رۆژنامەی ھەولێر

کانی عەبدولقادر حەداد، کونسوڵی باڵوێزخانەی عێراق لە هۆڵەندا:

عه‌بدولقه‌هار هه‌ولێری/ هۆله‌ندا

 

بە مەبەستی پەرەپێدان و قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکان، ئەم چاوپێکەوتنە لەگەڵ خاتوو كانی، کونسوڵی باڵوێزخانەی عێراق لە هۆڵەندا ڕێکخراوە.ئامانجی سەرەکی ئەم دانیشتنە بریتییە لە گفتوگۆکردن لەسەر بابەتە هاوبەشەکان، ئاڵوگۆڕی بیروڕا و، دۆزینەوەی ڕێگاکان بۆ پەرەپێدانی کار و هاوکارییەکان بە شێوەیەکی باشتر لە داهاتوودا.

ئه‌ركی به‌رێزتان چییە تاوه‌كو له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ زانیاری ببه‌خشن به‌ ڕه‌وه‌ندی كوردستانی و عێراقی؟

لە ساڵی ٢٠٠٦ بەشداری خولی ٢٥ی ئامادەسازی دیپلۆماسیی وەزارەتی دەرەوەی عێراقم کرد، پاشان لە بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندی و تەکنەلۆژیای زانیاری و هەروەها لە بەڕێوەبەرایەتی ئەوروپا کارم کرد.لە ساڵی ٢٠٠٩ وەک کونسوڵ لە باڵیۆزخانەی کۆماری عێراق لە پراگ کارم کرد. دواتر لە بەڕێوەبەرایەتی ڕێکخراوەکان و هاوکاریی نێودەوڵەتی لە وەزارەتی دەرەوە کارم کرد.
لە ساڵی ٢٠١٣ وەک کونسوڵ لە کونسوڵخانەی عێراق لە مەنچستر کارم کرد، پاشان بوومە بەڕێوەبەری بەشی تەندروستی دەرچوون و پاسپۆرتەکان لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق. ئێستا لە ساڵی ٢٠٢٣وە تا ئێستا وەک کونسوڵ لە باڵیۆزخانەی کۆماری عێراق لە هۆڵەندا کار دەکەم.

کۆنسوڵخانەی عێراق لە هۆڵەندا چ خزمەتگوزارییەک پێشکەش دەکات؟
کۆنسوڵخانەی عێراق لە هۆڵەندا ژمارەیەک خزمەتگوزاریی سەرەکی پێشکەش بە هاووڵاتیانی عێراقی دەکات، لەوانە: دەرکردنی وەکالەتنامەی گشتی و تایبەت، بڕوانامەی ژیان، بەیانی لەدایکبوون، بڕوانامەی مردن، دەرکردنی ڤیزا بۆ عێراقی و بیانییەکان، دەرکردنی پاسپۆرتی گەڕانەوە بۆ جارێک بۆ عێراق، کتێبی پشتڕاستکردنەوە و پاکی پێشینە، ئاگادارکردنەوە و لابردنی وەکیل، هەروەها پشتڕاستکردنەوەی بەڵگەنامە فەرمییە عێراقی و بیانییەکان و بەڵگەنامەی کۆمپانیا جیاوازەکان.
چۆنیەتیی وەرگرتنی پاسپۆرت و نوێکردنەوەی دەرکردنی پاسپۆرت لە 27/01/2025ـەوە وەستاوە بەهۆی ئەو ئاگرییەی کە لە باڵیۆزخانەکە ڕووی دا و، ئێمە چاوەڕێی دابینکردنی سیستەمێکی نوێین.

کاتی کارکردنی بەشی کۆنسوڵی چییە؟
بەشی کۆنسوڵی دووشەممان هەتا هەینیان، لە کاتژمێر 9:00 بەیانیەوە تا 2:00 دوای نیوەڕۆ کار دەکات، ڕێکخستنی سەرە (مەوعید) لە ڕێگەی تەلەفۆن یان ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی دەبێت.

