رۆژنامەی ھەولێر

هەولێر پێش چامپیۆنزلیگی کەنداو مەترسییەکانی ڕەواندەوە

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

ئەوەی هاندەرانی یانەی هەولێر پێش یارییەکانی چامپیۆنزلیگی کەنداو لێی دەترسان خەریکە بەتەواوەتی چارەسەر دەبێت. کارگێری یانەی هەولێر تاڕادەیەکی باش کێشەی مووچەی گرێبەستی یاریزانەکانی چارەسەر کرد.

هەولێر شوێنی خۆی لە لوتکە قایمتر کرد
یانەی هەولێر لە دوایین یاری لە خولی ئەستێرەکانی عێراق چوارەمین سەرکەوتنی تۆمار کرد و شوێنی خۆی لە لوتکەی خولەکە قایمتر کرد.
لە گەڕی شەشەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی هەولێر لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری میوانداریی دیالای کرد و یارییەکەشی بە دوو گۆڵی بێوەڵام بردەوە و بە کۆکردنەوەی چواردە خاڵ بەردەوامی دا بە مانەوەی لە پێشەنگی خولی ئەستێرەکانی عێراق.
هیچ یانەیەک لەم وەرزە هێڵی بەرگری و گۆڵپارێزی هێندەی هەولێر پتەو و بەهێز نەبووە شەشەمین یارییە تەنیا یەک گۆڵیان لێکراوە.

هەولێر مەترسییەکانی ڕەواندەوە
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست رۆژنامەی هەولێر کەوتووە، کارگێری یانەی هەولێر 75%ـی پارەی گرێبەستی سەرجەم یاریزانەکانی یانەکەی دا.
لە دوای سەرکەوتنەکەی هەولێر بەرامبەر دیالا، کارگێری یانەی هەولێر بەشێکی دیکەی مووچەی یاریزانەکانی داوە و ئێستا یاریزانەکان تەنیا 25%ـی پارەی گرێبەستەکانیان لای هەولێر ماوە، ئەمەش دڵی یاریزانەکان و هاندەرانی یانەکەی خۆش کرد، چونکە هاندەرانی قەڵای زەرد ترسیان لەوە هەبوو یانەکە پێش یارییەکانی چامپیۆنزلیگی کەنداو کە بڕیارە مانگی داهاتوو دەست پێ بکات کێشەی دارایی بۆ دروست بێت.

نوێترین زانیاری لەبارەی جامی کەنداو
تیروپشکی جامی کەنداو، بۆ یانەکان راکێشرا و یانەی هەولێر لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی سێیەم و لە یاریی لووتکەدابەرامبەر یانەی ئیتیفاقی سعودی یاریی دەکات.
لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، تیروپشکی جامی کەنداو بۆ یانەکان راکێشراو نوێنەری یانە بەشداربووەکان بەشێوەی ئۆنلاین بەشدارییان لەتیروپشکەکەدا کرد و یانەی هەولێر وەکو نوێنەری کوردستان و عێراق لەرکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکەدا کەوتە کۆمەڵەی سێیەمی رکابەرییەکە وبەرامبەر یانەکانی ئیتیفاقی سعودی، عەجمانی ئیماراتی و کازمەی کوێتییاریی دەکات،
ئەمجارە جیاواز لە ساڵانی رابردوو، ژمارەی یانە بەشدارەکانی جامی کەنداو بۆ یانەکان بۆ 12 یانە زیادکراوە و یانەکان بەسەر سێ کۆمەڵەدا دابەشکراون، لە هەر کۆمەڵەیەک سێ یانە هەن و یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە بەشێوازی چوون و هاتن بەڕێوەدەچن.

ئەنجامی تیروپشکی قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی کەنداو
کۆمەڵەی یەکەم؛ نیۆم، دحێل، شەباب، حەزەرمووت
کۆمەڵەی دووەم؛ نەسڕ، قەتەر، زەورا، ریفاع
کۆمەڵەی سێیەم؛ ئیتیفاق، عەجمان، هەولێر، کازمە

کەی جامی کەنداو دەست پێ دەکات؟
قۆناخی دەستپێکی کۆمەڵەکانی جامی کەنداو لە رۆژی 13ـی مانگی داهاتوو دەست پێ دەکات، لە رۆژی 17ـی شووباتی ساڵی داهاتوو قۆناخی کۆمەڵەکان کۆتایی دێت.
لە نێوان 23 بۆ 30ـی مانگی چواری ساڵی 2027 یارییەکانی قۆناخی پێشکۆتایی و کۆتایی پاڵەوانێتییەکە بەڕێوەدەچێت.

دوایین یاریی هەولێر
هەولێر رۆژی دووشەممەی داهاتوو کە دەکاتە 14ـی ئەم مانگە لەنێو یاریگەی فرەنسۆ هەریری میوانداریی گەرمە دەکات، پاشان یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەهۆی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردەی عێراق بۆ جامی کەنداو دەوەستێت.