مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
ماستانتۆنۆ ڕیاڵ مەدریدی جێ هێشت و گرێبەستەکە ڕەخنەی لێ کەوتەوە
فرانکۆ ماستانتۆنۆ، ئەستێرەی یانیە ریاڵ مەدرید، بە شێوەی خواستن چووە ڕیزی یانەی فیۆرێنتینای ئیتاڵی.
فرانکۆ ماستانتۆنۆ، گرێبەستی لەگەڵ یانەی ریاڵ مەدرید تا هاوینی ٢٠٣١ـە، بەڵام بە هۆی کەمیی بەشدارییەکانی لە یارییەکانی یانەی ریاڵ مەدرید، وای پێش بوو بە شێوەی خواستن لە یانەکە دەربچێت.
تۆڕی تۆتۆ مێرکاتۆ وێب بڵاوی کردەوە، کە جیۆڤانی گالی، گۆڵپارێزی پێشووی یانەی فیۆرێنتینیا، ڕەخنەی گرتووە لەسەر گرێبەستەکەی ماستانتۆنۆ، سەرەڕای ئەوەی دانی بە بەهرەی یاریزانەکەدا ناوە.
ئەو گۆڵپارێزە وتوویەتی: فرانکۆ ماستانتۆنۆ، جێی سەرنجە، چونکە لە یانەی ریاڵ مەدریدەوە هاتووە، بەڵام پێویستە بزانین کە ئەو کەسایەتییەی هەیە بتوانێ لە نێو تیپێکی بەکۆمەڵدا یەک بگرێ و بگونجێ.
وتیشی: دانیێل پیرتۆنی وتی کە یاریزانێکە دەتوانێ یاری بە یاریزانان بکا، لە تیپێکی ڕێکخراودا ئاساییە کە پێویستت بە یارزانێک بێ بتوانێ بەسەر ڕکەبەراندا سەر بکەوی، بەڵام ناکرێ یانەی فیۆرێنتینا یاریزانێک بهێنێت کە تەنیا بۆ ئەوە بێ کاروانی ژیانی خۆی بنیات بنێت.
باسی لەوەش کردووە، کە پێویستە ماستانتانۆ بۆ ئەوە بێتە یانەکە، تا ئاستی فیۆرێنتینا پەرە پێ بدا و تیپەکە باشتر بکا، ئەمەش کارێکی تەواو جیاوازە.
ماستانتۆنۆی تەمەن ١٨ ساڵان، وەرزی ڕابردوو بەشداریی ٣٥ یاریی یانەی ریاڵ مەدریدی کرد و بە کۆی گشتی ١٤٨٤ خولەک یاریی کرد و سێ گۆڵی کرد و گۆڵێکیشی دروست کرد.
ئارتێتا بە نامەیەکی ڕوون هەوڵی دەستخستنی ڤینیسیۆس جۆنیۆر دەدات
یانەی ئارسناڵ هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات تا لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا گرێبەست لەگەڵ ئەستێرەی ریاڵ مەدرید یاریزانی بەڕازیلی ڤینیسیۆس جۆنیۆردا واژۆ بکات.
چەند ڕاپۆرتێکی گەیشتوو لە ئینگلتەراوە باس لەوە دەکا، کە پەیوەندیی سەرەتایی لە نێوان هەردوو یانەدا هەبووە، سەرەڕای ئەوەی هیچیان لەوە دڵنیا نین.
ڤینیسیۆس جۆنیۆر گەیشتەوە مەدرید، دوای چەند کاتژمێرێک لەوە، ڕوونی کردەوە کە خواستی وا بووە لە ریاڵ مەدرید بمێنێتەوە، بەڵام ڕەوش و ڕێوشوێن و کارەکان گۆڕاون.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی باسی لەوە کردووە، کە میکێل ئارتێتا، راهێنەری گانەرز – تۆپوەشێنەکانی لەندەن – خۆی پەیوەندیی بە یاریزانی بەڕازیلی ڤینیسیۆس جۆنیۆرەوە کردووە و بۆی روون کردووەتەوە کە چەند گرنگە ئەو لە یانەیەکی گەورەی وەکوو ئارسناڵ بێت. بە تایبەت لە دوو وەرزی ڕابردوودا ئاستێکی بەرزی پێشکەش کردووە و تەمای بردنەوەی هەموو ناسناوەکانی هەیە و هەوڵی بۆ دەدات بە بوونی یەکێک لە سەرکردەکانی ریاڵ مەدرید، بە جۆرێک ببێتە تیپێکی گەورەی ئەورووپا.
بیرۆکەی قسەکانی ئارتێتا گەیشتووەتە ڤینیسیۆس جۆنیۆر و ئەویش دەرک بە پڕۆژەی ئارسناڵ بۆ وەرزی ٢٠٢٦ – ٢٠٢٧ دەکات، کە لە ریاڵ مەدرید زۆر ڕوون نییە.
ئێستە ئەوەی ماوەتەوە کە یاریزانە چی بە کارگێڕیی یانەی ریاڵ مەدرید دەڵێ دوای گەیشتنەوەی بە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا.
