رۆژنامەی ھەولێر

داهێنانەکانی پڕۆفیسۆر عەزیز عەبـــــــــــدوڵڵا بەرزنجی لە زانستی نانۆتەنۆلکەدا

دیمانە: حەسەن حەمەد ئاندێكی

بەشی دووەم و كۆتایی

ئایا حکومەتی هەرێم پشتگیری دارایی یان یاسایی بۆ ئەم بوارە دابین دەکات؟
وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستی بە جیاکردنەوە هەیە لە نێوان پشتیوانیی “مەعنەوی” وەك ڕێزلێنان لە زانایان و توێژەرە سەرکەوتووەکان و پشتیوانیی “کردەیی” یان لایەنی بودجە و یاسا. لە ڕاستیدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەو قەیرانە داراییانەی لە ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی بووەتەوە، بودجەیەکی تایبەت و سەربەخۆی بۆ توێژینەوەی زانستی بە گشتی و تەکنەلۆژیای نانۆ بە تایبەتی تەرخان نەکردووە. دەتوانین بڵێین حکومەت لە ڕێگەی وەزارەتی خوێندنی باڵاوە پشتیوانییەکە لە چوارچێوەی دابینکردنی مووچەی مامۆستا توێژەرەکان و دابینکردنی بینای زانکۆکاندا کورت کردووەتەوە. خەرجیی تاقیگەکان و زۆربەی ئەو ماددە کیمیایی و ئامێرانەی کە توێژەرانی وەك من و هاوکارانی ئێمە بەکاری دەهێنن، زۆرجار لە ڕێگەی بودجەی ناوخۆیی زانکۆکان (کە زۆر کەمە) یان تەنانەت لەسەر ئەرکی تایبەتی توێژەرەکان خۆیان دابین دەکرێن. لە وڵاتانی دەوروبەر و وڵاتە پێشکەوتووەکان “سندوقی نیشتمانی بۆ توێژینەوە” هەیە، بەڵام لە کوردستان هێشتا دامەزراوەیەكی لەو چەشنە نییە کە پارە بۆ پڕۆژە داهێنەرەکان دابین بکات. لە ڕووی ڕێزلێنانیشەوە، تا ئێستا وەكو پێویست ڕێزلێنانی شایستە بۆ توێژەوە نایابەکان نە لەسەر ئاستی زانکۆکان، نە لەسەر ئاستی کەرتی تایبەت، نە لەسەر ئاستی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و نە لەسەر ئاستی باڵای حکومەت، بە داخەوە، ساز نەدراوە، دیسان بە بیانووی قەیرانی دارایی. لە کاتێکدا، لێرەو لەوێ دەبیستین زۆر جار پارەی زەبەلاح بۆ شتگەلێکی بێ سوود بەهەدەر دەدرێت.
لە ڕووی یاساییشەوە، تەکنەلۆژیای نانۆ وەك بوارێکی سەربەخۆ یاسای تایبەتی بۆ دەرنەچووە، بەڵکو لەژێر چەتری یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. ئەوەی هەیە وەزارەت تەنها کۆمەڵێك ڕێنمایی تایبەتی داناوە کە توێژەران هان دەدات لە گۆڤارە نێودەوڵەتییەکاندا توێژینەوە بڵاو بکەنەوە کە خاوەنی (Impact Factor) ی بەرزن، لە بەرامبەر ئەوەدا توێژەران کەمێك پارە وەردەگرن وەك هاندان، ئەمەش جۆرێکە لە پشتیوانیی دارایی و ڕووێکی تری یاساییشی هەیە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی.
خاڵی گرنگ لێرە ئەوەیە تا ئێستا حکومەت یاسایەکی تایبەتی نیە کە زانکۆ بە پیشەسازییەوە گرێ بدات. یان ئەگەر توێژەرێك لە کوردستان داهێنانێکی نانۆیی بکات، ڕێکارە یاساییەکان بۆ تۆمارکردنی وەك “داهێنان” (Patent) و گۆڕینی بۆ کارگەیەکی بازرگانی زۆر ئاڵۆزن و هاندەر نین. لە ئێستادا، دەنگۆی ئەوە هەیە کە حکومەت دەیەوێت بایەخی زیاتر بە “ئابووریی مەعریفە” بدات. هەوڵەکان بەرەو ئەوەن کە پەیوەندی لە نێوان کەرتی تایبەت (کۆمپانیاکان) و تاقیگەکانی زانکۆکان دروست بکرێت. هەندێك ئاسانکاری بۆ ئەو کۆمپانیایانە بکرێت کە پشتگیری لە توێژینەوەی زانستی دەکەن.
ماوەتە بڵێم، لە ئێستادا پشتیوانیی حکومەت زیاتر “مەعنەوی سنووردارە ” نەك “دارایی و ستراتیژی”. توێژەرانی کورد لە بواری تەکنەلۆژیای نانۆ زیاتر پشت بە ماندووبوونی خۆیان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیان دەبەستن. بۆ ئەوەی کوردستان لەم بوارەدا ببێتە وڵاتێکی بەرهەمهێن، پێویستە حکومەت “بودجەیەکی سەربەخۆ بۆ داهێنان” تەرخان بکات و یاسای توندوتۆڵ بۆ پاراستنی مافی داهێنەران دەربکات.
گرنگترین ئامێر و تاقیگەی پێویست بۆ توێژینەوەی بواری نانۆ چین؟
توێژینەوە لە بواری زانستی نانۆ پێویستی بە ژینگەیەکی زۆر تایبەت و ئامێری ئێجگار پێشکەوتوو هەیە، چونکە ئێمە مامەڵە لەگەڵ شتگەلێك دەکەین کە بە چاوی ئاسایی و تەنانەت بە مایکرۆسکۆپی تاقیگەیی ئاساییش نابینرێن.
