رۆژنامەی ھەولێر

سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لەکاتێکی پێویست و هەستیاردا بوو

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بۆ نەخشەڕێگە و داھاتوویەکی نوێ، بەغدا باوەشی بۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی کردەوە، پێشوازی گەرم و گفتوگۆی گەرمی نێو کۆبوونەوەکان لەگەڵ سەرکردە و کەسی یەکەمی شیعە و سوننەکان پەیوەندییەکی نوێی ھێنایە ئاراوە ھەم لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم، ھەمیش لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان قسە و ئاماژەکان ئەوەیان دەرخست پتەوکردن و ھێشتنەوەی ئەو پەیوەندییە نوێیە دەتوانێت بە یەکجاری ناکۆکییەکان بکاتە ڕابردوو.

بەڵێنی عەلی زەیدی، ڕاسپێردراوی سەرۆکوەزیران بە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ چارەکردنی کێشە داراییەکان و مووچە بەڵێنی لایەنە سیاسییەکانی شیعە و سوننە بۆ کۆتایی ھێنان بە ناکۆکیەکان و توانەوەی بەستەڵەکی نێوان قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندی نێوان ھەولێر و بەغدا دێنێتە کایەوە. چاودێرانی سیاسی، بە گرنگییەوە باسی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حزبی و حکومی دەکەن و بە ھەنگاوێکی گرنگ دەبینن بۆ چارەکردنی کێشەکان.
دوای جووڵەکانی نێچیرڤان بارزانی، جارێکی دیکە پارتی دیموکراتی کوردستان تیمەکەی دەنێرێتەوە بەغدا، دوای ئەوەی کە ماوەیەک بوو بەھۆی نیگەرانییەکانی لە سیاسەت و بڕیاری بەشێک لە ھێزە عێراقییەکان گەڕابوونەوە ھەولێر، پارتی یاریزانێکی بەھێز و کاریگەرە لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق، لە ھەڵبژارنی ڕابردووش دیار بوو وەکو گەورەترین فراکسیۆنی کوردی و خاوەنی زۆرترین دەنگی حزب لەسەر ئاستی عێراق لە گۆڕەپانی سیاسی بەغدا.
سەرجەم فڕاکسیۆن و حزبەکان داوای گەڕانەوەی پارتی بۆ بەغدا دەکەن، پارتی لە پەرلەمانی عێراق جگە لە جێگری سەرۆکی پەرلەمان، لە ٢٢ لیژنەی پەرلەمان بەشدار دەبێت، لە دوو لیژنەش سەرۆکی لیژنەی بەر دەکەوێت، لە نێو حکوومەتیش جێگری سەرۆکوەزیران و دوو وەزارەت و چەند پۆستێکی دیکەی باڵای دەبێت.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، لە بەغدا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەڤانیدا ڕایگەیاند، بەغدا قووڵایی ستراتیژیی ھەرێمی کوردستانە، ئەگەر پێشتر نەمانتوانیبێت کێشەکان چارەسەر بکەین، دەبێت ئێستا بەردەوام بین بۆ ئەوەی چارەسەریان بکەین، من وەک خۆم گەشبینم کە دەتوانین ئەو کێشانە چارەسەر بکەین.
لەبارەی پرسی یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکان، نێچیرڤان بارزانی، ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە کورد ڕێگەیەک بۆ پێکەوەکارکردن بدۆزێتەوە و گوتیشی: ئێمە کارمان لەسەر ئەوە کردووە کە ئەنجوومەنێکی سیاسی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێکبھێنین، ئەم بابەتە بەردەوام دەبێت و کاری لەسەر دەکرێت، ھیوادارین لە ماوەی داھاتوودا لەسەر ئەم پرسە بگەینە خاڵێکی ھاوبەش.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا و ویستی لایەنە عێراقییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان گەشبینیی خۆی نیشان دا و ڕایگەیاند، وەڵامی لایەنە عێراقییەکان زۆر باش بووە، ئێمە لەنێو عێراقدا دەژین و دەبێت کێشەکانمان لە بەغدا چارەسەر بکەین.
