رۆژنامەی ھەولێر

دهۆك لە كۆتایی ئەم وەرزە دەستبەرداری 15 یاریزان دەبێت

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

یانەی دهۆك لەم وەرزەی خولی ئەستێرەكانی عێراق بە دۆخێكی ناجێگیر تێپەڕ دەبێت، پێشبینی دەكرێت مەسعوود میرال، راهێنەری كوردی باكووری كوردستان سەرلەنوێ بە پرۆژەیەكی دیكە و پێكهاتەیەكی نوێ بگەڕێتەوە ریزی هەڵۆیەكانی بادینان، بەگوێرەی زانیارییەكانی رۆژنامەی هەولێر، مەسعوود میرال لە یەكەمین هەنگاویشیدا دەستبەرداری 11 یاریزان دەبێت، جگە لەمانەش چوار یاریزانی دیكە لەسەر خواستی خۆیان ڕیزەكانی دهۆك بۆ وەرزی داهاتوو جێدەهێڵن.
كێ دەبێتە راهێنەری داهاتووی دهۆك؟
یانەی دهۆك ئەم وەرزە لەڕووی دەستنیشانكردنی راهێنەر كەوتە هەڵە، پێش دەستپێكی ئەم وەرزە كارگێری دهۆك گرێبەستیان لەگەڵ ستافێكی راهێنەرانی بەرازیلی كرد بە سەرپەرشتی سێرجیۆ فاریاس وەرزی نوێیان دەستپێكرد، بەڵام ئەو راهێنەرە دوای تەنیا دوو شكستی لەسەریەك، لە دەستپێكی وەرز دوورخرایەوە، دواتر دهۆك پەنای بۆ عەبدولغەنی شەهد برد كە ئەویش لە دەستپێكی ئەم وەرزە لە لایەن كارگێری زەورا دوورخرابووەوە، بەڵام دهۆك ئەم راهێنەرەی كردە شوێنگرەوەی راهێنەرە بەرازیلییەكە.
عەبدولغەنی شەهد دوای 157 رۆژ لە راهێنەرایەتی دهۆك، لە رۆژی 19/3/2026 دوورخرایەوە، ئەم راهێنەرە لەگەڵ دهۆك لە كۆی 20 یاری، 10 بردنەوە و 4 دۆڕان، 6 یەكسانبوونی تۆمار كرد و ماڵئاوایی لە یانەكە كرد. دواجار دهۆك بە ناچاری پەنای بۆ ئەحمەد خەلەف بردەوە كە ئەم وەرزە ئەم راهێنەرە لەگەڵ یانەكانی ئەمانەی بەغدا و گەرمە دووخرابووەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی رۆژنامەی هەولێر، كارگێری دهۆك لەگەڵ مەسعوود میرال گەیشتوونەتە رێككەوتن بۆ ئەوەی لە كۆتایی ئەم وەرزە سەرلەنوێ بگەڕێتەوە راهێنەرایەتی یانەكە. ئەمەش لە كاتێكدایە دهۆك وەرزی رابردوو لەگەڵ ئەو راهێنەرە نازناوی چامپیۆنزلیگی كەنداوی بەدەستهێنا بوو. پێشبینی كراوە ئەم راهێنەرە لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ ریزی هەڵۆیەكان، لە كۆی 24 یاریزان، تەنیا 9 یاریزان لە تیپەكە بهێڵێتەوە و سەرجەم یاریزانەكانی دیكە بەڕێ بكات.
گۆڵپارێزەكەی دەگۆڕێت
ئەم وەرزە زۆرترین قسە و باس لەبارەی عەلی یاسینی گۆڵپارێز دەكرێت كە هاوینی رابردوو لە یانەی نەفتی شاری بەغداوە روویكرد بووە دهۆك، ئەگەرچی ئەم گۆڵپارێزە وەرزی رابردوو لەگەڵ سەوزپۆشەكانی بەغدا ئاستێكی بەرزی پێشكەش كرد بوو، بەڵام لەوەتەی هاتووەتە ریزی زەردپۆشەكانی بادینان زۆرترین رەخنەی لێگیراوە و هاندەرانی یانەكە داوای گۆڕینی دەكەن.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست رۆژنامەی هەولێر كەوتووە، دهۆك بڕیاریداوە دەستبەرداری عەلی یاسین بێت، بەڵام دهۆك گۆڵپارێزی دووەم ئەحمەد بەشار زێباری بۆ وەرزی داهاتوو دەهێڵێتەوە، لە بەرامبەردا هەوڵەكانی بۆ گواستنەوەی فەهد تاڵب گۆڵپارێزی یانەی تەڵەبە چڕ كردووەتەوە.