گرنگترین ئەو ئامێر و پێداویستییانەی کە بۆ هەر تاقیگەیەکی زانستی نانۆ پێویستن ئەمانەن:
١. ئامێرەکانی “بینین” و دیاریکردنی شێوە (Characterization Tools)،ئەمانە گرنگترین ئامێرن، چونکە بەبێ ئەمانە توێژەر نازانێت چی دروست کردووە. مایکرۆسکۆپی ئەلیکترۆنیی پشکنەر (Scanning Electron Microscope) کە بۆ بینینی ڕووی تەنۆلکەکان و زانینی قەبارە و شێوەکەیان بەکاردێت. مایکرۆسکۆپی ئەلیکترۆنیی گواستەرەوە (Transmission Electron Microscope) ئەمە زۆر لە (Scanning Electron Microscope) بەهێزترە و دەتوانێت ناوەوەی تەنۆلکەکان و تەنانەت ڕیزبەندی گەردیلەکانیش پێشان بدات. مایکرۆسکۆپی هێزی گەردیلەیی (Atomic Force Microscope) بۆ پێوانەکردنی زبریی ڕوو و نەخشەی سێ ڕەهەندیی ماددە نانۆییەکان بەکاردێت. لادانی تیشکی ئێکس (X-Ray Diffraction) بۆ زانینی پێکهاتەی کریستاڵیی ماددەکان. واتە ئایا ئەم ماددەیە ڕیزبەندییەکی ڕێکی هەیە یان نا؟
٢. ئامێرەکانی ناسینەوەی پێکهاتەی کیمیایی (Spectroscopy)، (UV-Vis Spectroscopy) یەکێکە لە ئامێرە هەرە باوەکان بۆ دڵنیابوونەوە لە دروستبوونی تەنۆلکە نانۆییەکان بەکاردێت لە ڕێگەی مژینی تیشکەوە. (FTIR) بۆ ناسینەوەی ئەو گرووپە کیمیاییانەی کە بە دەوری تەنۆلکە نانۆییەکەدا هەن، بەتایبەتی لە تەکنەلۆژیای نانۆی سەوزدا زۆر گرنگە. (EDX) بۆ ئەوەی بزانین ئەو ماددەیەی دروستمان کردووە چ توخمێکی تێدایە و ئاستی پوختی چەندە؟
٣. ئامێرەکانی ئامادەکردن و جیاکردنەوە (Synthesis Tools)وەك سێنتەرفیوج (Centrifuge) بۆ جیاکردنەوەی تەنۆلکە نانۆییەکان لەو شلەیەی کە تیایدا دروست کراوە بە خێراییەکی زۆر. ئامێری سۆنیکەیتەریش (Ultrasonication) بەکاردێت بۆ تێکەڵکردنی ماددەکان و ڕێگری لەوە دەگرێت کە تەنۆلکە نانۆییەکان بەیەکەوە بنووسێن و لە سنووری نانۆ دەربچن. کورەی هایدرۆسێرماڵ (Hydrothermal Autoclave) کورەیەکە لە ژێر فشار و پلەی گەرمیی بەرزدا نانۆ-ماددەی جیاوازەکانی دیکەی تیادا دروست دەکرێت.
٤. تاقیگە و سەلامەتی، زانستی نانۆ ژووری خاوێن و تاقیگەیەکی زۆر تایبەتی پێویستە کە ڕێژەی خۆڵ وتۆز و گەردیلەی ناو هەواکەی سفرە. ئەمەش بۆ بابەتی دروستکردنی چیپی کۆمپیوتەر و ئەلیکترۆنیاتی نانۆیی پێویستییەکی حەتمییە. هەروەها کابینەی هەواکێش (Fume Hood)  بۆ پاراستنی توێژەر لەو گازە ژەهراوییانەی لە کاتی کارلێکە کیمیاییەکاندا دروست دەبن. سەرەڕای هەبوونی دەستکێشی تایبەت، ماسك و چاویلکە، چونکە هەڵمژینی تەنۆلکەی نانۆیی مەترسی بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ هەیە.
گەورەترین ئاستەنگی توێژەرانی کورد نەبوونی هەموو ئەم ئامێرانەیە لە یەك تاقیگەدا. زۆرجار توێژەرەکان لێرە ماددەکە ئامادە دەکەن (Synthesis)، بەڵام بۆ پشکنین (Characterization) ناچارن نموونەکانیان بنێرن بۆ وڵاتانی وەك ئێران، تورکیا، یان وڵاتە ئەوروپیەکان. بۆیە بەندە دەمێکە داواکاری ئەوەم بەرزکردۆتەوە کە  بۆ ئەوەی کوردستان ببێتە جەمسەرێکی بەهێزی نانۆ، سەرنجی خەڵکانی دەرەوە بۆخۆمان ڕابکێشین پێویستە ”تاقیگەیەکی ناوەندیی نیشتمانی” (National Central Lab)  مان هەبێت کە تەواوی ئەم ئامێرە گرانبەهایانەی لەسەرەوە باسمان کرد تیایدا کۆبکرێتەوە تا هەموو توێژەرانی زانکۆکانی کوردستان و دەرەوە سوودی لێ ببینن.
