رۆژنامەی ھەولێر

پەتای وەرزی ڤایرۆسێكی چاوەڕوانكراو لە وەرزی سەرما و ڕێنماییەكانی پزیشكێكی پسپۆڕ بۆ خۆپاراستن

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

 

لەگەڵ كۆتاییهاتنی گەرمای هاوین و دەستپێكردنی وەرزی پایز و هەنگاونان بەرەو وەرزی سەرما، نەخۆشییە وەرزییەكان و بەتایبەت “پەتای باو” جارێكی تر ڕوو لە زیادبوون دەكەنەوە و دەبنە جێی نیگەرانیی هاووڵاتییان. لەم چوارچێوەیەدا، پزیشكێكی پسپۆڕ هۆشیاری دەدات لەبارەی قۆناغەكانی نەخۆشییەكە و ڕێگە دروستەكانی مامەڵەكردن لەگەڵیدا.

د. هێمن نوری حەسەن، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی قوڕگ و لووت و گوێ، ڕوونی دەکاتەوە کە ئەم پەتایە لە سەرەتای پایز و وەرزی زستاندا بە شێوەیەکی بەربڵاو سەر هەڵدەدات و هۆكاری سەرەكییەكەی تووشبوونە بە ڤایرۆس. ناوبراو ئاماژە بەوە دەكات كە نەخۆشییەكە بە سێ قۆناغی سەرەكیدا تێپەڕ دەبێت:
• قۆناغی سەرەتا: بە هەستەوەری و وشکبوونی ناو لووت دەست پێدەکات، هاوكات تووشبوو تووشی لەرز، تایەکی کەم، بێهێزی گشتی و نەمانی ئارەزووی خواردن دەبێت.
• قۆناغی ناوەندی: لەم قۆناغەدا دەردراوی ڕوون لە لووت دێت، هەستی بۆنکردن لاواز دەبێت یان نامێنێت، ناو لووت دەئاوسێت، چاوەکان تووشی فرمێسکڕشتن دەبن، هاوکات بێهێزی، ئازار و پلەی گەرمیی لەش بەرزتر دەبێتەوە.
• قۆناغی کۆتایی (دەردراوی خەست): دەردراوی لووت دەگۆڕێت بۆ ماددەیەکی خەست و سەوزباو کە هەندێک جار بۆنی ناخۆش دەبێت؛ ئەمەش بەهۆی تووشبوونە بە هەوکردنی بەکتریایی هاوکات، لە کاتێکدا لەم قۆناغەدا ئازار و بێهێزیی گشتی بەرەو کەمبوونەوە دەچێت.
سەبارەت بە چارەسەری پەتاکە، د. هێمن جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەهۆی ڤایرۆسیبوونی نەخۆشییەکەوە چارەسەرێکی یەکلاکەرەوە نییە تا ئەو کاتەی سووڕی ژیانی ڤایرۆسەکە تەواو دەبێت، بەڵام چەند ڕێكارێك ڕۆڵی گرنگیان لە کەمکردنەوەی ناڕەحەتییەکاندا هەیە:
• پشوودان: دوورکەوتنەوە لە ماندووبوون و خۆهیلاکنەکردن، یارمەتیدەری سەرەکییە بۆ کەمکردنەوەی ناڕەحەتییەکان.
• شلەمەنی: خواردنەوەی ئاوی شلەتێن، شیر و شلەمەنییە گەرمەکان بە بەردەوامی.
• هێورکردنەوەی نیشانەکان: بەکارهێنانی دەرمانی ئازارشکێن و دابەزێنەری تا، لەگەڵ دەرمانی دژەهەستیاری بۆ کۆنترۆڵکردنی پژمین، کۆکە و دەردراوی لووت.
• هۆشیاری لە دەرمانی ژینکوژەک (ئەنتی بایۆتیک): بەکارهێنانی ئەم دەرمانە پێویستی بە وریاییە و بە کەمی پێویست دەبێت، تەنها لەو حاڵەتانەدا نەبێت کە هەوکردنی بەکتریایی بەسەر هەوکردنە ڤایرۆسییەکەدا زاڵ دەبێت و پزیشك بڕیاری لێ دەدات.
لە کۆتاییدا، ئەو پسپۆڕە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم پەتایە بە شێوەیەکی خێرا لە ڕێگەی پژمین، کۆکین و پرژەی دەمەوە دەگوازرێتەوە. بۆ خۆپارێزی لە تووشبوون و بڵاوبوونەوەی، پێویستە دەسڕی کاغەزی لە کاتی پژمین و سڕینەوەی لووتدا بەکار بهێنرێت، لە کاتی پژمیندا ڕوو لە دەوروبەر نەکرێت و، تا دەکرێت هاووڵاتییان خۆیان لە شوێنی قەرەباڵغ و داخراو بەدوور بگرن.