ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
دەنیز ئۆنداڤ، ئەستێرە كوردەكەی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لەبارەی یارییەكەی ئەمشەو بەرامبەر كۆراساو رایگەیاند بەهۆی مۆندیال زانیان وڵاتێك لەسەر نەخشتەی دونیا بە ناوی كۆراساو هەیە، دەشڵێت: سەیری ڤیدیۆی یارییەكانی كۆرساومان كردووە.
ئەمڕۆ یەكشەممە، 14 حوزەیرانی 2026، لە قۆناغی كۆمەڵەكانی مۆندیالی 2026، هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە یەكەمین یاریی مۆندیال رووبەڕووی كۆراساو دەبێتەوە، یارییەكەش لە كاتژمێر 08:00ـی ئەمشەو لە یاریگەی هیۆستن لە ئەمریكا دەكرێت.
لەبارەی یارییەكە، دەنیز ئۆنداڤ، ئەستێرەی بەڕەسەن كوردی هەڵبژاردەی رایگەیاند چەند رۆژێکە سەیری
ڤیدیۆی یارییەکانی کوراساو دەکەن بۆ ئەوەی بزانین چۆن رووبەڕوویان دەبنەوە، دەشڵێت: ئێمە راهێنانمان لەسەر یارییەكە كردووە، لە پلانەکان تێدەگەین و هەوڵ دەدەین پابەند بین پێیەوە.
ئۆنداڤ، هێرشبەری كوردی یانەی شتوتگارتی ئەڵمانیا گوتیشی: منیش هاوشێوەی پاڤلۆڤیچ پێشتر هیچم لەبارەی وڵاتی کوراساو نەدەزانی، نەمدەزانی لەسەر نەخشەی جیهان وڵاتێكی بەم ناوە بوونی هەبێت، پرسیومە دەڵێن هەموو کەسێک لە کوراساو دەزانێت سەما بکات، بەڵام لێرە (ئەڵمانیا) وانییە، وابزانم لەڕووی سەماوە کەمێک لە ئێمە باشترن، سەمای ئەوان چێژبەخشە، هیوادارم ئێمە و ساماكارەكانی كۆراساو بەكیەوە كاتێكی خۆش بەسەر ببەین.
ئۆنداڤ گوتیشی: من حەزم بە ژیانی كۆراساو هەیە، چونكە ئەوان جددی نین، منیش جددی نیم، مەبەستم ئەوەیە تۆ ناتوانیت هەمیشە ٪100 جددی بیت، تۆ پێویستت بە کەمێک شادی و خۆشییە، ئەوانیش رێک ئەمەیان پیشانداین، ئەوانم بینی لەبەردەم فرۆكەخانە سەمایان دەكرد، بە بڕوای من ڤیدیۆیەکەی ئەوان زۆر ناوازە بوو، ستایل و شێوازی سەماکردنەکەیان جوان بوو، بە گاڵتە و گەپ وادەکەن یاریزانەکان پێبکەنن، وادەکەن هەمووان چێژ وەربگرن.
هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە قۆناغی كۆمەڵەكانی مۆندیالی 2026 هاوشانی هەڵبژاردەكانی كۆراساو، ئیكوادۆر و كۆتدیڤوار یاری دەكات.
دەنیز ئونداڤی تەمەن 29 ساڵ، وەرزی رابردوو لە سەرجەم پاڵەوانێتییەكان لەگەڵ شتوتگارت لە كۆی 46 یاری، 25 گۆڵ و 14 ئەسیستی كرد، بەشێوەیەكی گشتی 9 یاریی بە درێسی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا ئەنجام داوە و 6 گۆڵیشی تۆمار كردووە.

