رۆژنامەی ھەولێر

ڕەهەندە فیکری و هونەرییەکان لە ڕۆمانی (کەوتنی ئاسمانەکان)دا

نووسینی: جەبار جەمال غەریب

 

ڕۆمانی (کەوتنی ئاسمانەکان) بەرهەمێکی ئەدەبیی جیاواز، کە بە شێواز، تەکنیک و تێمەیەکی نوێ پێشکەش بە خوێنەران کراوە، ئەم ڕۆمانە تەنیا گێڕانەوەی چیرۆکێکی سادە نییە، بەڵکو ڕووچوونێکی قووڵی دەروونی، کۆمەڵایەتی و سیاسیی کۆمەڵگەی کوردییە لە ڕێگەی تێکەڵکردنی واقیع و لێکەوتەکانی جەنگەوە.
ئاسۆکانی جیهانیبوونی ڕۆمانەکە و ئەگەری بە فیلم بوونی؟
ئەم ڕۆمانە بەهۆی ئەوەی ئێستا وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی ئینگلیزی، دەرگایەکی گەورەی لەبەردەمدا کراوەتەوە بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی ناوخۆیی و هەرێمایەتییەوە بەرەو جیهانیبوون هەنگاو بنێت. ئەگەر کارێکی ڕێکلامی شایستە و پڕۆفیشناڵی بۆ بکرێت لە ناوەندە ئەدەبییە نێودەوڵەتییەکاندا، بە دڵنیاییەوە دەنگدانەوەیەکی گەورە و پێشوازییەکی بێوێنەی لەلایەن خوێنەرانی بیانییەوە لێدەکرێت.
هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە تێمەی ڕۆمانەکە (جەنگ، توندڕەوی، تێکشکانی خێزان، ئایدیۆلۆژیا، کاریگەرییە دەروونییەکانی ململانێ سیاسییەکان) بابەتگەلێکی جیهانین و سەرنجی مرۆڤایەتی ڕادەکێشن. لە لایەکی تریشەوە، بەهۆی دەوڵەمەندیی ناوەڕۆکی دەقەکە بە وێنەی دراماتیکی بەهێز، تەکنیکی ناوازەی گێڕانەوە لە کۆتاییەوە بۆ سەرەتا، ئەو کێشمەکێشە دەروونی و کۆمەڵایەتییە قووڵەی تێیدایە. ئەم ڕۆمانە زەمینەیەکی زۆر لەبار و پوتانسیێلێکی بەهێزی هەیە بۆ ئەوەی لە ئاینده‌دا سەرنجی دەرهێنەرانی سینەما ڕابکێشێت و بکرێتە فیلمێکی سینەمایی جیهانیی سەرکەوتوو.
فوئاد کوڕێکی دانیشتوی گەڕکی سەرشەقامی شاری سلێمانیە، شوفێرە لەنێوان شاری سلێمانی و کەرکوک پاڵەوانی ڕۆمانەکەیە و بەهۆی ئەوەی، کە هاتوچۆی کەرکوک دەکات پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ کچێکی تورکمانی دروستدەکات، ئەو کچە ناوی یوڵدز نوورە، بەڵام کەسوکاری کچەکە بە پەیوەندییەکە دەزانن و هەڕەشە لە فوئاد دەکەن بەهۆی ئەو هەڕەشانەوە فوئاد کەرکوک جێدەهێڵێت.
دوای ئەوەی فوئاد لە سلێمانی لەنزیک مزگەوتی حاجی حەسەنی لۆکە بەئۆتۆمبێلەکەی لەژنێک دەدات ئەمەش دەبێتە سەرەتای دروستکردنی پەیوەندیەکی تری خۆشەویستی ئەویش لەگەڵ کچی ئەو ژنەی بەئۆتۆمبێلەکەی لێدا، کچەکە ناوی ئەڵماسە دوای دەبێتە هاوسەری و منداڵێکی کچیان دەبێت ناوی دەنێن ئاسکۆڵ.
