ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
لە دوایین 24 كاتژمێری رابردوو رووداوی جۆراوجۆر بەهۆی یارییەكانی مۆندیال لەسەرتاسەری جیهان روویداوە، بەڵام هیچیان هێندەی خۆپیشاندانەكەی مەكسیك مەترسی لەسەربەڕێوەچوونی مۆندیال دروست نەكردووە، لە لایەكی دیكەیشەوە وەزیری وەرزشی ئێران لەبارەی مۆندیال هۆشداریی دەدات.
دەسەڵاتدارانی مەكسیك بەدوای ناسنامەی خۆپیشان دەران دا دەگەڕێت
لەگەڵ چوونە ژوورەوەی هاندەران بۆ ناو یاریگای مەکسیکۆ سیتی بۆ سەیرکردنی یاریی یەکەمی جامی جیھانی لە نێوان مەکسیک و ئەفریقای باشوور، خۆپیشاندانێک لەلایەن خوێندکاران و گرووپە دژبەرەکانی حکوومەتەوە لەو نزیکانەدا سەریهەڵدا.
خۆپیشاندەران لە زانکۆی UNAM و زانکۆ ناوخۆییەکانی دیکەوە بەرەو شوێنی بەڕێوەچوونی یارییەکە ڕێپێوانیان کرد و ڕەخنەیان لە حکوومەت گرت بەهۆی تێچووەکانی میوانداریکردنی یارییەکان و چەندین پرسی کۆمەڵایەتی دیکە.
هەندێک لە خۆپیشاندەران لەنێویاندا چەند کەسێک کە هەموویان جلی ڕەشیان پۆشتبوو و دەموچاوی خۆیان شاردبووەوە هەوڵیاندا بەربەستی پۆلیسەکان بشکێنن کە پارێزگاری یاریگاکەیان دەکرد و خۆپیشاندانەکانیان بگەینە ناو یاریگا.
ئەوان بەرد و شتی دیکەیان گرتە پۆلیسەکان، لە کاتێکدا پۆلیس بە ئامرازەکانی کۆنترۆڵکردنی ئاژاوە، لەوانەش ئامێرەکانی دروستکردنی دەنگی تەقینەوە (بۆ بڵاوەپێکردن)، وەڵامی دانەوە.
بەگوێرەی ئاژانسەكانی مەكسیكی، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە خەریكی دۆزینەوەی بكەر و كەسانی پشت سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكانن، چونكە مەترسی هەیە لە یارییەكانی دیكەی داهاتوو خۆپیشاندان و گرژییەكان لەو وڵاتە زیاتر بێت.
وەزیری وەرزشی ئێران هۆشداری دەدات
ئەحمەد دونیا مالی وەریزی وەرزشی ئێران هۆشداری دەداتە رێکخەرانی مۆندیالی 2026، لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکانیان لە پاڵەوانێتیەکە بێجگە لە ئاڵای وڵاتەکەیان ئاڵای هەر وڵاتێکی دیکە لە یاریگا بەرز بکرێتەوە، ئەوان یارییەکە دەوەستێنن و ئامادە نابن بەردەوام بن لە یاریکردن.
وەزیرە ئێرانیەکە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەشی گوت لە ئەگەر گووتنەوەی دروشمی دژبەرەکانیان، ئەو کاتەش یارییەکە دەوەستێنن، بۆیە باشتروایە رێکخەرانی مۆندیال زۆر بە وردی چاودێری یارییەکانیان بکەن.
هەڵبژاردەی ئێران لە قۆناغی كۆمەڵەكانی مۆندیالی 2026 هاوشانی هەڵبژاردەكانی نیوزلەندا، میسر و بەلجیكا یاری دەكەن، بەرەبەیانی سێشەممە یەكەمین یارییان لە مۆندیال لە كاتژمێر 04:00ـی بەرەبەیان لە دژی نیوزلەندا دەبێت.
فەڵەستینییەكان خۆیان بە مۆندیالەوە سەرقاڵ كردووە
مۆندیالی 2026 دەستیپێكردووە، لە سەرەتانسەری دونیا خەڵكانێك زۆر سەرقاڵن بە سەیركردنی یارییەكان، لەم نێوەندەدا ئاوارە فەڵەستینییەکانیش لە قاوەخانەیەک لە شاری خان یونس کۆبونەتەوە بۆ سەیرکردنی یەکەم یاریی جامی جیھانی لە نێوان هەردوو هەڵبژاردەی مەکسیکی میوانداری و ئەفریقای باشوور.
سەرەڕای ئەو دۆخە ئاڵۆزەی لە ناوچەکانی سنوری فەڵەستین هەیە، بەشێکی زۆر لە خەڵکی ئەو ناوچانە روویان لە شارەکانی دیکەی وڵاتەکەیان کردووە، کۆمەڵێک لە گەنجە فەڵەستینیەکان لە شاری خان یونس لە قاوەخانەیەکی ئەو شارە کۆبونەتەو و سەیری یارییەکانی جامی جیهانی 2026 دەکەن. بەشێکیان هاندەری مەکسیکن و بەشێکیشیان هاندەری هەڵبژاردەی ئەفریقای باشوورن. ئەم دیمەنانە لە سۆشیاڵمیدیا بووە ترێند و پیشانی دا کە تۆپی پێ هێشتا بۆ زۆرێک لە فەلەستینییەکان خولیا و حەزێکی گەورەیە، چونکە هەم ڕێگەیەکە بۆ ڕاکردن لە فشارەکانی ڕۆژانە و هەم لەو واقیعە تاڵانەی کە رووبەڕویان بووەتەوە.
هەڵبژاردەی فەڵەستین دەرفەتی بەشداری کردنیان لە مۆندیال هەبوو، بەڵام لە پاڵاوتنەکان سەرکەوتوو نەبوون و نەیانتوانی بۆ جاری یەکەم بەشداری جامی جیهانی بکەن.
لە کاتێکدا کە ئاوەرەکان لە خان یونس چێژیان لە سەیرکردنی یارییەکە دەبینی، سوپای ئیسرائیل ئاگاداری دانیشتووانی بەشی ناوەڕاستی کەرتی غەززە کردووە کە پێش هێرشە ئاسمانییەکانی سەر دێر ئەلبەلەح و مەغازی، ناوچەکە چۆڵ بکەن و ڕابکەن.
لە لایەكی دیكەیشەوە، هاندەرە لوبنانیەکانیش سەرەڕای ئەو دۆخە ئاڵۆزەی لە وڵاتەکەیان، بەڵام ئەوانیش هاوشێوەی ملیۆنان هاندەر لە سەرتاسەری جیهان، سەیری یارییەکانی جامی جیهانی دەکەن.
لە شاری بەیروتی پایتەختی لوبنان خەڵكانێك زۆر روویان لە کافتریایەکان كردووە بۆ سەیركردنی یارییەكانی مۆندیال، ئەمەش لە كاتێكدایە زۆربەی دانیشتووی باشووری لوبنانن کە لە ترسی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ماڵ و حاڵیان، ناوچەکەیان جێهێشتووە و ئێستا بە شێوەیەکی کاتی گەڕاونەتەوە شاری بەیروت، سەرەڕای ئەو نەهامەتیانەش بەڵام ئەوان لە بینینی یارییەکانی مۆندیال بێ بەش نین و سەیری یاریی یەکەمی پاڵەوانێتیەکە لە نێوان مەکسیک و ئەفریقای باشووری كرد.

