رۆژنامەی ھەولێر

مۆراتا پێشتر بەهۆی دایك و باوكییەوە لە هاوسەرەكەی جیابووەوە

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

ئەلڤارۆ مۆراتا، كاپتنی هەڵبژاردەی ئیسپانیا لەوەتەی یۆرۆی 2024ـەوە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەلیسی خێزانی تێكچووە، بەڵام بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەر گەڕانەوە لای یەكتر، بەڵام جاری سێیەمە ئەم دووانە پەیوەندییەكانیان باشتر دەكەنەوە و دواتر لەیەكتر دووردەكەونەوە.

ئەلڤارۆ مۆراتا، ئەستێرەی پێشووی یانەكانی ڕیاڵ مەدرید و ئاتڵێتیكۆ مەدرید و یاریزانی ئێستای یانەی كۆمۆی ئیتاڵیا، دوای شەش مانگ لە جیابوونەوەی لەگەڵ ئەلیس کامپیلۆی هاوسەری، جارێكی دیكە گەڕانەوە لایەك، ئەمەش لە كاتێكدایە ئەو دووانە دەستیان بە رێككارەكانی مامەڵەی جیابوونەوە كردووە.

مۆراتا و ئەلیس باوەشیان لەیەكتر دایەوە
ئەلڤارۆ مۆراتای تەمەن 33 ساڵ لەگەڵ ئەلیس کامپێلۆی 31 ساڵ، بۆ یەكەمجار لە 2017 پەیوەندی سۆزداری و ژیانی هاوبەشیان بەیەكەوە گرێدا، دوای نزیكەی 9 ساڵ لە ژیانی هاوبەشیان شەش مانگ لەمەوبەر بڕیاریاندا لەیەكتر جیابنەوە و مامەڵە و رێككارەكانی جیابوونەوەشیان لە دادگا دەستپێكردووە، بەڵام بڕیاریاندا دەرفەتێکی دیکە بە یەكتر بدەن و هیوایەك بۆ مانەوەی ژیانی هاوبەشی دروست بكەنەوە، ئەمەش سێیەمجار لەوەتەی ساڵی رابردوو هەوڵی لەیەكترنزیكبوونەوە دەدەنەوە.
جاڤی هۆیۆس، رۆژنامەنووسی ئیسپانیا، ئەم هەواڵەی پشتڕاستكردەوە كە مۆراتا و ئەلیس دەیانەوێت پەیوەندییەكانیان دروست بكەنەوە، ئەمەش دوای ئەوە هات لە بۆنەیەكی تایبەت كە دوو رۆژ لەمەوبەر لە مەدرید بەڕێوەچوو مۆراتا و ئەلیس یەكتریان بینی و باوەشیان لەیەكتر دا.
ئەو رۆژنامەنووسە ڤیدیۆیەكی ئەو دووانەی بڵاوكردووەتەوە و نووسیویەتی: مۆراتا ناتوانێت چیتر بەبێ ئەلیس بژیت، چونكە دایكی منداڵەكەیەتی و دەیەوێت هیوایەكی دیكە بۆ بەیەكگەیشتنەوە بنیات بنێنەوە.
ئەلیس كۆمێنتێكی لە ئینستاگرام لەسەر ڤیدیۆیەكەی ئەو رۆژنامەنووسە كردووە و نووسیویەتی: بەراستی سەرسام بووم بە میهرەبانی و هەستیاری هەموولایەك، دڵخۆشبووم بەو هەموو پەیام و پشتگیرییەی لەو كەیسەی ئێمە كرا.
بەگوێرەی سەرچاوەكانی نزیك لە ئەلڤارۆ مۆراتا، ئەم دوو هاوسەرە دەیانەوێت بەشێوەیەكی نهێنی دەرفەتێكی دیكەی بەیەكەوەبوون بەیەكتر بدەن و جارێكی دیكە سەرنجەكانیان بخەنەوە سەر ژیانی خێزانی و منداڵەكانیان، بەوپێیەی ئێستا خاوەنی چوار منداڵن، دووانەیەكیان هەیە بە ناوەكانی ئەلیساندرۆ و لیۆناردۆ كە تەمەنیان 7 ساڵە، لەگەڵ ئیدوار و بێلا.

بۆچی ئەم دووانە بڕیاری جیابوونەوەیان دا بوو؟
ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانیا ئاشكرای كردووە کە ناکۆکی نێوان مۆراتا و هاوسەرەکەی پەیوەندی بە ساڵی 2024 هەیە كاتێك ئیسپانیا نازناوەكەی بردەوە، ئەوكات ئەلیس داوای لە مۆراتا كردبوو دایك و باوكی بانگی نێو یاریگە نەكات و تەنیا لەگەڵ منداڵەكان و ئەو ئاهەنگ بگێرن، بەڵام مۆراتا بە توندی ئەم داواکارییەی ئەلیسی ڕەتكردەوە، لەو رۆژەوە ناكۆكی لە نێوان ئەو دووانە سەریهەڵدا تا گەیشتە ئاستی جیابوونەوە.

گەڕانەوەیەکی سەرسوڕهێنەر
مۆراتا بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام هەمووانی سەرسام کرد و تێیدا دەرکەوت بە زەردەخەنەوە باوەش لە ئەلیس دەدات و ماچی دەكات. مۆراتا لە ژێر وێنەکەدا ئیمۆجی دڵی داناوە و هیچ لێدوانێکی دیکەی نەداوە.
ئەوەی جێگای سەرنجە مۆراتا کۆمێنتەکانی لەسەر پۆستەکە داخستووە بۆ ئەوەی هیچ ریاكت و كۆمێنتێكی نەرێنی نەنووسرێت و كاریگەری لەسەر دروستكردنەوەی پەیوەندییەكانیان نەكاتەوە، سەرەڕای ئەمەش، پۆستەکە لە سۆشیاڵمیدیا بووە ترێند لە ماوەی چەند خولەكێك زیاتر لە 100 هەزار كەس لایكی كرد.
ڕۆژنامەی ماركا نووسیویەتی: لەم دواییانەدا ئەلیس بڕیاریداوە ڕوو لە میلانۆی ئیتاڵیا بکات، بەوپێیەی مۆراتاش یاریی بۆ كۆمۆی ئیتاڵی دەكرد، بۆ ئەوەی زیاتر لە باوکی چوار منداڵەکەی نزیک بێتەوە، ئەو هەنگاوەش یارمەتیدەر بووە بۆ دووبارە دروستکردنەوەی متمانە لەنێوانیان و پێدانی دەرفەتی سێیەمی پەیوەندییەکەیان.