مەسعوود پەرێشان
لەم ڕۆژانەی دوایی، ڕۆمانی “گوڵنار” کەوتە دەستی خوێنەران کە لە نووسینی ڕۆماننووسی دۆستی کورد «عەبدولحەکیم ئەلوائیلی»یە و «عەبدولڕەحمان فەرهادی» کردوویە بە کوردی.
ئەم ڕۆمانە گەشتێکی دەروونیی قووڵ و پڕ لە ئاڵۆزییە بۆ نێو ژیانی پیاوێکی گۆشەگیر، کە بە هاتنی کچە کوردێکی فەیلیی شۆخوشەنگ بە ناوی “گوڵنار”، ژیانە سارد و بێدەنگەکەی ئاوەژوو دەبێتەوە و دەکەوێتە نێو گێژاوێکی سۆزداریی سەختەوە. لەپاڵ ئەم عیشقەدا، دۆزینەوەی وەسیەتنامە و دەفتەرێکی کۆنی تەمومژاوی کە بە پیتی عیبری نووسراوە، دەرگا بەسەر ڕابردووێکی تاریک، خیانەت، خۆشەویستیی قەدەغەکراو و مەرگدا دەکاتەوە. ئایا مرۆڤ دەتوانێت لە تارماییەکانی ڕابردوو ڕزگاری بێت؟ ئەم ڕۆمانە بە چیڕۆکە چنراوەکەی، لە یەکەم لاپەڕەوە تا کۆتایی، خوێنەر بۆ نێو دونیایەک لە سۆز و نهێنی ڕادەکێشێت و ناچارت دەکات بە یەک هەناسە بیخوێنیتەوە.
عەبدولڕەحمان فەرهادیی وەرگێڕی ڕۆمانەکە پێی ڕاگەیاندین:
«ئەم ڕۆمانەم لە ماوەی نزیکەی دوو مانگ لە عەرەبییەوە کرد بە کوردی، کە لە نووسینی ڕۆماننووسی ناوداری عەرەب و دۆستی کورد «عەبدولحەکیم ئەلوائیلی» یە. بە داوای خۆم، ڕۆماننووس پێشەکیی بۆ ئەم چاپە کوردییە نووسیوە. زمانی ڕۆمانەکە شێوەی شیعریی ڕەسەنی عەرەبی بوو، لێیەوە زۆر شتی تازە و وشەی جوانی ئەم زمانە بەهێزە فێر بووم. بە ڕاستی ڕۆمانێکی زۆر بەچێژ و پڕ گرێچن و دەستەواژەی جوانە».
عەبدولحەکیم ئەلوائیلی لەدایکبووی ساڵی ١٩٥٧ی شاری ناسریەیە، خۆیان بە ڕەچەڵەک خەڵکی نەجەفن، لە بنەماڵەیەکی ئایینیی پارێزمەندن، ئەو بە پێچەوانەی ڕەوتی بنەماڵەکەیان، بەرەو چەپڕەوی چووە. خاوەنی چەندین کتێب و دیوانی شیعرییە و ئێستا لە نەجەف نیشتەجێیە.
شایانی باسە ئەم ڕۆمانە دەقێکی سەرنجڕاکێشە و بە زمانێکی کوریی جوان و ڕەوان وەرگێڕدراوە.

