رۆژنامەی ھەولێر

زەنگێکی مەترسیدار پێش تووشبوونی یەکجاری

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

 

پشکنینی پێشوەختە و پێوانەکردنی بەردەوامی ڕێژەی شەکری خوێن، سەرەکیترین هەنگاوی خۆپارێزییە بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشیی شەکرە بەر لە تەشەنەسەندنی. زۆرجار پشکنینەکان دۆخێکی شاراوە ئاشکرا دەکەن کە بە “بەرشەکرە” ناسراوە؛ قۆناغێک کە پێشگیری لێنەکرێت، مرۆڤ ڕووبەڕووی شەکرەی هەمیشەیی و ئاڵۆزییە تەندروستییەکانی دەکاتەوە.

د. شاگوڵ کەمال عەزیز، پزیشکی پسپۆڕی هەناوی، دڵ، شەکرە و ئیکۆی دڵ، لەبارەی گرنگیی ئەم بابەتەوە هۆشداری دەدات و ڕایدەگەیەنێت: «پێوانەکردنی ڕێژەی شەکری خوێن تەنیا بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشیی شەکرە نییە، بەڵکو لەو ڕێگەیەوە دەتوانرێت دۆخی بەرشەکرە (پێش‌شەکرە)ش دەستنیشان بکرێت. ئەمەش ئەو قۆناغەیە کە تێیدا ڕێژەی شەکرە لە ئاستی ئاسایی بەرزترە، بەڵام نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە بە نەخۆشیی شەکرەی تەواو هەژمار بکرێت.»
د. شاگوڵ کەمال تیشک دەخاتە سەر مەترسییەکانی ئەو دۆخە و ئاماژە بەوە دەکات، هەندێک جار بەرشەکرە هاوشێوەی نەخۆشیی شەکرە کاریگەری و ماکی نەرێنی لەسەر تەندروستیی کەسەکە بەجێدەهێڵێت و ئەگەر چارەسەر نەکرێت، لە ماوەی چەند ساڵێکدا دەگۆڕێت بۆ نەخۆشیی شەکرەی تەواو.

نیشانە و پێوەرەکانی دەستنیشانکردنی بەرشەکرە:
پشکنینی بەرشەکرە کاتێک پشتڕاست دەبێتەوە کە کەسەکە یەکێک لەم پێوەرانەی خوارەوەی تێدا دەربکەوێت:
• شەکری کەڵەکەکراو (پشکنینی شەکری ٣مانگە – HbA1c): ڕێژەکەی لە نێوان ٥.٧٪ بۆ ٦.٥٪ بێت.
• شەکری خوێن بە برسیەتی: بەیانیان پێش نانخواردن، یان پاش ٨ کاتژمێر لە نەخواردنی هیچ خواردنێک، ڕێژەی شەکر لە خوێندا لەنێوان ١٠٠ بۆ ١٢٥ بێت.
• شەکری دواى نانخواردن: دوو کاتژمێر یان زیاتر دواى نانخواردن، ئەگەر ڕێژەی شەکر لەنێوان ١٤٠ بۆ ١٩٩ بێت.
ڕێکارەکانی پێشگیری و چارەسەرکردن:
د. شاگوڵ کەمال جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەکرێت بە پەیڕەوکردنی شێوازێکی ژیانی تەندروست، بەرشەکرە کۆنترۆڵ بکرێت و نەگۆڕێت بۆ شەکرەی تەواو، لە ڕێگەی:
1. دابەزاندنی کێش: کەمکردنەوەی لایەنی کەم ٧٪ـی کێشی لەش.
2. سیستەمی خۆراکی تەندروست: کەمکردنەوەی بڕی خۆراک لە ژەمەکاندا، بڕینی شیرینییەکان و دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی شەکرە دەستکردەکان.
3. چالاکیی جەستەیی ڕۆژانە: ئەنجامدانی ٣٠ خولەک وەرزشی ڕۆژانە وەکو ڕاکردن، ڕۆیشتنی خێرا یان مەلەوانی.
4. وازهێنان لە جگەرەکێشان: دوورکەوتنەوە لە هەموو جۆرەکانی کێشانی تووتن.
5. خەوی خۆش و ڕێک و بێوەی: ڕێکخستنی کاتەکانی خەو و پشوودانی پێویست.
6. چارەسەری دەرمانی: بەکارهێنانی حەبی مێتفۆرمین (Metformin) لەژێر ڕێنمایی و چاودێریی پزیشکی پسپۆڕدا.