باس لەوە دەکرێ ئایا ڕێککەوتنێک لە نێوان ئارسناڵ و ڤینیسیۆس جۆنیۆردا هەیە یان نا، کە بریکارانی یاریزانەکە رەتیان کردووەتەوە، بەڵام ناوەڕۆکی پەیامی ئارتێتای راهێنەری ئارسناڵ بۆ ڤینیسیۆس جۆنیۆر، ئەوەیە کە یانەکەی باکووری لەندەن بە جدی گرنگیی بەو یاریزانە دەدەن و تەنیا دەنگۆ و واتەواتی مێدیا نییە.
ئەوەی هەستی پێ دەکرێ، ئەوەیە یاریزانەکە بڕیاری خۆی دەدا، بە تایبەت کە تەنیا یەک ساڵ لە گرێبەستەکەی ماوە، ئەوەیش وا دەکات گەر ئەمساڵ بمێنێتەوە، وەرزی داهاتوو دەبێ بەبێ بەرانبەر دەستبەرداری بێت. لەگەڵ ئەوەیشدا، یانەکە بە بڕەپارەیەکی ئاسان دەستبەرداری نابێت.
لە ڕاستیدا یانەی ڕیال مەدرید لەم هەلومەرجەدا بە بڕی 100 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستی لەگەڵ هازارد واژۆ کرد و لەم ماوەی گواستنەوەیەی ئێستاشدا یانەکە بیر لە گواستنەوەی ڕۆدری دەکاتەوە کە هاوکات ساڵێک لە گرێبەستەکەیدا ماوە، بەرانبەر بڕە پارەیەکی زۆر.
وەکوو هەڕەشەیەک بۆ ریاڵ مەدرید، بەرشلۆنە بۆ ڕۆدری دێتە خەت
یانەی بەرشلۆنە بەردەوامە لەسەر کاری جدی بۆ بنتیانتانی تیپێکی بەهێز بۆ ڕکەبەریکردن لە وەرزی ٢٠٢٦ – ٢٠٢٧ تۆپی پێ.
سەرەڕای ئەوەی هانز فلیکی راهێنەری یانەی بەرشلۆنە، دوو وەرزی باش و نایابی بەڕێ کرد، بەڵام دیکۆ و یاریدەدەرانی، ویستیان لەوەیە کە تیپەکە بەهێزتر بکەن و ئەستێرەی دیکە ببەنە ریزەکانیانەوە.
رۆژنامەی سپۆرتی کاتەلۆنی باسی لەوە کردووە، کە یانیە بەرشلۆنە، ئێستە دەیەوێ گرێبەست لەگەڵ هێرشبەرێکی سەرەڕمدا واژۆ بکات، بەڵام بەرپرسانی یانەکە دەرگەی واژۆکردنی گرێبەستیان لەگەڵ یاریزانانی هێڵەکانی دیکەدا دانەخستووە، گەر هەلی گونجاو هاتە پێشەوە.
دوای هەقتەیەک لەوەی کە ئێزگەی کاتەلۆنیا ڕادیۆ ئاشکرای کرد بەوەی بەرشلۆنە قسەی لەگەڵ مانچستەر سیتی کردووە لەسەر ڕەوشی ڕۆدری، سەرەڕای ئەوەی ریاڵ مەدرید ڕکەبەرێکی سەرەکیی دەستخستنی ئەو یاریزانەیە، بەڵام کادینا سێر باسی لەوە کردووە کە بەرشلۆنە بە وردی چاودێریی دانوستانی نێوان هەردوولا دەکات.
هەروەها یانەی بەرشلۆنە، لەوە دەکۆڵێتەوە تا چەند دەتوانێ بجووڵێ بۆ دەستخستنی ئەو یاریزانەی هێڵی ناوەڕاستی ئیسپانیا، ئەگەر لە کۆتاییدا نەچووە یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی و ئامادەیی خۆی بۆ چوونە بەرشلۆنە دەربڕیوە.
بە پێی زانیارییەکانی رۆژنامەنووس نیل سۆلا لە ئێزگەی کادینا سێر، باسی لەوە کردووە لە نێو یانەی بەرشلۆنە بڕوایەک هەیە، بەوەی دەتوانن گرێبەستەکە جێبەجێ بکەن، ڕۆدری بە یەکێک لە باشترین یاریزانانی جیهان لە شوێنی یاریکردنی خۆی دادەنرێت، شایانی ئەوەیە کە بڕەپارەیەکی زۆری بۆ تەرخان بکرێ تا گرێبەستی لەگەڵدا بکرێ.
بەڵام تەواوکردنی گرێەستەکە و چوونی ڕۆدری بۆ بەرشلۆنە، دەکەوێتە سەر ئەوەی تا چەند یاریزانەکە ئامادەیی ئەوەی تێدایە بچێتە بەرشلۆنە.
دیکۆ وهانز فلیک وای دەبینن، کە هێڵی ناوەڕاست پێرفێکتە و یاریزانی تەواوی هەیە، بەڵام گومان لەوەوە دروست بوو کاتێک فرینکی دی یۆنگ تووشی پێکان هات، بۆیە دەرگە بە رووی سیناریۆی نوێدا کرایەوە.