وەکو پسپۆرێك کە ماوەیەکی زۆرە لەم بوارە کاردەکەن چیتان کردوەو،پلانتان چییە بۆ داهاتوو؟
سوپاس بۆ خودا، وەکو پسپۆڕێك کە تەمەنێکی زۆرم لەناو تاقیگە و هۆڵەکانی خوێندنی زانکۆ جیهانی و ناوخۆییەکاندا بەسەر بردووە، هەرگیز کارەکانم وەك “وەزیفە” سەیر نەکردووە، بەڵکو وەك پەیامێکی زانستی و نیشتمانی سەیر دەکەم. بەش بەحاڵ خۆم توانیومە  داهێنان لە بواری تەکنەلۆژیای نانۆی سەوزبکەم کە بواری بەهێزی ئێمەیە. بە شانازییەوە،
گەورەترین کاری ئێمە جێگیرکردنی میتۆدێکی نوێ بوو بۆ بەرهەمهێنانی تەنۆلکە نانۆییەکان بە بەکارهێنانی ڕووەکە سروشتییەکانی کوردستان لەبری ماددە کیمیاییە ژەهراوییەکان. ئەمە نەك هەر تێچووی وەبەرهێنانی کەم کردۆتەوە، بەڵکو زانستەکەی کردووە بە “دۆستی ژینگە”.
وەك لە پێشتر ئاماژەم پێدا، بەندە زیاتر لە ١٥٠ توێژینەوەی زانستی هەیە کە لە بەناوبانگترین گۆڤارە نێودەوڵەتییەکان، کە خاوەنی کاریگەری بەرزن، بڵاوکراونەتەوەو سوپاس بۆ خودا خاوەنی ٤ کتێبی زانستیم وپێداچوونەوەی زانستیم بۆ ژمارەیەك کتێبی زانستیش کردووە. توێژینەوەکانی بەندە زیاتر لە ٣٨٠٠ جار لەلایەن زانایان و توێژەرانی جیهانییەوە وەك سەرچاوەی زانستی باوەڕپێکراو بەکار هێنراون، ئەمەش ناوی کوردستانی لەسەر نەخشەی زانستی جیهان جێگیر کردووە. بۆ سێ ساڵ لەسەریەك (٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥) ناومان لە لیستی ٢٪ی باشترین زانایانی جیهاندا هاتووە کە لەلایەن زانکۆی ستانفۆردەوە ئامادە دەکرێت. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ئەو زانستەی لە کوردستان بەرهەمی دەهێنین، هاوشانی زانستی ئەمریکا و ئەوروپایە. سەرپەرشتی دەیان قوتابی ماستەر و دکتۆرام کردووە کە لە ئێستادا هەریەکەیان لە بوارێکدا پسپۆڕن و شانازییان پێوە دەکەم و ئامانجم ئەوە بووە کە کلیلی زانست ڕادەستی گەنجەکان بکەم تا کاروانەکە نەوەستێت.
سەبارەت بە پلانی داهاتووشمان دەتوانم بە دڵنییاوە بڵێم چیتر ڕازی نابین بیرۆکەکانمان لەناو کاغەز و توێژینەوەکاندا قەتیس بکرێن، بەڵکو دەبێت زانست و بیرۆکەکانی ئێمە ببێتە ”کردار” و خزمەتی وڵاتی خۆمان و جیهانی پێبکەین. کاتی ئەوە هاتووە کە ئێمە وەكو کورد “سەنتەری نیشتمانیی زانست و تەکنەلۆژیای نانۆ” مان لە کوردستاندا هەبێت کە ئەوە
گەورەترین خەونمی منە، چوونکە دامەزراندنی ناوەندێکی پێشکەوتووی لە جۆرە لە کوردستان، کە هەموو ئامێرە پێشکەوتووەکانی تێدا بێت، توێژەرانی کورد هاندەدات کە بە یەکەوە کار بکەن و تواناکانیان یەکبخەن و داهێنان بکەن. پلانمان هەیە پڕۆژەیەکی گەورە بۆ پاککردنەوەی ئاوی ڕووبارەکانی کوردستان لە ڕێگەی ” فلتەرە نانۆییەکان”ەوە جێبەجێ بکەین. ئەمە دەبێتە دەستکەوتێکی ستراتیژی بۆ ئاسایشی ئاوی هەرێم. کاردەکەین بۆ ئەوەی ئەو تەنۆلکە نانۆییانەی لە تاقیگە دروستیان دەکەین، لەگەڵ کەرتی تایبەت بیانکەینە بەرهەم؛ بۆ نموونە دروستکردنی ”نانۆ-کۆنکرێت” بۆ بیناسازییەکی بەهێزتر، یان بەرهەمهێنانی ” دەرمان نانۆیی “ بۆ چارەسەری نەخۆشییە باوەکان. بەردەوام دەبین لە دروستکردنی پردی پەیوەندی لە نێوان زانکۆکانی هەرێم و زانکۆ هەرە پێشەنگەکانی ئەمریکا و ئەوروپا، تا قوتابیانی ئێمە لە نوێترین گۆڕانکارییە زانستییەکان دانەبڕێن. ئێمە سەلماندمان کە ”دەتوانین” لە لیستی باشترینەکانی جیهان بین؛ پلانمان بۆ داهاتوو ئەوەیە کە کوردستان بکەینە جەمسەرێکی زانستی لە ناوچەکەدا. زانست لای ئێمە تەنها بۆ وەرگرتنی بڕوانامە نییە، بەڵکو بۆ بەرزکردنەوەی شکۆی مرۆڤ و خزمەتکردنی نیشتمانە.
