رۆژنامەی ھەولێر

ئەمڕۆ بۆ یارییەکانی چامپیۆنزلیگ رۆژێکی ئاگرین دەبێت

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

ئەمڕۆ بەشێکی دیکە لە یارییەکانی وەرزی نوێی چامپیۆنزلیگ بەڕێوە دەچێت، بارسێلۆنا میوانداریی فێینۆردی هۆڵەندا دەکات، پاریسا سانجێرمان یەکەمین یاریی ئەم وەرزەی بەرامبەر یانەی سلۆڤان دەکات.

یانەی بارسێلۆنا دوای سەرکەوتنێکی گەورە لە دەرەوەی یاریگای خۆی لە لالیگا، پەیامێکی ئاگادارکردنەوەی تووندی ئاراستەی ریال مەدریدی رکابەری کرد، دوای ئەوەی بە ئەنجامێکی کوشندە و بە 5-0 لە یانەی ڤالێنسیای بردەوە.

لە یارییەکی باڵادەستدا لە یاریگای ‘مێستایا’، کوڕانی هانزی فلیک سوودیان لە شکستی ریال مەدرید بەرامبەر بێتیس وەرگرت و پێگەی خۆیان لە لووتکەی ریزبەندیی لالیگا بەهێزتر کرد.
لامین یامال، ئەستێرە لاوەکەی بارسا لە خولەکی 6ـدا دەرگای گۆڵتۆمارکردنی واڵا کرد. دواتر فێرمین لۆپێز لە خولەکی 22 بە لێدانێکی بەهێز گۆڵی
دووەمی هەژاند. لە گێمی دووەمدا، رافینیا لە خولەکی 50 گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد، پێش ئەوەی پێدری لە خولەکی 79 گۆڵی چوارەم بکات. لامین یامال جارێکی دیکە گەڕایەوە و لە خولەکی 84 گۆڵی پێنجەمی تیپەکەی و دووەمی خۆی تۆمارکرد و کۆتایی بە ڤالێنسیا هێنا.
بەم بردنەوەیە بارسێلۆنا بەتەنیا لە پێشەنگی ریزبەندی مایەوە و بە 3 خاڵ لە پێش ریال مەدریددا دێت.
بارسێلۆنا بە دەروونێکی ئارام و بەهێز خۆی بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ چوارشەممە بەرامبەر فێینۆردی هۆڵەندا ئامادە کردووە کە بڕیارە یارییەکە لە کاتژمێر 07:45 خولەکی شەو لە یاریگەی کامپ نوو بکرێت.

یارییەکانی دیکەی ئەمشەوی چامپیۆنزلیگ
ئەمڕۆ چوارشەممە لە قۆناخی یەکەمی چامپیۆنزلیگ چوار یاری دیکە لە کاتژمێر 10:00ـی شەو دەکرێت.
(لیڤەرپوول ـ ئاتڵێتیکۆ مەدرید)، (پاریس سانجێرمان ـ سلۆڤان)، (سپۆرتینگ لسبۆنا ـ گەڵاتەسەرای) و (ناپۆلی ـ ئارسیناڵ).