پاشان جارێکیتر فوئاد بە کچە تورکمانیەکە دەگاتەوە و هاوسەرگیری ئەنجام دەدەن، لەویش منداڵێکی کوڕی دەبێت ناوی دەنێت زەینولعابدین/ پاشان ناوەکە دەگۆڕێت بۆ زەینەڵ تۆ بڵێ ئاسۆ.
دوای دەستپێکردنی جەنگی عێراق و ئێران فوئاد وەکو زۆرێک لەو گەنجانەی تر بەناچاری دەبێتە سەرباز دەچێتە بەرەکانی شەڕ سەرەنجام لەیەکێک لەشەڕەکاندا بەدیل دەگیرێت و بۆماوەی هەژدەساڵ لەئێران زیندانی دەکرێت.
یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی ئەم ڕۆمانە، کە سەرنجی من و خوێنەرانی ڕاکێشاوە، شێواز و زمانی گێڕانەوەیەتی. ڕۆماننووس زمانێکی پاراو و ڕوون و قووڵی بەکارهێناوە، دوور لە درێژدادڕی و گرێی ئاڵۆزی زمانەوانی. ئەم جۆرە زمانە، کلیلی سەرکەوتنی ڕۆمانەکەیە و دەکرێت بە شێوازی کارەکانی وەک کافکا، پامۆک، پاولۆ کۆیلۆ و یوستاین گاردەر بەراورد بکرێت. هەروەها ئەو خەیاڵە فرەوانەکەی نووسەر و تەکنیکی دەستپێکردنی ڕۆمانەکە، نووسەر لە ڕووی پێکهاتەی کاتییەوە، شێوازە نەریتییەکەی نەگرتووەتەبەر. لە بری دەستپێکردن لە سەرەتا، یان ناوەڕاستەوە، ڕۆمانەکە لە کۆتایی چیرۆکەکەوە دەست پێدەکات. ئەمەش تەکنیەکێکی سەرنجڕاکێشە، کە خوێنەر ڕاستەوخۆ دەخاتە ناو جەرگەی دەرەنجامەکان و هانی دەدات بەدوای هۆکارەکاندا بگەڕێت. تەکنیکی گواستنەوەی شوێن و پارجە پارچە بوون، ڕۆمانەکە لە ڕووی تەکنیکی پارچە پارچەکردنی ڕووداوەکان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکیتر زۆر وردە، خوێنەر هەست بە بێزاری، یان پچڕانی زنجیرەی ڕووداوەکان ناکات، لە نێوان دۆخی بەندیخانە (لای کارەکتەرەکانی وەک فواد، سەمیر قلی و بورهان حەنتوش) بۆ جیهانی دەرەوە و ژیانی کارەکتەرەکانی وەک ئەڵماس، زوڵەیخا، ئاسۆ و ئاسکۆڵ دەگوازێتەوە. بەکارهێنانی ڕادیۆکەی بەندیخانە وەک بزوێنەرێکی دراماتیکی، لەگەڵ وێنەکانی کاتی دیلبوون و کوشتنی سەربازە عێراقییەکان بەدەستی ئێرانییەکان، ڕەهەندێکی واقیعی و کاریگەری بەخشیوە بە دەقەکە.
ناوەڕۆک و هێڵی سەرەکیی چیرۆکەکە (درۆ)بنیاتی سەرەکیی چیرۆکەکە و سەرجەم ئەو کارەسات و ئاریشانەی لە ڕۆمانەکەدا ڕوودەدەن، لە (درۆ)یەکی کارەکتەری باوک (فواد)ەوە سەرچاوە دەگرن. فواد دوای چەندین ساڵ مانەوە لە بەندیخانەکانی ئێران وەک مرۆڤێکی بێ کەس و ماڵ و خاک دەگەڕێتەوە، بەڵام بە گوتنی تەنیا یەک ڕستەی درۆ، یان نەگوتنی ڕاستییەکە، کە دەڵێت: ئێوە خوشک و بران. خێزانەکەی خۆی تەفروتونا دەکات و چەندین کەس دەکاتە قوربانی. ئەم ڕستەیە وەک لاشەیەکی پڕ لە

بەکتریای لێدێت، کە خێزانەکە لەبەر یەک هەڵدەوەشێنێتەوە. شارێک بە قەبارەی سلێمانی، کە بە گشتی ئاستی ڕۆشنبیری بەرزە، بەڵام لەم دۆخەدا بۆ کارەکتەرەکانی وەک ئاسۆ و ئاسکۆڵ دەبێتە بیابانێک و هیچ هیوایەکی گەڕانەوە و لێبوردەیی تێدا نامێنێتەوە.
