رۆژنامەی ھەولێر

نەورۆز و موسڵ لە دۆخێکی هەستیار رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

یانەی زاخۆ پێش یارییەکەی جۆلان لە گەڕی شەشەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق بە توندی سزا درا، یانەی نەورۆز و موسڵ لە دۆخێکی جیاواز و یارییەکی هەستیار رووبەڕیی یەکتر دەبنەوە.

جۆلان ـ زاخۆ
ئەمڕۆ چوارشەممە لە گەڕی شەشەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق یانەی زاخۆ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتەوە میوانی یانەی جۆلان، یارییەکەش لە کاتژمێر 09:00ـی شەو دەکرێت.
بەهۆی رووداوەکانی دوو یاریی رابردووی زاخۆ بەرامبەر یانەکانی زەورا و تەڵەبە، دوو یاریزانی یانەی زاخۆ سز دران و هاندەرێکی یانەکەش بۆ هەتاهەتایە چوونە یاریگەی لەسەر قەدەخە کرا، لە بەرامبەردا یاریدەدرێکی ناوبژیوانی یاریی زاخۆ و تەڵەبە بۆ دوو یاریی داهاتوو راگیرا.
لێژنەی رێککاری و سزایەکان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، زنجیرەیەک سزای بەسەر یانەی زاخۆدا سەپاند، سزیەکانیش پەیوەندی بە دوو یاریی داهاتووی زاخۆیە بەرامبەر یانەکانی زەورا و زاخۆ.
بەهۆی هەڵسوکەوتەکانیان لە یاریی بەرامبەر زەوڕا، مەهدی کەریم سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی زاخۆ لەگەڵ ئەمجەد عەتوان کاپتینی یانەکە بۆ یارییەک سڕ دەکران و بە پێبژاردنی ملیۆنێک دیناریش سزا دران.
لە لایەکی دیکەشەوە، ئۆرینیۆ بەرگریکاری بەرازیلی بەهۆی کارتە سوورەکەی بەرامبەر تەڵەبە بۆ دوو یاریی سڕ کرا و بە پێبژاردنی دوو ملیۆن دیناریش سزا درا.
لە بەرامبەردا سەباح عەبد، وتەبێژی لیژنەی ناوبژیوانانی عێراق لە بارەی ئەو ناوبژیوانەی هێرشی کردە سەر ئۆرینیۆ دەڵێت: هەڵسوکەوتەکەی محەمەد لوئەی یاریدەدەری ناوبژیوانی یارییەکەی زاخۆ و تەڵەبە قبوڵکراو نییە، ئەو داوای لێبوردنی کردووە، لە دوو گەڕی خولی ئەستێرەکان هیچ یارییەک بەڕێوە نابات و پشووی پێدەدرێت.
لە لایەکی دیکەشەوە، سەرکار خالید وەلید هاندەری یانەی زاخۆ بەهۆی هێنانە خوارەوەی ئاڵای عێراق لە یاریگەی زاخۆ، تاهەتایە رێگای پێنادرێت بچێتە ناو یاریگاکان و لە هیچ یارییەک و چالاکییەک ئامادە بێت.

نەورۆز ـ موسڵ
موسڵ بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەورۆز گەشتی سلێمانی کردووە و ئەمڕۆ لە کاتژمێر 09:00ـی شەو رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە.
دۆخی ئەم دوو یانەیە ئەم وەرزە بەتەواوەتی لە یەکتر نزیکە، پێش ئەوەی رووبەڕووی یەکتر ببنەوە، هەر یەکەیان بە کۆکردنەوەی 8 خاڵ لە پلەکانی پێنجەم و شەشەمی ریزبەندی خولەکە بوون. هەر یەکەیان دوو بردنەوە و دوو یەکسانبوون و شکستێکیان هەیە، هەر یەکەشیان لەم وەرزە 8 گۆڵیان کردووە.