مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
لە گەڕی شەشەمی خولی تۆپی پێی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی هەولێر لە نێو یاریگەی خۆی (شەهید فڕەنسۆ هەریری) رووبەڕووی یانەی گەرمە بووەوە، کە یەکێکە لە یانە بەهێزەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق، ئاکام یانەی میوان یارییەکەی بە ئەنجامی ٢-١ گۆڵ بردەوە.
هاندەرانی یانەی هەولێر، کە مەزەندە دەکرا ٢٥ هەزار هاندەر بن، بێدەنگیی شەوی هەولێریان شکاند و لە پێش دەستپێکی یارییەکەوە دەستیان بە هاندانی یانەکەیان کرد، بەڵام گۆڵپارێزی یانەکە حەسەن حوسێن، نەیتوانی هەست و دڵی ئەو هاندەرانە ڕابگرێ و لە نیوەی یەکەمدا دوو هەڵەی کوشندەی کرد و بووە هۆی ئەوەی دوو گۆڵ لە یانەی هەولێر تۆمار بکرێ. بەڵام هاندەرانی یانەی ئیمپراتۆر لە هاندان بەردەوام بوون.
لە نیوەی دووەمدا، یانەی هەولێر زوو گۆڵی کەمکردنەوەی ئەنجامی یارییەکەی تۆمار کرد، هەوڵیشی دا گۆڵی دووەم و یەکسانبوون تۆمار بکا، بۆ ئەوەی بە لای کەمەوە خاڵەکانی یارییەکە لەگەڵ تیپی میوان دابەش بکات و هەریەکە و خاڵێکیان هەبێ، بەڵام ئەو هەوڵە سەری نەگرت و نەیانتوانی گۆڵی یەکسانبوون تۆمار بکەن، هاندەرانی یانەکەیش بە دڵشکاوی یاریگەی فڕەنسۆ هەریرییان بەرەو ماڵەکانیان جێ هێشت. کە بەشێکی هاندەران دەیان و سەدان کیلۆمەتریان بڕیبوو بۆ سەیرکردنی یاریی یانەی هەولێر. بەو پێیە یانەی هەولێر ژمارەی خاڵەکانی هەر لە ١٤ خاڵدا مایەوە و یانەی گەرمەش ژمارەی خاڵەکانی بۆ ١٧ زیاد کرد.
لە دوای یارییەکە، ویسترا وا پیشان بدرێ کە بەشێکی هاندەرانی یانەی گەرمە توندوتیژییان بەرانبەر کراوە، بەڵام هیچ بنەمایەکی نەبوو، بەوپەڕی ئارامی و سەلامەتی لەلایەن سەرۆکی یانە و ستافی یانەی هەولێرەوە بەڕێ کران.
دوای ئەوەی ئاشکرا کرا، کە یاریگەی هەولێر ناتوانێ میوانداریی یارییەکانی جامی یانەکانی کەنداو بکا، سەفین یاسین، سەرۆکی یانەی هەولێر، ڕایگەیاند یاریگەیەکی گەورەی نێودەڵەتی بۆ هەولێر دروست دەکرێت و کەناڵێکی تەلەڤزیۆنیش دەکەینەوە.
لەلایەکی دیکەوە، دوێنێ سێشەممە ئاشکرا کرا: لەسەر سکاڵای هەریەک لە یاریزانان رەوا یووسف، ئەرکان ئەمیر، زێدان عەبدولجەبار و لاس کەنعان دەبێت نوێنەری یانەی هەولێر رۆژی پێنجشەممە لە بارەگای یەکێتیی تۆپی پێی عێراق لە بەغدا ئامادە بێت.
هاوکات، بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی یانەی کەربەلا، یانەی هەولێر دوێنێ سێشەممە دوایین یەکەی مەشقی لە شاری هەولێر ئەنجام دا و گەشتی کەربەلای کرد.
ڕیزبەندیی خولی ئەستێرەکانی عێراق دوای گەڕی شەشەم، ئەگەر ٤٣ خاڵی یارییەکەی تەڵەبە و نەورۆز بۆ نەورۆز بژمێردرێ.
1- گەرمە ١٧ خاڵ
2- زەوڕا ١٥ خاڵ
3- نەورۆز ١٤ خاڵ
4- هەولێر ١٤ خاڵ
5- نەوت ١٢ خاڵ
6- شوڕتە ١٢ خاڵ
7- جۆلان ٩ خاڵ
8- زاخۆ ٩ خاڵ
9- دهۆک٨ خاڵ
10- دیالە ٨ خاڵ
11- مووسڵ ٨ خاڵ
12- مینا ٨ خاڵ
13- قوەی جەوییە ٧ خاڵ
14- گازی باکوور ٧ خاڵ
15- کارەبا ٧ خاڵ
16- نەوتی میسان ٧ خاڵ
17- تەڵەبە ٦ خاڵ
18- کەربەلا ٥ خاڵ
19- غەڕڕاف ٥ خاڵ
20- کەرخ ٤ خاڵ.
خشتەی یارییەکانی گەڕی حەوتەم:
کەرخ – نەوتی میسان
زەورا – غەڕڕاف کاتژمێر 09:00ـی شەو
کەربەلا – هەولێر
کاتژمێر 06:45ـی ئێوارە
مووسڵ – نەوت کاتژمێر 06:45ـی ئێوارە
مینا – دهۆک کاتژمێر 09:00ـی شەو
تەڵەبە – جۆلان کاتژمێر 09:00ـی شەو
قوەی جەوییە – دیالە کاتژمێر 06:45ـی ئێوارە
گازی باکوور – نەورۆز کاتژمێر 06:45ـی ئێوارە
گەرمە – زاخۆ کاتژمێر 09:00ـی شەو
شوڕتە – کارەبا کاتژمێر 09:30ـی شەو

