رۆژنامەی ھەولێر

هێشتا دڵنیایی نییە لەوەی ڕەشنووسی بودجە شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانی تێدا جێگر بکرێت

دوای چەندین سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، تا ئێستا دڵنیایی لە جێگیرکردنی شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراقدا نییە و هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بەردەوامن و تا ڕادەیەک یەکدەنگییەک لە نێو فراکسیۆنە کوردستانییەکان هەیە بۆ ئەوەی ڕێگە نەدرێت ڕەشنووسەکە بەمشێوەیەی زانراوە پەسەند بکرێت.

لە ڕەشنووسەکەدا، زەقترین بڕگەی پێشێلکراو ئەو بڕگەیەیە کە باسی لە پشکی هەرێمی کوردستان دەکات و دوازدە پۆینت شەست و حەوتی بۆ هەرێمی کوردستان دەستنیشان کردووە لە کاتێکدا بە گوێرەی دواین سەرژمێریی دانیشتووانی عێراق کە لە سالی ٢٠٢٤ ئەنجام دراوە و بڕیار بووە لە تەواوی پلان و ئامارەکان پشتی پێ ببەسترێت لەسەدا چواردە پۆینت چواردەی دانیشتووانی عێراق لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.
کەمکردنەوەی نزیکەی لەسەدا دووی پشک بە واتای کەمکردنەوەی ترلیۆنان دینار لە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دێت. بەدەر لەم خاڵە حکوومەتی عێراق بودجەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستانی ئەوەندە کەم کردووەتەوە تەنانەت لەسدا یەکی پێ بە ڕەوا نەزانیوە لە کاتێکدا ئەگەر نزیکەی ٤نجا ترلیۆن بۆ بودجەی وەبەرهێنان دانرابێت دەبێت لانی کەم حەوت ترلیۆن دیناری بەر هەرێمی کوردستان بکەوێ
پشکی هەرێمی کوردستان لە کۆی خەرجییە گشتییەکان تەنیا سێزدە ترلیۆن و سێسەد ملیار دینارە کە دەکاتە شەش پۆینت یەکی قەبارەی بودجە. قەبارەی ئەو بودجەیەش بۆ کەرتی وەبەرهێنان بۆ هەرێمی کوردستان داوا کراوە تەنانەت ناگاتە نیو ترلیۆن دینار.
لە پرسی هەناردەکردنی نەوت چوارسەد هەزار بەرمیل نەوتی بەسەر هەرێمی کوردستاندا سەپاندووە لە کاتێکدا پرسی هەناردەکردنی نەوت پەیوەندی بە عێراقەوە هەیە و ئەگەر هەر بڕێک لە توانای هەناردەی هەرێمی کوردستان کەم بکات پەیوندی بەو کێشە و لەمپەرانە هەیە کە بەغدا دروستی کردووە و هەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەکی لەگەڵ ئەوەدا نییە چ بڕە نەوتێک هەناردە بکرێت.
بەپێی زانیارییەکان، ڕەشنووسەکە ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی فیدراڵ کراوە و لەوێ دوا گۆڕانکارییەکانی تێدا دەکرێت و دواتر ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق دەکرێت بۆ پەسەند کردنی، لە لێدوانێکیشدا، عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، ئاماژەی بەوە دا، کە رەشنووسی بودجە تەواو کراوە و رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کراوە.