مەترسییەکانی بەکارهێنانی تەنۆلکە نانۆییەکان چین؟
سەرەڕای ئەو سوودە بێشومارانەی کە تەکنەلۆژیای نانۆ هەیەتی، بەڵام وەك هەر زانستێکی تری نوێ، کۆمەڵێك مەترسی و کاریگەری لاوەکی هەیە کە زاناکان پێی دەڵێن ”ژەهراویبوونی نانۆیی” (Nanotoxicity) مەترسییەکە لەوەدایە کە تەنۆلکە نانۆییەکان بەهۆی قەبارە ئێجگار بچووکەکەیانەوە، ڕەفتاری تەواو جیاواز و هەندێك جار پێشبینی نەکراویان هەیە.
گرنگترین مەترسییەکانی بەکارهێنانی تەنۆلکە نانۆییەکان لە ڕووی تەندروستییەوە بریتیە لە تێپەڕاندنی بەربەستە بایۆلۆژییەکان بە جۆرێك تەنۆلکە نانۆییەکان هێندە بچووکن دەتوانن بە ئاسانی بە ناو پێست، سییەکان و، ڕێڕەوی هەرسدا تێپەڕن و بچنە ناو خوێن. مەترسیدارترین خاڵ ئەوەیە کە هەندێکیان دەتوانن ”بەربەستی خوێنی-مێشك” (Blood-Brain Barrier) ببڕن و بچنە ناو خانەکانی مێشکەوە. هەندێك جاریش هەڵمژینی تۆزی نانۆیی، وەك نانۆتیوبی کاربۆن، دەبێتە هۆی برینداربوونی شانەکانی سی و هەوکردنی توند، کە هەندێك جار لە مەترسییەکانی “ئەسبێستۆس” دەچێت. هەروەها، هەندێك لە تەنۆلکە نانۆییەکان دەبنە هۆی دروستبوونی گەردیلەی ناجێگیر لە ناو خانەکاندا، ئەمەش دەبێتە هۆی تێکدانی DNA و لەناوبردنی خانە ساغەکان یان گۆڕینیان بۆ خانەی شێرپەنجەیی. جەستەی مرۆڤیش زۆرجار ناتوانێت تەنۆلکە نانۆییە دەستکردەکان شی بکاتەوە، بۆیە لە جگەر، سپڵ یان گورچیلەکاندا کۆدەبنەوە و لە کاتێکی درێژخایەندا دەبنە هۆی سستبوونی ئەو ئەندامانە.
لە ڕووی ژینگەییەوەش، ئەگەر تەنۆلکە نانۆییەکان بەبێ کۆنترۆڵکردن بڕژێنە ناو سروشتەوە، دەبنە هۆی پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو. بەهۆی بچووکییانەوە، فلتەرە ئاساییەکان ناتوانن بیانگرن. هەورەها، گیانلەبەرە بچووکەکان و ماسییەکان ئەم تەنۆلکە نانۆییانە دەخۆن، پاشان لە ڕێگەی گۆشتەکەیانەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و گیانلەبەرە گەورەکان. لەلایەکی دیکەوە، تەنۆلکە نانۆییە دژە-بەکتریاکان ئەگەر زۆر بڵاوببنەوە، ڕەنگە ئەو بەکتریا بەسوودانەش بکوژن کە بۆ هاوسەنگیی خاك و گەشەی ڕووەك پێویستن. چوونکە ماددەکان لە ئاستی نانۆدا زۆر چالاك دەبن و هەندێك ماددە کە لە قەبارەی ئاساییدان بێزیانن، بەڵام لە قەبارەی نانۆدا دەبنە ماددەی زیانبەخش (Explosive) یان زۆر ژەهراوی. زۆرجار یاساکانی فیزیای کلاسیك لەسەر تەنۆلکە نانۆییەکان جێبەجێ نابن و یاساکانی “کوانتەم” زاڵ دەبن، ئەمەش وا دەکات کۆنترۆڵکردنی کارلێکەکانیان گران بێت.
بۆیە،  زانستەکە زۆر خێراتر لە یاساکان گەشە دەکات، بەو واتایەی زۆرێك لە وڵاتان هێشتا ڕێنمایی وردیان نییە بۆ چۆنیەتی فڕێدانی پاشماوە نانۆییەکانی کارگەکان. دەوترێت، مەترسی هەیە کە ئەم تەکنەلۆژیایە تەنها لای وڵاتە دەوڵەمەندەکان بمێنێتەوە و جیاوازییە چینایەتییەکان لە جیهاندا قووڵتر بکاتەوە.
هەر لەبەر ئەو هۆکارانەیە ئێمە وەك پسپۆڕانی ئەم بوارە، جەخت لەسەر ”تەکنەلۆژیای نانۆی سەوز” (Green Nanotechnology) دەکەینەوە. لەم ڕێگەیەی ئێمە تەنۆلکەکان لە سەرچاوەی سروشتی (وەك ڕووەك) دروست دەکرێن تا لە سروشتدا شی ببنەوە. لە کاتی دروستکردنیاندا ماددەی کیمیایی کەمتر و وزەی کەمتر بەکاردەهێنرێت.
دەتوانم بڵێم تەکنەلۆژیای نانۆ وەك چەقۆیەکی دوو دەم وایە؛ دەتوانێت شێرپەنجە چارەسەر بکات، بەڵام ئەگەر بەبێ هۆشیاری و لێکۆڵینەوەی ورد بەکاربێت، ڕەنگە خۆی ببێتە هۆی نەخۆشی تازە. بۆیە لایەنی “سەلامەتیی نانۆ” ئێستا وەك بوارێکی زانستیی سەربەخۆ بایەخی پێ دەدرێت.
