یاسین ئەحمەد خدر
ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی سەرمادا مەترسی بڕینەوەی داری دارستانەکانی کوردستان دروست دەبێت، ئەمساڵیش بەهۆی چەند هۆکارێکەوە بەتایبەت بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنییەوە ئەو مەترسیە زیاترە، چوونکە بەشێکی هاووڵاتییان دار لەجیاتی سوتەمەنی بۆ چەند بوارێكی وەك: خۆگەرمکردنەوە و خواردن ئامادەکردن بەکاردەهێنن.
ماوەیەکە لەلایەن دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە هەواڵی دەستگیرکردنی کەسانێك لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیسی پاراستنی دارستان و ژینگەی هەرێم لەناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا بڵاودەبێتەوە، ئەمەش بەڵگەیەکی بەهێزە کە لەئێستاوە کەسانێك کەوتونەتە بڕینەوە داری دارستانەکان.
قەزای بازیان لە پارێزگای سلێمانی ناوچەیەکی شاخاوییە و بەشێکی شاخەکانی سنوورەکە بە دارستانی چڕ داپۆشراوە، بە تایبەت شاخی بازیان کە ڕوپۆشە بە دارستانی چڕ، هەروەها شاخی مەحمودی – هاڵە و داریکەلی و پیر مەحمود و…هتد، ئەم دارستانانە کاریگەریان هەیە بۆ پاراستنی ژینگەی سرووشتی ناوچەکە و تەنانەت شاری سلێمانی و ناوچەکانی دیکەی دەوربەر، هەر کارەساتێك بەسەر ئەم دارستانانەدا بێت مەترسی دروست دەبێت بۆسەر ژینگەی ناوچەکە.
پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان ڕۆڵی گەورەیان هەیە لە پاراستنی دارستانەکان و بەردەوام چاودێری بارودۆخەکە دەکەن و کەسانی سەرپێچیکار دەستگیردەکەن و بەپێی یاسا و ڕێنماییەکانی پاراستنی ژینگە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن، بەڵام پاراستنی دارستانەکان لە بڕینەوە تەنها بە ئەوان ناکرێت، چوونکە کەسانی سەرپێچیکار چەندین ڕێگەی جیاواز بەکاردەهێنن بۆ بڕینەوەی دارستانەکان.
هەربۆیە پێویستە لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان بەتایبەت قایمقامیەت و پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ و تەنانەت ئاسایش و موختار و ئەنجوومەنی گوندەکان کە پێکەوە لەگەڵ پۆلیسی دارستان و ژینگە پلانێکی تۆکمە دابنێن بۆ ڕێگریکردن لە بڕینەوەی دارستانەکان، خەڵکی گوندەکان هۆشیار بکەنەوە کە دارستانەکان سامانی نەتەوەیین و بەلەناوچوونیان زیانمەندی سەرەکی خۆمانین، هەروەها ئەو ڕێگەیانە بگیرێت کەلێوەی هاتوچۆ دەکرێت بۆ بڕینەوەی دارەکان و ڕێگە سەرەکییەکانیش بخرێنە ژێر چاودێری بەردەوامەوە.
قەزای بازیان ناوچەیەکی کوێستانی و ساردە و لەهەندێك ڕۆژی وەرزی زستاندا نزمترین پلەی گەرمی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان تۆمار دەکات لەدوای حاجی ئۆمەران و پێنجوێن و هەروەها ماوەی چەندین ڕۆژ زەوی دەیبەستێت و توانای هاتوچۆ سنووردار دەبێت، ئەمەریکا وادەکات کە دانیشتووانی قەزای بازیان پێویستیان بە سوتەمەنییەکی زۆرتر هەبێت لەچاو ناوچەکانی دیکە، هەربۆیە دابینکردنی سوتەمەنی پێویست بەتایبەت بۆ دانیشتووانی گوندەکان هۆکارێکی سەرەکییە بۆئەوەی هاووڵاتییان دوربکەونەوە لە بڕینەوەی دارستانەکان، چوونکە بەشێکی ئەوان بەناچاری دار بەکاردەهێنن و توانای کڕینی سوتەمەنییان نییە.

