وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بە شێوەیەکی فەرمی ئەنجامەکانی وەرگرتنی بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٦ – ٢٠٢٧) بڵاو کردەوە. بەپێی ئامارەکان، سەرەڕای ئەوەی پلانی وەرگرتن بۆ زیاتر لە ٦٥ هەزار کورسیی خوێندن بووە، زیاتر لە ٣٩ هەزار پێشکەشکار وەرگیراون.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، کۆی گشتیی پلانی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ ئەمساڵ بریتی بووە لە ٦٥٣٢٤ کورسی. لەبەرامبەردا، کۆی گشتیی دەرچووانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی بریتی بووە لە ٤٠٧١٦ دەرچوو. دابەشبوونی دەرچووان بەپێی بەشەکان بەم شێوەیە بووە:
• دەرچووانی زانستی: ٣٠٨٤٧ قوتابی.
• دەرچووانی وێژەیی: ٧٩٢٣ قوتابی.
• دەرچووانی پیشەیی: ١٢٤٠ قوتابی.
• دەرچووانی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان: ٧٠٦ قوتابی.
سەبارەت بە پرۆسەی پڕکردنەوەی فۆڕم، کۆی گشتیی پێشکەشکاران بریتی بووە لە ٣٩٩٥٠ پێشکەشکار. لەم ڕێژەیە، ٣٢٧٣٩ کەسیان لە پێشکەشکارانی دەرچووی ساڵی ٢٠٢٦ بوون و ٧٢١١ کەسیشیان پێشکەشکاری دەرچووی ساڵانی ڕابردوو بوون.
بەپێی ئەنجامەکان، کۆی گشتیی وەرگیراوان لە سەرجەم بەشەکاندا بریتییە لە ٣٩٠٥٢ قوتابی. لەم ژمارەیە، ٣٢٤٢٢ قوتابی لە دەرچووانی ئەمساڵن و ٦٦٣٠ قوتابییش لە دەرچووانی ساڵانی ڕابردوون. تایبەت بە بەشەکانی زانستی و وێژەیی، کۆی وەرگیراوان ٣٧٩٦٦ قوتابییە. لەو ژمارەیە، ٣١٤٥٦ قوتابی دەرچووی ئەمساڵن و ٦٥١٠ قوتابییش دەرچووی ساڵانی ڕابردوون.
سەبارەت بە دەرچووانی خوێندنگە پیشەییەکان، داتاكان بەم جۆرەن:
• کۆی گشتیی پێشکەشکارانی پیشەیی ٩٠١ کەس بوون (٧٤٧ کەس لە ساڵی ٢٠٢٦ و ١٥٤ کەس لە ساڵانی پێشوو).
• کۆی وەرگیراوان ٧١٦ کەس بوون (٥٩٦ کەس لە ساڵی ٢٠٢٦ و ١٢٠ کەس لە ساڵانی پێشوو).
• کۆی وەرنەگیراوان ١٨٥ کەس بوون (١٥١ کەس لە ساڵی ٢٠٢٦ و ٣٤ کەس لە ساڵانی پێشوو).
• کۆی گشتیی ئەوانەشی کە داواکارییان پێشکەش نەکردووە ٤٩٣ کەس بوون (کە سەرجەمیان دەرچووی ساڵی ٢٠٢٦ن).
هەرچی پەیوەندی بە دەرچووانی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکانەوە هەیە، کۆی گشتیی پێشکەشکاران ٣٧٦ قوتابی بوون، کە ٣٧٠ قوتابییان وەرگیراون. وردەکارییەکەی بەپێی سیستمەکان بەم شێوەیەیە:
• سیستمی ئەمەریکی: ٢٦٤ پێشکەشکار هەبوون و ٢٥٨ قوتابی وەرگیراون.
• سیستمی بەریتانی: ٨٤ پێشکەشکار هەبوون و سەرجەمیان (٨٤ قوتابی) وەرگیراون.
• سیستمی فەرەنسی، IB و ئەڵمانی: ٢٨ پێشکەشکار هەبوون و سەرجەمیان (٢٨ قوتابی) وەرگیراون.
بەپێی ئەو داتایەی خراوەتە ڕوو، دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان، ژمارەی ئەو کورسییەکانی خوێندن کە بە بەتاڵی ماونەتەوە دەگاتە ٢٧٣٩١ کورسی. لەلایەکی دیکەوە، بۆ دەرچووانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کە کۆی ژمارەی قوتابییانیان ٢٧٠٠ کەسە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەرگای پێشکەشکردنیان بۆ دەکرێتەوە.
فەرمانگەى میدیا و زانیاری