ئایا کۆنسوڵخانە یارمەتی یاسایی و ڕێنمایی پێشکەش دەکات؟
بەڵێ، کۆنسوڵخانە ڕێنمایی یاسایی و یارمەتی پەیوەندیدار بە مامەڵە فەرمییەکان و مافەکانی هاووڵاتیان پێشکەش دەکات.
ئەرکی ئێمە بە تایبەتی دۆزینەوەی چارەسەری یاسایی و ئاسانە کە بارێکی قورس نەخاتە سەر هاوڵاتی عێراقی یان هەر داواکەرێک، هەروەها گەیاندنی داواکارییەکانی هاووڵاتیان بۆ دامەزراوە فەرمییە پەیوەندیدارەکان.

ئایا دەکرێت بەبێ سەرە (مەوعید) سەردانی بەشی کۆنسوڵی بکرێت؟
سەردانی بەشی کۆنسوڵی تەنیا دوای تۆمارکردنی سەرە دەکرێت، چونکە داواکەر ئیمەیڵێکی فەرمی وەردەگرێت کە بارکۆدێکی تێدایە و لە ڕێگەیەوە مامەڵەکە لە سیستەمی ئەلیکترۆنی تۆمار دەکرێت، ئەمەش خێرایی لە ئەنجامدانی مامەڵەکان و کەمکردنەوەی کاتی چاوەڕوانی دروست دەکات.

چی خزمەتگوزارییەک بۆ خوێندکاران و داواکارانی پەنابەری پێشکەش دەکرێت؟
هەوڵ دەدەین هەموو بەربەستەکان لە بەردەم خوێندکاران و داواکارانی پەنابەری لا ببەین، بە تایبەتی لە بوارەکانی پشتڕاستکردنەوەی بەڵگەنامەکان و دابینکردنی یارمەتی و هاوکاری بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان.

ڕۆڵی کۆنسوڵخانە لە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و هۆڵەندا چییە؟
ڕۆڵی کۆنسوڵخانە هاوکاری لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا و، وەزارەتی داد و کۆچبەریی هۆڵەندا و ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک (IOM)ـە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە فرهنگی، بازرگانی و ئابوورییەکان لەنێوان هەردوو وڵات.
هەروەها چەند کۆمپانیایەکی هۆڵەندی وەک (SHELL) و (PHILIPS MEDICAL) لە عێراق کار دەکەن و ئێمەش ڕۆڵمان هەیە لە بەهێزکردن و پشتگیری لەم پەیوەندییانە.

ئایا کۆنسوڵخانە بەشداری چالاکییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان دەکات؟
بەڵێ، کونسوڵ لە زۆر چالاکی و بانگهێشت و ڕووداوەکانی کۆمەڵی عێراقی و ڕۆژی نەتەوەیی باڵیۆزخانەکان و کۆبوونەوەی کونسوڵەکان بەشداری دەکات.

کێشەی ناسنامە و بەڵگەنامە فەرمییەکان چۆن چارەسەر بکرێت؟
بەپێی دوا نوێکارییەکانی وەزارەتی ناوخۆ، تەنیا ناسنامەی باری شارستانی (ئەحواڵ مەدەنی) و بڕوانامەی هاوڵاتیبوونی عێراقی کە زیاتر لە دە ساڵ نەبێت دەتوانرێت بەکار بهێنرێت.

باسێکی کێشە هەرە باوەکانمان بۆ دەکەیت…
کێشەیەکی هەرە باو، گۆڕینی ناو و ڕێکەوتی لەدایکبوونە، کە بووەتە هۆکاری دژواری لە دابینکردنی مامەڵە کۆنسوڵییەکان.
هەروەها کێشەی دیکە بەڵگەنامە عێراقییە کۆن و بەسەرچووەکانن کە ماوەی بەکارهێنانیان تەواو بووە.