ڕەخنەی کۆمەڵایەتی و دەستبردن بۆ تابۆکان، ڕۆماننووس زۆر بوێرانە دەست بۆ تابۆ کۆمەڵایەتییەکان دەبات و پەرژینەکان دەبەزێنێت، نەک تەنیا بۆ سەرنجڕاکێشان، بەڵکو بۆ نیشاندانی ڕووی ڕاستەقینەی کاردانەوەکانی کۆمەڵگا. هێزی جەستە و سێکس: ڕۆماننووس ئاماژە بەوە دەکات، کە چۆن جەستە لە کاتی خەم و شادیدا گوێ بە بەهاکان نادات، بۆ نموونە کاتێک ئاسۆ خەمبارە و زولەیخا سەری بە سینگیەوە دەنوسێنێت، تەنیا هەست بە لایەنە غەریزییەکە دەکرێت، هەروەها ڕەخنە لە تێگەیشتنی ژنان بەرانبەر پیاوان دەگرێت (کاتێک دەڵێت پیاو کەرە). سەقەتیی دیدی پیاوسالاری: کاتێک (ئاسکۆڵ)ی جوان بەهۆی کێشەکەوە شێت دەبێت و دەکەوێتە سەر شەقام، پیاوانی کۆمەڵگا لەبری هاوسۆزی، تەنیا وەک ئامرازێک بۆ دامرکاندنەوەی حەزە سێکسییەکانیان سەیری دەکەن. ئەمەش نیشانەی نزمبوونی ئاستی ڕۆشنبیری و یەکچەشنبوونی دیدی پیاوانە بەرانبەر بە سێکس، توندوتیژی و درۆ.
دوو پەیامی سەرەکی لە پشت ئەم ڕۆمانەوە هەیە: دەرخستنی ئەو کەمتەرخەمییە کۆمەڵایەتی و سیاسییانەی، کە کۆمەڵگا بەرەو لەناوچوون دەبەن و ڕێگرن لە گەشەکردنی کۆمەڵگا. ئەمەش لە دوو خاڵدا چڕ دەبێتەوە:
یەکەم: نەبوونی ئینتیما و بێخەمیی دەزگاکان. دوای ئازادبوونی فواد، نائامادەبوونی تەواوی دامودەزگا فەرمییەکانی حکومەت (چاودێری کۆمەڵایەتی، پەروەردە، پۆلیس و گوتاری ڕۆشنبیری) دەبینرێت. ئەم بێخەمی و نەبوونی ئینتیمایە (چ لە لایەن حکومەتەوە بۆ هاووڵاتی و چ لە نێوان هاووڵاتیان خۆیاندا)، بۆشاییەکی گەورە دروست دەکات. چاکسازی کۆمەڵایەتی لەبری حەواندنەوە، دەبێتە شوێنی دەستدرێژی و تاوان.
دووەم: قۆستنەوەی بۆشاییەکە لەلایەن توندڕەوەکانەوە، نەبوونی گوتارێکی ڕۆشنبیری ڕوون لەلایەن هێزە عەلمانی و دیموکراتەکانەوە، وایکردووە هێزە ئیسلامییە توندڕەوەکان سوود لەم بۆشاییە و نەبوونی ئینتیمای نیشتمانی وەربگرن. ئەوان لە ڕێگەی مزگەوتە بێ چاودێرییەکان و میدیاوە، بە ترساندنی ڕۆحی مرۆڤەکان و تابۆکردنی خۆشییەکانی سەر زەوی، کۆمەڵگایەکی خەسیوی دواکەوتوو پڕ لە ترس بەرهەم دەهێنن.