بەکارهێنانی تەنۆلکە نانۆییەکان چ کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە، چۆن؟
بەکارهێنانی تەنۆلکە نانۆییەکان لەگەڵ ئەو هەموو سوودەی کە باسمان کرد، کۆمەڵێك مەترسی ڕاستەقینەی بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ هەیە. زاناکان لقێکی تایبەتیان بۆ ئەم مەبەستە داناوە بەناوی ”ژەهراویبوونی نانۆیی ” (Nanotoxicity). مەترسیی سەرەکی لێرەدا قەبارەی تەنۆلکەکانە؛ چونکە هێندە بچووکن (١ بۆ ١٠٠ نانۆمەتر)، جەستەی مرۆڤ ناتوانێت وەک ماددەی ئاسایی مەمەڵەیان لەگەڵدا بکات. هەرچەندە جەستەی مرۆڤ کۆمەڵێك سیستەمی بەرگری و فلتەری هەیە کە ڕێگری لە چوونە ناوەوەی تەنە نامۆکان دەکات، بەڵام تەنۆلکە نانۆییەکان بەهۆی بچووکییەکەیانەوە دەتوانن بەربەستی خوێنی-مێشك (Blood-Brain Barrier) ببڕن، ئەمەش مەترسیدارترین خاڵە؛ چوونکە مێشك پارێزراوە لە زۆربەی ژەهرەکان، بەڵام تەنۆلکە نانۆییەکان دەتوانن بچنە ناو خانەکانی مێشك و ببنە هۆی نەخۆشییە دەمارگیرەکان (وەک ئەلزەهایمەر و پارکینسۆن) لە کاتی درێژخایەندا. تەنۆلکە نانۆییەکان دەتوانن ڕاستەوخۆ بچنە ناو لوولەکانی خوێن و لەوێوە بۆ هەموو ئەندامەکانی جەستە گەشت بکەن. تەنۆلکە نانۆییەکان ڕووبەرێکی ڕووی ئێجگار گەورەیان هەیە بەراورد بە قەبارەکەیان، ئەمەش وایان لێ دەکات لە ڕووی کیمیاییەوە زۆر چالاك بن. بۆیە کاتێك دەچنە ناو خانەیەکەوە، دەبنە هۆی دروستبوونی “جۆری ئۆکسجینە چالاکەکان” ئەم ماددانە هێرش دەکەنە سەر پێکهاتەی خانە، پڕۆتینەکان دەشێوێنن و دەبنە هۆی هەوکردنی توند . هەروەها، هەندێك تەنۆلکەی نانۆیی (وەك نانۆتیوبی کاربۆن یان هەندێک ئۆکسیدی کانزایی) دەتوانن بچنە ناو ناوکەخانە. ئەمەش دەبێتە هۆی شکاندنی زنجیرەی DNA یان گۆڕینی کۆدەکان (Mutation)، ئەمەش لە حاڵەتی درێژخایەندا ئەگەری تووشبوون بە جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجە زیاد دەکات. لەلایەکی دیکەوە، ئەو کەسانەی لە تاقیگەکان یان کارگەکاندا کار دەکەن، زیاترین مەترسییان لەسەرە، چوونکە تەنۆلکەکان لە ڕێگەی هەناسەوە دەچنە ناو قووڵایی سییەکان (کیسە هەواییەکان). بەهۆی ئەوەی جەستە ناتوانێت فڕێیان بداتە دەرەوە، لەوێ کۆدەبنەوە و دەبنە هۆی ڕەقبوونی سییەکان (Fibrosis) و هەوکردنی درێژخایەن کە هاوشێوەی زیانەکانی “ئەسبێستۆس”ـە. کاتێك تەنۆلکە نانۆییەکان دەگەنە ناو خوێنیش دەبنە هۆی دروستبوونی کڵۆت (مەیینی خوێن). ئەمەش دەبێتە هۆی تەسکبوونەوەی خوێنهێنەرەکان و بەرزبوونەوەی فشاری خوێن، کە مەترسیی جەڵتەی دڵ زیاد دەکات. جگەر و گورچیلە فلتەری جەستەن، بەڵام زۆرجار ناتوانن تەنۆلکە نانۆییەکان شی بکەنەوە یان فڕێیان بدەن، بەمەش ئەم تەنۆڵکانە لە جگەر، سپڵ و گورچیلەدا نیشتەجێ دەبن (Bioaccumulation)، ئەم کۆبوونەوەیە بە تێپەڕینی کات دەبێتە هۆی سستبوونی ئەو ئەندامانە و تێکچوونی فەرمانە بایۆلۆژییەکانیان.
لێرەدا دەبێت ئاماژە بەم خاڵە گرنگەش بکەین کە هەموو تەنۆلکە نانۆییەکان بە هەمان پلە مەترسیدار نین؛ بەڵکو مەترسییەکە بەندە لەسەر قەبارە،  تا بچووکتر بن، مەترسیدارترن چونکە قووڵتر دەچنە ناو شانەکان، شێوە،  تەنۆلکە نووکتیژ و دەرزیئاساکان زیاتر شانەکان بریندار دەکەن. تەنۆلکە نانۆییەکانی کانزا قورسەکان (وەک قورقوشم یان کرۆم) ژەهراویترن.
بۆ کەمکردنەوەی ئەم کاریگەرییە نەرێنییانە، ئێمە هەمیشە جەخت لەسەر ”تەکنەلۆژیای نانۆی سەوز”  دەکەنەوە، کە تێیدا هەوڵ دەدرێت تەنۆلکەکان لە کەرەستەی سروشتی و بایۆلۆژی دروست بکرێن تا لە ناو جەستە و سروشتدا بە ئاسانی شی ببنەوە و کەمترین زیان بە خانە ساغەکان بگەیەنن.
