروست کردووە و چ ئەرکێکی نوێی خستووەتە سەر شان؟
پێویستە بەهێزتر مەشقەکانم بکەم بم بە چرایەکی پێشەنگ بۆ کچانی وڵاتەکەم.

ئایا بەرنامە و ئامانجی تایبەتت هەیە بۆ بەشداری لە پاڵەوانەتییە نێودەوڵەتییەکانی داهاتوو و بەدەستهێنانی ناونیشانە گەورەترەکان؟
یاریزانی هەڵبژاردەی عێراقم بانگهێشت بکرێم بۆ هەر پاڵەوانەتیەک ئامادەم بۆ بەشداریکردن.

پەیامت بۆ کچانی کوردستان چییە، بە تایبەتی ئەوانەی خەونی سەرکەوتنی وەرزشییان هەیە، بەڵام یان ترس لە شکستهێنانەوە دوودڵن لە هەنگاونان بەرەو ئامانجەکانیان؟
لەم سەردەمەدا کە ماددە هۆشبەرەکان و بەلاڕێدابردنی گەنجان زۆرە، داواکارم لە هەموو دایک و باوکێک مناڵەکانیان بەهێز و چاونەترس پەروەردە بکەن و، هەوڵ بدەن هیچ ترسێک نەبێت بە ڕێگر لە پێناو ئەنجامدانی هەر جۆرە وەرزشێک، تاکی بەهێز نیشتمانی بەهێز دروست دەکات.