هێڵی بەرگری نوێ دەكرێتەوە
یانەی دهۆك بۆ وەرزی داهاتوو دەستبەرداری 3 بەرگریكاری ئێستای یانەكەی دەبێت كە پێكهاتوون لە حەموود مەشعان كە لە گواستنەوەی زستانە لە یانەی جەوییەوە روویكردە دهۆك، لەگەڵ سەعد ناتق كە هاوینی رابردوو لە یانەی تەڵەبە گواسترایەوە دهۆك، دوایین بەرگریكاریش كە زۆرترین گلەیی لێكراوە مونتەزەر محەمەد كە وەرزی رابردوو لە خولی ئێرانی یاری كرد و ئەم وەرزە درێسی دهۆكی پۆشیوە، هەر سێ بەرگریكار لەم هاوینە بە فەرمی ماڵئاوایی لە ریزی هەڵۆیەكان دەكەن.
لە بەرامبەردا، دهۆك دەیەوێت ئەم بەرگریكارانە بهێڵێتەوە كە بریتین لە (بەیار ئەبوبەكر، سیابەند عەگید، یوسف ئیمام، سەدیق جەمال، خادم رەسوول و خالید كردغلی).

هێڵی ناوەراستیش گۆڕانكاری بەسەردا دێت
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست رۆژنامەی هەولێر كەوتووە، یانەی دهۆك دەستبەرداری سەفا هادی دەبێت، لە بەرامبەردا دەیەوێت بۆ وەرزی داهاتوو پشت بە هەردوو برا (زانا عەلی و ئەحمەد عەلی) ببەستێت، بەڵام زانا بە كارگێری دهوك توڕەیە و بڕیاری داوە تاوەكو تەواوی مووچەكانی بۆ نەگەڕێننەوە درێسی یانەكە نەپۆشێتەوە، بەڵام هاروون ئەحمەد و پیتەر گۆرگیس بڕیاریانداوە لە كۆتایی ئەم وەرزە لەسەر خواستی خۆیان بە فەرمی دهۆك جێبهێڵن، كاپتنی یانەكە (هاروون ئەحمەد) ئۆفەرێكی گرانبەهای لە گەرمە پێگەیشتووە و لە دەرەوەی عێراقیش داوا كراوە، بەڵام پیتەر گۆرگیس دەیەوێت بگەڕێتەوە خولەكانی ئەورووپا.
بەگوێرەی زانیارییەكانی رۆژنامەی هەولێر، داوا لە ژیار ئیبراهیم و حەسەن عیماد كراوە كە لە پلانەكانی راهێنەر دەبن بۆ وەرزی داهاتووی خولی ئەستێرەكانی عێراق.

6 هێرشبەر ماڵئاوایی لە دهۆك دەكەن
كارگێری دهۆك چاوەڕێی هەڵوێستی مەسعوود میرال دەكات لەبارەی چارەنووسی (مونزر رەبیعە، كەریم دەروێش و ئاندرێ ساناتی)، تەنیا ئەم 3 یاریزانە دەرفەتی مانەوەیان بۆ وەرزی داهاتوو هەیە، سەرجەم هێرشبەرەكانی دیكە كە پێكهاتوون لە شەش یاریزان دەبێت لەم هاوینە ریزەكانی دهۆك جێبهێڵن: پەشەنگ پێشڕەو، محەمەد داود، یاسین بن ئێلمەحانی، یوسف بن سۆدە، عەلا عەباس و مستەفا نەواف).

كێشەی دارایی بەرۆكی یانەكەی گرتووە
یاریزانانی دهۆك و ستافی راهێنەرانی یانەكە ماوەی 3 مانگە مووچە و شایستە داراییەكانیان وەرنەگرتووە، سێ رۆژ بوو یاریزانەكان پێش یارییەكەی نەفتی میسان هەڕەشەی بایكۆتیان دەكرد، بەڵام دواجار عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆك سەردانی ژووری جلگۆڕینی یاریزانانی یانەی دهۆكی كرد و بەڵێنی پێدان سەرجەم شایستە داراییەكانی یاریزانەكان خەرج بكات.