دروستکردنی هێزی مردن و کۆتاییەکی تراژیدی، کاتێک خێزانی فواد پەرتەوازە دەبن، هیچ دەزگایەکی مەدەنی نییە کچ و کوڕەکە (ئاسۆ و ئاسکۆڵ) بگرێتە خۆی، بۆیە تەنیا مزگەوت و گروپە توندڕەوەکان دەرگایان بۆ دەکەنەوە. ئاسۆ دەبرێتە بنکەیەک لە شاخ و پاشان ئێران بۆ لای موفتی قەندەهاری. لەوێ لە ڕێگەی توندوتیژی و جەڵدلێدان لەلایەن فەقێ ڕەش و شۆردنەوەی مێشکییەوە، لە ڕووی زەینییەوە کۆتایی پێدەهێنرێت، هەر لە سەرەتاوە ناوی دەنێن (شەهید). کارەساتەکە کاتێک قووڵتر دەبێتەوە، کە ئاسۆ ناچار دەکرێت بە چاوی خۆی کوشتنی دڕندانەی دایک و خوشکەکەی (ئەڵماس و ئاسکۆڵ) ببینێت. ئەم گروپانە زۆر بە سیستماتیک هێزی مردن دروست دەکەن، بە جۆرێک، کە چەکدارەکان ژیانیان لە ژێرزەمینە پڕ لە تی‌ ئێن تییەکانی ناو شاردا بەسەر دەبەن و کەسیش پێیان نازانێت.
تێکشکانی سۆزی مرۆیی، لە دیمەنێکی تراژیدیدا، ئاسۆ دێتە ناو شار بۆ ئەنجامدانی کارێکی خۆکوژی، لەوێ باوکی (فواد) دەبینێت و لەبەر سۆزی باوکایەتی و بینینی هیوای کوڕی، پەشیمان دەبێتەوە و نایەوێت خۆی بتەقێنێتەوە. بەڵام لەبەر ئەوەی لە فیکری توندڕەویدا پەشیمانی دادی کەس نادات، هاوڕێکەی (خوبەیب) لە دوورەوە بە کۆنترۆڵ دوگمەکە دادەگرێت و دنیا سوور دەکات بە خوێن، بەو هۆیەوە فوئاد و هیوا و چەند گەنجێکی شاری هەولێر دەبنە قوریانی.
ڕۆمانی (کەوتنی ئاسمانەکان) ئاوێنەیەکە، کە جەبار جەمال غەریب ئەم ئاوێنەیەی بەرانبەر کۆمەڵگەی کوردی ڕاگرتووە، تا سەیری خۆی بکات. ئەم ڕۆمانە هاوارێکە دژی درۆ و بێبایەخی، کە سەرتاپای کۆمەڵگای کوردی گرتۆتەوە، متمانە و ئینتیما خەریکە دەگاتە خاڵی سفر. ڕەخنەیەکی بەهێزە لە نەبوونی دەسەڵاتی مەدەنی و پەروەردەیی، ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی مرۆڤەکان ببنە سووتەمەنیی ئایدۆلۆژیای مردن و تیرۆر. ئەم ڕۆمانە پێویستە بخوێندرێتەوە ئەویش لەبەر دوو هۆکار:-
یەکەم: تا خوێنەری کورد هەست بە گەشەکردنی ڕۆمانی کوردی بکات.
دووەم: تا ئەو خوێنەرانە لە گۆشەنیگا جیاوازەوە لە کۆمەڵگای کوردی بڕوانن.
سەرچاوە :
غەریب، جەبار جەمال، ٢٠١٦، ڕۆمانی کەوتنی ئاسمانەکان، لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەری ئەندێشە. چاپی یەکەم