چۆن هاووڵاتیان هۆشیار بکرێنەوە لە مەترسییەکانی مامەڵە کردن لەگەڵ تەکنەلۆژیای نانۆ؟
هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان لە مەترسییەکانی تەکنەلۆژیای نانۆ کارێکی هەستیارە؛ چونکە ئێمەمانان نابێت خەڵك “بترسێنین” لەم تەکنەلۆژیایە، بەڵکو دەبێت “فێربکرێن” چۆن بە ژیری مامەڵەی لەگەڵ بکەن. بەهۆی ئەوەی تەنۆلکە نانۆییەکان ئێستا لە زۆر بواردا هەن، وەك کرێمی دژەخۆر، بۆیە، دەرمان و، ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و هتد.
پێویستە هەمووان لە جیاوازی نێوان “تەنۆلکە نانۆییە جێگیرەکان” و “ئەنۆلکە نانۆییە ئازادەکان” ئاگاداربکرێنەوە. چوونکە نانۆی جێگیر وەك ئەوەی لەناو چیپی مۆبایلەکان یان شاشەی تەلەفزیۆنەکان دایە، هیچ مەترسییەکی بۆ تەندروستی مرۆڤ نییە چونکە تەنۆلکەکان بەستراونەتەوە.
مەترسییەکە لە مامەڵەکردن لەگەڵ نانۆی ئازاد (تۆز یان شلەمەنی)دایە. هاووڵاتیان دەبێت بزانن کە هەڵمژینی هەر جۆرە تۆزێکی ورد کە نیشانەی “Nano”ی لەسەر بێت، دەکرێت زیان بە سییەکان بگەیەنێت.
هاووڵاتیان دەبێت فێر بکرێن کە سەیری لیبڵی پێکهاتەکان بکەن، بۆ نموونە هەندێك کرێمی سپیکردنەوە یان دژەخۆر تەنۆلکەی نانۆیی “ئۆکسیدی زینك” یان “دیۆکسیدی تیتانیۆم”یان تێدایە. پێویستە ڕێنمایی بدرێت کە ئەم جۆرە ماددانە لەسەر برینی کراوە بەکار نەهێنرێن، چونکە نانۆ دەتوانێت ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی برینەکەوە بچێتە ناو خوێن.
لە لایەنی سۆشیاڵ‌میدیا و ئینفۆگرافیکیش، چونکە بابەتی زانستی نانۆ بابەتێکی قورسە، باشترین ڕێگە بۆ ڕوونکردنەوە “وێنە و کورتە ڤیدیۆیە”. دروستکردنی ئینفۆگرافیك کە بە زمانی سادە باس لەوە بکات نانۆ چییە و لە چ شتێکی ناو ماڵدا هەیە. هەروەها، بڵاوکردنەوەی پۆستەری هۆشیاری لە دەرمانخانەکان و ناوەندە تەندروستییەکان دەربارەی ئەو دەرمانانەی تەکنەلۆژیای نانۆیان تێدایە. پێویستە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنیش میوانداری پسپۆڕانی ئەم بوارە بکەن بۆ ئەوەی بە زمانی کوردییەکی سادە باسی سوود و زیانەکانی ئەم بوارە بکەن. هاووڵاتیان دەبێت بزانن کە ئامێرە ئەلیکترۆنییە کۆنەکان و پاترییەکان تەنها “خاشاك” نین، کاتێك ئەم ئامێرانە لە ژینگەی کراوەدا دەشکێن و دەمێننەوە، تەنۆلکە نانۆییەکان دەچنە ناو خاک و ئاو. بۆیە، دەبێت کلتووری “دووبارە بەکارهێنانەوە” (Recycling) پەرەی پێ بدرێت و هاووڵاتیان بزانن فڕێدانی بێسەروبەری ئەم کاڵایانە ژەهراویبوونی درێژخایەنی لێ دەکەوێتەوە.
لەلایەنی پەروەردەش باشترین شوێن بۆ هۆشیارکردنەوە قوتابخانەکانن بە جۆرێك دەبێت چەمکی تەکنەلۆژیای نانۆ و “سەلامەتی نانۆ” لە ناو کتێبەکانی زانست (فیزیا و کیمیا) بخوێندرێن. چوونکە کاتێك منداڵێك لە قوتابخانە فێری مەترسی و سوودەکان بێت، ئەو هۆشیارییە دەباتەوە بۆ ناو خێزانەکەشی. هەروەها، دەبێت وەزارەتی تەندروستی و کوالێتی کۆنترۆڵ ڕێگەی پشکنینی ئەو کاڵایانەیان هەبێت کە نانۆیان تێدایە. دەبێت ڕێنمایی بۆ کۆمپانیاکانی هاوردەکار هەبێت کە پابەند بن بە نووسینی ئاگاداری لەسەر ئەو بەرهەمانەی تەنۆلکەی نانۆییان تێدایە. بۆیە هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان دەبێت لەسەر بنەمای ”نا بۆ ترس” و “بەڵێ بۆ زانیاری”  بێت. چوونکە تەکنەلۆژیای نانۆ داهاتووی مرۆڤایەتییە، بەڵام تەنها ئەو کۆمەڵگایانە لێی سوودمەند دەبن کە دەزانن چۆن بە سەلامەتی مامەڵەی لەگەڵ بکەن.