د. نووری عوسمان، سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کە ئەندامی شاندەکەی نێچیرڤان بارزانی بوو بۆ بەغدا، ئاشکرای کرد، ئەو کارنامەیەی لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە پێشکێشی چوارچێوەی ھاوئاھەنگی کراوە بۆ چارەسەری کێشەکان، ئیمزا کراوە و ھەموو لایەنەکان پێشوازییان لێکردووە و لە کابینەی داھاتووی حکوومەتی عێراقدا کاری پێدەکرێت، بۆیە ئەم سەردانە زۆرێک لە گرفتەکانی چارەسەر دەکات و گەشبینین کە لە حکوومەتی داھاتووی عێراقدا تەواوی کێشە یاسایی و دەستوورییەکان لەنێوان ھەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێن.
د. سیداد موحسین، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کەسێکی کاریگەرە نەک تەنیا لە ھەرێمی کوردستان و عێراق، بەڵکو لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیھان، ھەموو لایەنەکان پێویستیان بەو سەردانەی نێچیرڤان بارزانی ھەبوو، ئەوەش بۆ ئەو سەردانە دەگەڕێتەوە کە عەلی زەیدی، بەربژێری سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی ھەولێری کرد و داوای لە سەرۆکی ھەرێم کرد سەردانی بەغدا بکات و ھەموو لایەنەکان ببینێت بۆ ئەوەی حکوومەتی نوێی عێراق لە ماوە دەستوورییەکەیدا پێک بێت، ھەرێمی کوردستان لایەنێکی سەرەکییە لە پێکھێنانی حکوومەتدا، ئەگەر ھەرێمی کوردستان لەو حکوومەتەدا بەشدار نەبێت، حکوومەتێکی لاواز و کەمئەندام دەبێت.
ئەو چاودێرە، دەشڵێ: سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و دیدار و کۆبوونەوەکانی پێمان دەڵێن کە کاتی ئەوە ھاتووە ئەم قۆناغە بەتایبەتی لە بەغدا بە کوردایەتی نەک حزبایەتی و یەکدەنگ و ھاوھەڵوێست بین لەسەر گشت بابەتە نەتەوەیی و مافەڕەواکانمان بەدەست بھێنین، ناکرێت چیتر دەستوور پشتگوێ بخرێت، دەبێت سیستەمی حکومڕانی عێراق بە کردەوە فیدڕاڵی و ھاوبەشی بێت، بۆیە سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ گشت لایەنە سیاسییەکان، جووڵەیەیەکی ستراتیژی و دیپلۆماسییە لەکاتێکی گرنگ و ھەستیاردا و بەتایبەت کە باندۆری زۆری دەبێت لەسەر پێکھێنانی حکوومەت و ئایندەی پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا.
نازم غەریب، شرۆڤەکاری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: سەرۆکی ھەرێمی کوردستان وەکو کەسێکی کاریگەر دەتوانێت ڕۆڵێکی گەورە لە پێکھێنانی حکوومەتدا ببینێت، یەکێک لە خاڵە ھەرە گرنگەکانی سیاسەتی پارتی ئەوەیە کە بە ھیچ شێوەیەک سازش ناکات لەسەر مافەکانی خەڵکی کوردستان، بۆ نموونە بایکۆتی پارتی لە حکوومەت و پەرلەمان، لە ھەمان کاتدا ئەگەر پێویست بە دیالۆک بکات باشترین کەسیی دیبلۆماسی کە بتوانێت بەو ڕۆڵە ھەستێت سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە، کە بینیمان لە بەغدا چۆن و بە چ شێوەیەک پێشوازی لێ کرا.
ئەو شرۆڤەکارە، گوتیشی: پارتی لە بەغدا تەنیا شەڕی مووچە و کورسی ناکات، ئامرازی گەورەتری ھەیە، بابەتەکە نەتەوایەتی و قەوارەی ھەرێمی کوردستانە، کە بە خوێنی ھەزاران شەھید دروست بووە، بۆیە ھەبوونی پارتی لە بەغدا گرێنتی بەھێز بوون و دەستخستنی مافەکانی کورد دەکات، لە ھەمان کاتدا پێکەوەیی کورد لە بەغدا بە خاڵی بەھێزی کورد دەبینم، بۆیە پێم باشە لە بەغدا ھەموو لایەنە کوردستانییەکان پێکەوە بن و ئەنجوومەنێکی سیاسی پێکبھێنن، بۆ ئەوەی لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان ھەمیشە کۆدەنگ بن، بەوەش دەتوانن مافەکانی کورد بپارێزن و مافی زیاتریش بۆ خەڵکی کوردستان بەدەستبھێنن.