ئەگەر قوتابی بیەوێت لەم بوارە کار بکات، دەبێت چی بخوێنێت؟
تەکنەلۆژیای نانۆ بە “زانستی تێکەڵاو” (Interdisciplinary Science) دادەنرێت، واتە تەنها پەیوەندی بە یەك بەش یان یەک بوار نییە، بەڵکو کۆکەرەوەی چەندین زانستی جیاوازە. ئەگەر قوتابییەك بیەوێت لەم بوارەدا ببێتە پسپۆڕ، دەبێت ئەم نەخشەڕێگەیە بگرێتە بەر:
١. قۆناغی بەکالۆریۆس: لە زۆربەی زانکۆکاندا (بە کوردستانیشەوە) بەشی سەربەخۆ بەناوی “بەکالۆریۆس لە نانۆ” زۆر کەمە. بۆیە باشترین ڕێگە ئەوەیە قوتابی لە یەکێك لەم بەشانەدا بەکالۆریۆس تەواو بکات:
بەشی فیزیا:  بەتایبەت ئەگەر جەخت بکاتە سەر فیزیای دۆخی ڕەقی و میکانیکی کوانتەم.
بەشی کیمیا:  بەتایبەت کیمیای فیزیایی و کیمیای ئەندامی.
بەشی بایۆلۆژی و بایۆتەکنەلۆژیا:  بۆ ئەوانەی دەیانەوێت لە پزیشکی-نانۆدا کار بکەن.
بەشەکانی ئەندازیاری: ئەندازیاری کیمیا، ئەندازیاری ماددەکان، یان ئەندازیاری کارەبا و ئەلیکترۆنیکس.
٢. لێهاتووییە پێویستەکان (لە کاتی خوێندندا): قوتابی تەنها بە کتێبەکانی زانکۆ نابێتە پسپۆڕی نانۆ، بەڵکو دەبێت ئەم سێ لایەنە پەرە پێ بدات:
زمانی ئینگلیزی: نانۆ زانستێکی نوێیە و ٩٩٪ی سەرچاوە و توێژینەوەکانی بە ئینگلیزین. بێ ئینگلیزی، قوتابی لە زانیارییە نوێیەکان دادەبڕێت.
فیزیای کوانتەم: چونکە ماددە لە ئاستی نانۆدا بەپێی یاساکانی کوانتەم ڕەفتار دەکات، تێگەیشتن لەم زانستە کلیلی سەرکەوتنە.
بەرنامەسازی و سیستەمی سیمولەیشن:  فێربوونی بەرنامەکانی وەك (MATLAB)، (Python)، یان (COMSOL) بۆ وێناکردن و تاقیکردنەوەی گریمانەیی تەنۆلکە نانۆییەکان زۆر گرنگە.
٣. قۆناغی خوێندنی باڵا (ماستەر و دکتۆرا): داهێنان و پسپۆڕیی ڕاستەقینە لە نانۆدا لەم قۆناغەدا دەست پێ دەکات. قوتابی دەبێت توێژینەوەی ماستەر یان دکتۆراکەی لەسەر یەکێك لە لقەکانی نانۆ بێت، وەك:
نانۆ-بایۆتەکنەلۆژیا بۆ بابەتی دەرمان و پزیشکی.
نانۆ-ئەلیکترۆنیکس بۆ بابەتەکانی چیپ و کۆمپیوتەر.
نانۆ-کیمیا بۆ کەتالیزەکان و ماددە نوێیەکان.
نانۆ-فیزیا بۆ نانۆ-ئۆپتیك و کوانتەم دۆت.
٤. ئەزموونی تاقیگەیی: قوتابی دەبێت هەوڵ بدات لەو زانکۆ و ناوەندانەدا بخوێنێت کە ئامێری پشکنینی نانۆیان هەیە وەك پێشتر باسمان کرد، بەشێك لە زانکۆکانی کوردستان دەرفەتی باشیان بۆ ئەم کارە ڕەخساندووە.
بەگشتی قوتابیان لە کوردستان، لەسەرجەم قۆناغەکانی خوێندن پێویستە بەدوای زانایان و پسپۆڕان بگەڕێن و هەوڵ بدەن پەیوەندی بەو گرووپە توێژینەوانەوە بکەن کە لە کوردستان چالاکن . باشترین ڕێگاش بۆ ئاشنا بوون بە ئەستێرەکانی نانۆ بەشداریکردنە لە  سیمینار و کۆنفرانس و وێرکشۆپەکان ئینجا چ لە ناوخۆی هەرێم بن یان لە سیمینارو کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان وەك ئەو سیمینارانەی لەسەر پلاتفۆرمی Zoom ڕێکدەخرێن بۆ ئەوەی ئاشنای نوێترین دۆزینەوەکان بن.
هەرەوها، قوتابیان دەتوانن لە ڕێگای خۆفێرکردنەوە (Self-Learning) لە سایتەکانی وەك Coursera و edX خولی تایبەت بە بنەماکانی تەکنەلۆژیای نانۆ ببینن. بەدڵنیاییەوە داهاتووی زانست لە دەستی ئەو کەسانەدایە کە لە “بچووکترین” شتەکان تێدەگەن تا “گەورەترین” گۆڕانکاری بکەن.
داهاتووی تەکنەلۆژیای نانۆ لە هەرێمی کوردستان چۆن دەبینن؟ چی بکرێت باشە بۆ ئەم بوارە؟
داهاتووی تەکنەلۆژیای نانۆ لە هەرێمی کوردستان وەك ”کانییەکی زێڕی شاراوە” وایە. ئەگەر بە ژیری مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، دەتوانین کوردستان لە وڵاتێکی تەنها “بەکاربەر” و ” پشتبەستوو بە نەوت “ەوە بگۆڕین بۆ وڵاتێکی ”خاوەن ئابووریی مەعریفی”.
پێم خۆشە دیدگایەك بۆ داهاتوو و کۆمەڵێك پێشنیاری کردەیی بۆ ئەم بوارە بخەمە ڕوو:
یەکەم: داهاتووی بواری تەکنەلۆژیای نانۆ
١.  پێشەنگایەتی لە “نانۆی سەوز” بەهۆی هەبوونی ڕووەکی جۆراوجۆر و ژینگەیەکی لەبار، کوردستان دەتوانێت ببێتە ناوەندێکی جیهانی بۆ بەرهەمهێنانی تەنۆلکە نانۆییەکانی کە بە دۆستی ژینگە ناسراون. ئەمە ناوبانگێکی زانستیی گەورە بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکات.
٢.  بەرزبوونەوەی ڕیزبەندی زانکۆکانی کوردستان لە ڕێگای  بەردەوامبوونی توێژینەوە لەم بوارەدا وادەکات زانکۆکانی کوردستان لە ڕیزبەندییە جیهانییەکاندا لە ڕیزی پێشەوە بن.
٣.  چارەسەری کێشە نیشتمانییەکان بۆ ئەوەی  لە داهاتوودا زانستی نانۆ ببێتە ڕێگایەك بۆ چارەسەری کێشەی پیسبوونی ئاوی ڕووبارەکان و بەرزکردنەوەی کوالێتی سووتەمەنی و کەرەستەی بیناسازی لە ناوخۆی هەرێم.
دووەم: چی بکرێت باشە؟ یان نەخشەڕێگەی سەرکەوتن چیە؟
بۆ ئەوەی تەکنەلۆژیای نانۆ لەنێو “کتێب و تاقیگە”وە بێتە دەروە و ببێتە “هێزی ئابووری”، پێویستە ئەم هەنگاوانە بنرێن:
١. دامەزراندنی تاقیگەی نیشتمانیی نانۆ حکومەت دەبێت تاقیگەیەکی ناوەندیی زەبەلاح دابمەزرێنێت کە هەموو ئامێرە گرانبەهاکانی تێدا بێت (وەك لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا، چوونکە ناکرێت هەموو زانکۆکان بەیەکەوە داوای دابینکردنی ئەم ئامێرانە بکەن بەڵکو دەبێت یەك سەنتەری بەهێز هەبێت کە خزمەتگوزاری بۆ هەموو توێژەرانی هەرێم بێ جیاوازی دابین بکات. توێژەرانیش دەبێت تەواوی ململانێیە نازانستییەکان وەلا بنێن و فۆکەسیان لەسەر داهێنان و خزمەت کردنی کوردستان بێت.
٢. درووست کردنی پردی پەیوەندی لە نێوان زانکۆکانی هەرێم و کارگەکان. حکومەت دەبێت کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت (کۆمپانیاکانی نەوت، بیناسازی، پاککەرەوەکان) ناچار بکات یان هانیان بدات کە بەشێك لە قازانجەکانیان بۆ توێژینەوەی زانستی تەرخان بکەن. بۆ نموونە، کۆمپانیایەکی بۆیە سپۆنسەری توێژینەوەیەك بکات بۆ دروستکردنی بۆیاخی “دژە شێ” بە نانۆ.
٣. دەبێت یاسایەکی توندوتۆڵ هەبێت بۆ پاراستنی مافی داهێنەران، بەشێوازێك کە مافی ئەو توێژەرانە بپارێزێت کە داهێنانیان هەیە. چوونکە، کاتێك توێژەرێك دەزانێت داهێنانەکەی دەبێتە مڵکی خۆی و دەتوانێت لەگەڵ کارگەیەك کاربکات، زیاتر هەوڵی داهێنان دەدات.
٤ . پێویستە هانی گەنجان بدرێت لە ڕێگەی پشتگیریی دارایی بۆ پڕۆژە بچووکەکان. بۆ نموونە، پڕۆژەیەك بۆ بەرهەمهێنانی فلتەری نانۆیی بۆ ماڵان، حکومەت قەرزی درێژخایەن یان شوێنیان بۆ دابین بکات.
٥. گۆڕانکاری لە پرۆگرام و سیستەمی خوێندن دەبێت زانستی نانۆ لە قۆناغی ناوەندی و ئامادەییەوە بە شێوەیەکی سادە و سەرنجڕاکێش بخرێتە ناو کتێبەکانەوە تاوەکو خەیاڵی زانستی لای نەوەی نوێ دروست ببێت.
٦. دروستکردنی ئەنجومەنی باڵای تەکنەلۆژیای نانۆ لەسەر ئاستی کوردستان، ئەنجومەنێك کە پسپۆڕانی ناوخۆ و دەرەوە کۆبکاتەوە تاوەکو پلانی ستراتیژی بۆ هەرێم دابنێن و ڕێگری بکەن لەوەی توێژینەوەکان بە هەڕەمەکی و بێ ئامانج ئەنجام بدرێن.
بۆیە، داهاتووی نانۆ لە کوردستان لە دەستی ژیرەکاندایە، بەڵام پێویستی بە ئیدارەدانێکی وردتر هەیە. ئەگەر بتوانین تەنها یەك بەرهەمی نانۆیی (بۆ نموونە پەینێکی کشتوکاڵیی نانۆیی) لە ناوخۆدا بەرهەم بهێنین، دەتوانین ساڵانە ملیۆنان دۆلار بۆ هەرێم بگەڕێنینەوە.